بەڕێز کاک مەسرور بارزانی..

بەڕێز کاک مەسرور بارزانی..

ببورە کە بەناوی خۆت نەک سەرۆکی حکومەت ئەم پەیامەت ئاراستە دەکەم. (یەکلایی کردنەوەی ناوەکەتان بەندە بە وەڵام دانەوە و نەدانەوەی پەیامەکەم)

بەڕێزم زۆر پێش ئەوەی من لە دایکبم، باوکم لەلایەن رژێمی سەددامەوە دەگیرێ و لە ئەنجامی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆردا کەمئەندام دەبێ. باوکم دەڵێ: بەعسیەکان هاتن برا گەورەکەم بگرن، چونکە شۆڕشگێڕبوو، بەڵام ئەو دەربازبوو. بۆیە منیان لە باتی ئەو گرت و داوای زانیاریان لەبارەی خۆی و هاوڕێکانی لێدەکردم، من هیچم نەدرکاند، بەڵام بەو دەردەیان بردم و ئەنجام کەمئەندام بووم.

دیارە ئەو کات مامم لەگەڵ هەزاران گەنجی تر دروشمی روخاندنی ڕژێمی بەغدا و وەدەستهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستانیان بەرزکردبوەوە و ڕژێمیش لەبەرامبەر ئەو خەباتە دەستی نەگریسی لە هیچ نیشتیمانپەروەرێک نەپاراستوە. لەو ڕۆژەی من ئەو چیڕۆکانەم دەبیستن پرسیارێک لە مێشکمدا دەخولایەوە:

ئایا چۆن دەکرێ کەسێک لەباتی کەسێکی تر بگیرێ و ئازار و ئەشکەنجە بدرێ؟

ئەو پرسیارەم لە هەر کەسێک کردبێ وەڵامەکەی ئەوە بووە، کە بەعس لە هەموو کوردێک لە بیانوو بوو، بەهەموو شێوەیەک دژایەتی کوردی دەکرد، نەخوازەلە ئازادیخوازەکان. ئەوە کورتەی چیڕۆکی باوکم بوو.

هەرچەندە من لە دوای ڕاپەڕین و لە ژێر سایەی ئاڵای کوردستان دایک بووم و زانکۆم تەواو کرد، کەچی بەداخەوە لە سایەی ئەو حکومەتەی کە بەخوێنی شەهیدان و خەباتی مامەکانم و قوربانیدانی هەزارانی وەک باوکم دامەزراوە، لە ساڵی 2023 نەک لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو (لەگەڵ جیاوازی) بەهەمان دەردی باوکم دەچمەوە!

من زانکۆم تەواو کردوە و هەلی کارم بۆ خۆم دۆزیوەتەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان گلەیی دانەمەزراند و نەدۆزینەوەی هەلی کارم لە حکومەت نەکردوە، کەچی مخابن دەزگایەکی ئەو حکومەتە (ئاسایش) لە جیاتی پاراستنی ئاسایشی خەڵکی و سەقامگیری و بەبیانوی ئەوەی کە من ئەندامی حزبێکی دیاریکراو نیم، ناڕەوا لەسەر کارەکەم دەرکرام!

بەڕێزم من لە شاری هەولێر و لە کۆمپانیایەکی ئەهلی کارم دەکرد و بەڕێوەبەرەکەشی متمانەی زۆری پێم هەبوو، کەچی لە ئاسایش بانگکرام و زۆر بەڕاشکاوی پێم ڕاگەیندرا لەبەر ئەوەی من برازای ئەو شۆڕشگێڕەم کە باوکم لەسەری گیرابوو لە ئەنجامیشدا کەمئەندام بوو بوو لە کارەکەم دەرکرام!

بەڵێ بنەماڵەکەمان لایەنگری یەکێتین و شانازیش بەخەبات و ڕابردووی کەسوکارەکەمەوە دەکەم. حەز دەکەم بزانن من ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەندامی هیچ حزبێک نەبوومە بەیەکێتیشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارتی نیم دەرکرام!

ئایا بە چ یاسایەک ئاسایش ڕێگەی کارکردنم لێدەگرێ و کەی ڕەوایە بەگومانی لایەنگریی سیاسی لایەنێک و لایەن نەگری لایەنێکی دی لە کار دەربکرێم؟!

بەڕێزم: ئێستا من لە دووڕیانێکدام ئایا وەکو هەموو تێکۆشەرانی کوردستانی سەردەمی سەددام حسین دروشمی ڕوخاندنی ئەو حکومەتە بەرزکەمەوە کە بەخوێنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بەدی هاتووە یان بێدەنگ دانیشم و چاو لەو پێشلکردنە زەقەی مافێکی یاسایی و سروشتی خۆم بپۆشم؟

لە کۆتاییدا چاوەڕوانی ئەوەم نامەی دووەم ئاراستەی سەرۆکی حکومەت بکەم .

لەگەڵ ڕێزمدا…

هاوڵاتی

سروشت ئەحمەد عبداللە

کوری کەمئەندامێکی زیندانەکانی بەعس

25_3_2023 هەولێر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا