وێنە و لۆگۆی مـام دامەنێن!

سێ‌ ساڵە لەسەرەتای مانگی ئۆكتۆبەردا تۆڕە كۆمەڵاتیەكان لەلایەن هەوادارانیەوە لێوانلێو دەكرێن بە وێنە و لۆگۆی رەوانشاد (مام جەلال)، ئەو كاریزما مێژوویەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە گومانم نیە هیچ دایكێك رۆڵەیەكی دیكەی وەها ناخاتەوە، بەڵام ئەفسوس دوای سێ‌ ساڵ هیچ سەركردە و هاوخەباتێكی رێبازەكەیمان نەبینی ستایلی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و دبلۆماسی رەوانشاد لە خۆیاندا پراكتیزە بكەن.

لەكاتێكدا رێبازی ئەم شاسوارە مێژووییە پڕە لە حیكمەت و دانایی، لە داهێنان و نوێبوونەوە، لە ئازادی و دادپەروەری، لە هەستانەوە لەدوای گلان، لە خۆشەویستی و پێكەوە ژیان…هتد.

مام جەلال
توڕە دەبوو بەڵام رق لە دڵ نەبوو، رەخنەی دەگرت بەڵام لە رەخنەش نەدەترسا، نوكتەی دەكرد بەڵام بە نوكتە لەسەر خۆی دڵشاد دەبوو، وتاری دەدا بەڵام پۆپۆڵستی نەبوو، زۆری دەخوێندەوە بەڵام كەمی دەنوسی، گوێی بۆ هەموو كەس و چین و توێژێك دەگرت وەلێ‌ ڤیتۆی لەسەر هیچ هەڤاڵێك دانەدەنا، كۆنگرە و كۆنفرانسی دەكرد بەڵام لەبەرامبەر تەكەتول و دەستەگەری دەوەستایەوە، باسی دیموكراسی دەكرد هاوكات لەناخی خۆیدا بە تەواوەتی باوەڕی پێبوو، پشتگیری ژنان و خوێندكاران و لاوانی دەكرد وەلێ‌ هەوڵی هێنانە پێشەوەیانی دەدا، داكۆكی كاری رۆشنبیر و خاوەن قەڵەم وخەڵكی ئەكادیمی بوو هاوكات زەمینەشی بۆ فەراهەم دەكردن، دڵسۆزی كەسوكاری شەهیدان و زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین بوو وەلێ‌ لەگەڵیشیاندا راستگۆ و بەئەمەك بوو، هەڤاڵ و هاوخەباتی خۆی خۆش دەویستن ئەگەر نەیارییشی بووبن باسی لە هەڵویست و چاكەكانیان دەكرد، خۆی بە خاوەنی هەمووان دەزانی هاوكات بەفعلی هی هەمووان بوو، لە خەستەخانەی ئوردن بیری لای وشكەساڵی و ژیانی جوتیارانی هەرێم بوو وەكچۆن لە نەتەوە یەكگرتووەكان بیری لای زمانی كوردی و خەباتی نەپساوەی گەلەكەی بوو، مام لە هەڵەبجە كەسوكاری عومەری خاوەر بوو لە سلیمانی پێشڕەوی رۆشنبیران بوو لە هەولێر قەڵای هۆلاكۆ بەزێن بوو لە دهۆك پردی دەلالی یەكڕیزی و لە كەركوكیش بڵێسەی بابەگوڕگوڕبوو.

ئەمانە و هەزاران وشەی دیكە پەند و دانایی زیاتر لە نیو سەدە خەباتی رەوانشاد (مام جەلال)بوو، بۆیە واز لە شتی روكەش بێنن و ساڵانە لەبری دانانی لۆگۆ و وێنەكەی تەنها یەك لەو حیكمەتانە لە خۆتان و حیزبەكەی پراكتیزە بكەن هەتا ئێمەش لێتان دڵنیابین كە بە فعلی شوێنكەوتەی رێبازەكەی مامن.

سـوپا سەلام

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا