دانپیانان لە ژوورە تاریكەكاندا

ئەم بابەتە 34 جار بینراوە

حكومەتی ھەرێم لە زاری نوێنەرەكەیەوە باس لەوەدەكات ڕۆژنامەنووسێكی ڕفێنراو لەناو ماڵ و منداڵی خۆیدا و بێسەروشوێنكراو لە ماوەی ڕبروودا ”دانی بەوەدا ناوە“ كە ”یارمەتی دارایی دەرەكیی“ وەرگرتوە بۆئەوەی لەڕێگای نووسین و قسەكردنەوە پشێوی لە ھەرێمدا بنێتەوە، حكومەتی ھەرێم ناشیرین بكات و قسەی نەشیاو بە بەرپرسان بڵێت، لە ئەنجامیشدا ئاسایشی ھەرێمەكە بخاتە مەترسییەوە.

بۆ كەسێك كەمەكێك شارەزای شێوازی حوكمڕانیی ھەندێك لە سیستمە سیاسییە ھەرە ناشیرینەكانی سەدی بیست بێت مۆدێلی ئەم جۆرە شانۆگەرییە گەمژانەیە بە ئاسانی دەناسێتەوە. كەس ھێندەی ڕژێمەكەی ستالین لە دروستكردنی شانۆگەریی ساختەی ”دانپیانان“دا شارەزانەبوو، بەجۆرێك ئەنجامدانی ئەم شێوازە لە شانۆگەریی دانپیانان، یەكێكە لە تەكنیكە سەرەكییەكانی دیاردەی ستالینزیم لە سەدەی بیستەمدا، بەعسییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەدام حوسەینیش شتێكیان لە ڕژێمەكەی ستالین گەڕابووەوە، وەك ستالین، سەدام حوسەینیش ھاوڕێكانی دەگرت و بەر لە كوشتنیان ناچاری دانپیانانی ساختەی دەكردن، ئینجا بە ڤیدیۆی دانپیانانە ساختەكانی بەناو ڕیزەكانی حیزبەكەیدا بڵاودەكردەوە.. زۆرێك لە ڕژێمە ستەمگەرەكانی تری دنیا بەم مەھزەلەی ”دانپیانان“ەدا تێپەڕیون و ئەم نمایشە ھەرزانە بەشێكبووە لە تەكنیكی ترساندن و بێدەنگكردنی كۆمەڵگا.

ئەوەی مایەی پێكەنین و بەزەییە لەم شانۆگەرییە ناشیرین و گەمژەییانەی حكومەتی ھەرێمدا ئەوەیە تێكدانی ئاسایشی ھەرێمەكە بە قسەی ڕۆژنامەنووسێكەوە گرێئەدات، لە دۆخێكدا ٩٥ لە سەدی دەزگا میدییایە جۆربەجۆرەكان، تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و كەناڵە ساتالایتەكان و ڕۆژنامەكان و سایتەكانی سەر ئینتەرنێت، موڵكی پارتە سیاسییەكان و لەناو پارتەكانیشدا موڵكی كەسە پارەدار و دەسەڵاتدارەكانی ناو ئەو پارتانەن. ئەم میدیایە ڕۆژانە درۆ و پڕوپاگەندەی ڕێكخراو بۆ ئەو كەسانە و پارت و ھاوپەیمنەكانیان دەكەن. كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی ھەرەزۆری كەناڵە میدیاییەكان یەكێكە لە ئاكارە سەرەكییەكانی حوكمڕانیەكەی ھەرێم. ژمارەی دەنگە میدیاییە سەربەخۆكان بە پەنجەی دەستێك دەژمێردرێن، لەبەرامبەر ئەو لەشكرە گەورەیە لە ڕۆژنامەكار و دەزگای میدیایی ئاراستەكراودا.

لە ھەمووی بێماناتر تۆمەتباركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەیە بەوەی كە وێنەی حكومەتی ھەرێم و بەرپرسەكان ناشیرین دەكات، وەك ئەوەی حكومەتی ھەرێم و بەرپرسەكانی فریشتەبن و ھەموو دونیا سوێدن بەسەری ئەوان بخوات. ڕاپۆرت و ئۆرگانە نێودەوڵتیەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی چاودێریكردنی گەندەڵیی و ڕێكخراوەكانی بەرگریكردن لە ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنەمگەریی، ھەر ھەموویان حكومەتی ھەرێم وەك یەكێك لە ڕژێمە ناشیرینەكانی دونیا نیشانئەدەن.

شێروان شێروانی سەرچاوەی دروستبوونی ناڕەزاییەكانی خەڵكی كوردستان نییە تا ئەو خۆپیشاندانەكانیان بەلاڕێدا ببات، ئەو سەرچاوەی پشتكردنی خەڵكی كوردستان لە پارتە سیاسییەكان و لە حكومەتی ھەرێم نییە. بەرپرسانی كوردستان خۆیان و حكومەتەكەیان سەرچاوەی ئەو ھەموو ناڕەزایەتیی و تووڕەبوونەن كە ساڵ لە دوای ساڵە لە كوردستاندا كەڵەكەدەبێت، بەجۆرێك پردێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان كۆمەڵگا و ئەو دەسەڵاتدارانەدا نەماوەتەوە.
ئەم بەرپرسانە دەڵێی لەو وڵاتەدا ناژین كە حوكمڕانیی دەكەن. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیكەی ٧٠ لە سەدی خەڵكی كوردستان بایكۆتی ھەڵبژاردن و یارییە پڕ تەزویرەكەی ھەڵبژاردنی ھەرێمیان كرد. ئەم بەرپرسانە و حكومەتەكەیان، بە تایبەتی دوو ھێزە حوكمڕانكەی كوردستان، لە باشترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی ٢٠ لە سەدی خەڵكی ئەم وڵاتە دەكەن و ٨٠ لە سەدەكەی تری وەك دز و جەردە و تاوانبار سەیریان دەكەن.
بە كورتییەكەی، بڵاوكرنەوەی گومانلێكراوی دانپیانانی ناو ژورە تاریەكەكان، دەركەوتێكی تری ناشیرینبوونی سەرتاسەریی ئەم حوكمڕانییە سوڵتانییەیە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک