ئەنوەر تەیار.. ئەو كەسەی گەڕایەوەو نەهاتەوە

لە تاوانی ئەنفالدا هەزاران چیرۆكی ئازار بەخش هەن كە رەنگە مرۆڤ لە بەردەمیاندا سەراسیمە بێت ، چیرۆكی ئەنوەر تەیار لە چیرۆكی كەس ناچێت ، ئەو لە ئەنفالدا دەست دوژمن كەوت ، وەك چۆن چەندین كەسی تر توانیان هەڵبێن و بگەڕێنەوە نیشتمان ، ئەویش گەڕایەوە ، گەیشتەوە دەشت و دەری گەرمەسێرو دواتر ون بوو ، وون كرا ، دوای چەند ساڵێك لە راپەڕینیش كەس و كارەكەی رۆژێك دایانە ئەو كەژو كێوەدا گوایە ئەنوەر تەیار بینراوەو لەو دەشت و دەرە دەژێت ،بەڵام كەژگەڕی و كێو ماڵی كەس و كار هیچ بەرهەمێكی نەبوو .

من یەك دوو جاری تر بە كورتی باسی هاتنەوەو ون بوونی ئەوم كردووە ، لێ‌ هێشتا ئەو چیرۆكە نیوە چڵە ، چیرۆكێك كە لە حەكایەتی كەسی تر ناچێت ، ئەو لە قوڵایی وڵاتی عەرەبانەوە دەگاتەوە زێدی خۆی ، لەو دەشت و دەرە بە دوای هاوڕێ‌ و هاوسەنگەرەكانیدا دەگەڕێت ، لە یەك دوو شوێن دەبینرێ‌ و قسەشی لە گەڵ دەكەن ،كەچی لە ناو تەم و مژی ئەنفالدا بۆ هەتا هەتا ون دەبێت ، نەخۆی نەتەرمی نەهیچ شوێنەوارێكی لە دوا جێنامێنێ‌ ، جگە لە چیرۆكی گەڕانەوەی دووەمی یەك دوو ساڵی دوای راپەڕین گوایە ئەنوەر ماوەو لە چیای سەڵباتوو” سەڵباتوو شاخێكە لە سنوری قادركەرەم و سەنگاو ” بینراوە .

ئەنوەر بەس حەسرەتی كەس و كارەكەی نیە ، ئەو حەسرەتی نیشتمانێكە كە خائینەكان لە بەری دەخۆن و نیشتمانپەروەرەكانی دەبنە قوربانی ، ئەم چیرۆكە هەر بەوە كۆتای نایەت كە ئەنوەر هاتەوەو نەهاتەوە ، ئەم چیرۆكە لەو شوێنەدا كۆتای دێت كە ئەنوەر گۆڕو شوێنێكی هەبێت ، ئەگەر ئەوانی تر لە بیابان كراونەتە ژێر گڵەوە ، ئەنوەر لە نیشتمان ون بووە ، نیشتمانێك كە هەموومان گۆرانیمان بۆ دەگوت و ئەو باوەشی بە بەعسی و جاش و خائینەكاندا دەكرد ، نیشتمانێك جێی ئەنوەرو زۆری تری تیانابێتەوە و رۆژ بە رۆژ پەیوەندیەكانی لە تەك خەمخۆرە راستیەكانیدا دەبسێت و چەتەكان دەبنە خاوەنی .

چیرۆكی تەواو نەكراوی ئەنوەر لە چوار چێوەی كورد كردەنی ئەنفالدایە ، كورد كردەنی بەو مانایە نا كە جاش و موستەشارەكان ئەوەیان كردبێت ، كورد كردەنی بەو مانایەی چەنیدن ئەڵقەی شاراوە لە مێژوی ئێمەدا هەیە كە دەنگە دەست بۆ بردنیان ئازارەكە زیاتر بكات .

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا