ماچ و دانس

 

بیرم دێت بەر لە ھاتنی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ عیراق، لەنێو پارکی ئازادی سلێمانی پەیکەرێک ھەبوو بەناوی (ماچ)، رۆژێک ئەو پەیکەرە سوتێنرا، ئەو کارە قێزەونە بەتوندی ئیدانەکرا و نیگەرانی بەدوای خۆیدا ھێنا. ئەوکاتە بۆ ئیدانەکردنی ئەو رەفتارە شەرم ھێنە، رۆژنامەنووسی بێسەروشوێن (کامەران نەجم) خۆی و ھاوژینەکەی چوونە شوێنی پەیکەرەکە و باوەشیان بەیکداکرد و لەبەرچاوی میدیاکان ماچێکی یەکتریان کرد. ئیتر دووای ئەو ماچە ناڕەزاییە پێچەوانەکان دەستیان پێکرد و ماوەیەکی باش سوکایەتی نەما بەو دوو ھاوسەرە رۆژنامەوانە نەکرێت.
ھەرچەندە زیاتر لە ھەشت ساڵ بەسەر رووداوی «ماچ»ەکەی کامەران نەجمدا تێپەڕیوە بەڵام رووداوەکانی دوو رۆژی رابردوو بیری خستمەوە کە ئێمە تۆزقاڵێك گۆڕانکاریمان بەسەردانایەت و بگرە زیاتر گەڕاوینەتە دواوە و رۆژ بەڕۆژیش بەرەو دواوە ئەڕۆین.
دوو رۆژ لەمەوبەر لە شاری ھەولێر کچێک ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە لەسەر شەقامێکی گشتی قوڕئانێک کۆ ئەکاتەوە کە فڕێدراوە. ئەو ڤیدیۆیەی کچەکەش بۆ جێی مشتومڕی زۆر و کەناڵەکانی راگەیاندن و سۆسیال میدیای بەخۆیەوە سەرقاڵکرد و بەشێک دەستخۆشی و پیاھەڵدان بوو و بەشێکیش بە سیناریۆی پێش ھەڵبژاردنیان ئەزانی.
ئێوارەی رۆژی ھەینی لەماڵەوە دانیشتبووم و ڤیدیۆی ئەو کچ و کوڕە مەکسیکیە بڵاو کرایەوە کە لەشەقامی سالم و لەبەردەم جان کافێ سەما ئەکەن، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سۆسیال میدیای کوردی تەنرا بە ڤیدیۆ و وێنەی ئەو کوڕ و کچە و وەک خاوەنی جان کافێ وتی ئەوانەی لەوێ بوون چەپڵەیان بۆ لێ ئەدان و لە سۆسیال میدیاش ھێرشی توندیان ئەکردە سەر جان کافێ و کوڕ و کچە بیانیەکە.
ئەوەی سەیر بوو بەشێک لە میدیا کوردییەکان بوون بە تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکانیشەوە (ئەوانەی تۆزقاڵێک گوێ بەداب و نەریتەکانی کۆمەڵگا نادەن)کە بێ ڕەحمانە و دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانی و بەھا مرۆییەکان پەیتا پەیتا ھەوڵی وروژاندنی کۆمەڵگایان ئەدا و بە کردەوەیەکی قێزەون و دوور لە ئادابی کۆمەڵایەتی وێنایان ئەکرد.
لەوەش سەیرتر لێدوانە یەک بەدوای یەکەکانی ھەندێک پەرلەمانتار بوو کە مرۆڤ توشی سەرسوڕمان ئەبوو ئاخۆ ئەو بەڕێزانە ئیمام و خەتیبی مزگەوتن یان پەرلەمانتاری حزبێکی عەلمانی!، ئەوان لێدوانەکانیان ھێندە نابەرپرسانە و ھاندان بوو بۆ توندوتیژی، کە کار گەیشتەئەوەی ھەڕەشە لە خاوەنی جان کافێ بکرێت و ناچاری بکەن روونکردنەوەیەک بڵاو بکاتەوە.
تائێرە کورتەباسێکی ئەو رووداوانە بوو کە رووداوی بچوک و زۆر ئاسایین بەڵام بەمەبەستی سیاسی و وروژاندنی رای شەقام کاریان لەسەر کرا و سەدان ھێندە لەقەبارەی خۆیان گەورەتر کران لەکاتێکدا رووداوگەلێک ھەن لە حاڵەت دەرچوون و بوون بە قێزەونترین دیاردە کە خەریکە ئابڕوی کوردیش لەکەدار ئەکەن وەک دیاردەی ژن کوژی و رەشەکوژی بەڵام نیو ھێندەی ئەو رووداوە بچوکانە قسەی لەبارەوە ناکرێت لانی کەم بۆ بەرگریکردن لە ئابڕوی نەتەوەکەمان.
کاتێک کامەران نەجم ماچی ھاوژینەکەی کرد ھەزاران جنێوی بۆ چوو، کاتێک کچەکەی ھەولێر لاپەڕەکانی قوڕئانی کۆ کردەوە ھەزاران ھەواڵی لەبارەوە بڵاو کرایەوە، کە کچ و کوڕە مەکسیکیەکەش سەمایانکرد نەک سوکایەتی بەخۆیانکرا بەڵکو سوکایەتی زۆریش بەم شارە کرا و تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەوەی پێویستە بپرسین بەڕاست مەرجە ئەبێ لەسەر ھەموو رووداوێکی گەورە و بچووک قسەمان ھەبێت؟ میدیا ئەرکی گواستنەوەی زانیارییەکانە یان ھاندان و نانەوەی پشێوی؟ بەڕاست مەرجە پەرلەمانتار لەسەر ھەموو شتێک قسە بکات و رای ھەبێت؟ بەڕاست ئێمە چ میللەتێکین و لەچ کەونێکەوە ھاتووین کە ھەموومان پسپۆڕین لە ھەموە شتێک.

*چیا ھاوار

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا