بیرەوەری، لەبری مێژوو!

رەخنەی سەرەکی لە فەلسەفەی مێژوو، ئەوەیە تەنها رووداوەکان بە شێوەیەکی ئەبستراکت و لە وێنەیەکی گەورەدا تۆمار دەکات. هەندێکجاریش رەخنە لە مێژوو ئەوەیە، کە دەسەڵات دەینوسێتەوە. دەسەڵاتێک کە لەسەردەمێکی دواتردا دەبێتە دەسەڵات، کە مەرج نیە لە چرکە ساتی رووداوەکاندا ئەو دەسەڵات بووبێت یان توانای هەبووبێت. لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا بیرکردنەوە لە نووسینەوەی مێژووی تاکەکەس، خۆی وەک جێگرەوەی زانستی مێژوو وێنا دەکات و ئارگۆمێنتی ئەوە پێشکەش دەکات، کە رووداوە بچکۆلەکان دێنێتە گۆ، کە توانیوویانە ببنە فاکتەری روودانی رووداوە گەوەرەکان.

جگە لەمەش ئەگەر لە زانستی مێژوودا ژیانی حەقیقیی تاک لەناو چیرۆک و رووداوەکاندا نائامادەیە، ئەوا لەم جۆرەی تری مێژوونووسینەوەدا بەپێچەوانەوەیە و ژیانی تاکەکانی تیادا دەنووسرێتەوە ، هەڵبەتە بەمەش دەگوترێت (بیرەوەری). بیرەوەریش دوو جۆرن، جۆرێکیان یاداشتی رۆژانەن، کە دەنووسرێن و سەردەمانێک دواتر کۆدەکرێنەوە و سەرلەنوێ دەنوسرێنەوە، جۆرێکی تریشیان ئەوەیە یاداشت نەکراوە و سەردەمانێک دواتر بەناوی بیرەوەرییەوە دەنووسرێنەوە.

لەراستیدا بۆ تێگەیشتنی تەواوەتیی چیرۆک و رووداوەکان، هەردوو جۆرەکە (زانستی مێژوو، بیرەوەری) گرنگن و زیاتر دەتوانن هاوکاربن بۆ تێگەیشتن و شیکارکردن، بەڵام وەک چۆن رەخنە لە زانستی مێژوو هەیە ئاواش رەخنە لە بیرەوەری هەیە.

رەخنەی هەرە جدی و زانستی لە روانگەی دەروونناسیەوەیە و بەپێی تێگەیشتنی تێۆریی شیکاری دەروونیی کەسایەتی، مرۆڤ هەر کات بەر رووداوێک دەکەوێت هەرگیز وەک رووداوەکە خۆی بەر رووداوەکە ناکەوێت، بەڵکو لە روانگەی گەشەی کۆمەڵایەتیی کەسێتی (هزری، هەستەکی، پێگەیشتوویی) بەر رووداوەکە دەکەوێت، واتا لە روانگەی خۆیەوە رووداوەکە دەبینێت و لە دەرەنجامی پرۆسێسە دەروونی و دەمارییەکانی مێشکی خۆیەوە رووداوەکە لەناو یادەوەرییدا تۆمار دەکات. دەروونشیکاریی کەسێتی ئەم دۆخە وا دەبینێت، کە ئەوەی مێشک لە خانەکانی کۆکردنەوەی زانیاریدا تۆماری دەکات، خودی رووداوەکەیە، بەڵام لەناو بۆتەی هەڵوێستێکی ویژدانیی تاکەکەسیدا لەبارەی رووداوەکەوە. ئەمەش ئەو دۆخەیە کە لایەنگیری و هەڵوێستی پێوە تۆمار دەبێت. ئاشکرایە بەپێی سەلماندنەکانی دەروونناسی وەک چۆن پەنجەمۆر و بیلبیلەی چاوی هیچ دوو کەسێک لەیەک ناچن، ئاوهاش هیچ دوو مرۆڤێک کەسێتییان وەک یەک نابێت، چونکە فاکتەرەکانی دروستبوونی کەسێتی لێکجودان. بۆیە تۆماری رووداوەکانیش بەجۆری جیاواز لە دەروون و یادەوەریدا دەچەسپن.

هاوتای ئەم دۆخەش لەبەرئەوەی لایەنی دەماریی مێشک دۆخێکی هەیە، کە خانەکانی تۆماری یادەوەری، بەپێی تێپەڕینی کات تووشی پوکانەوە دەبن، بۆیە گرفتی بیرچوونەوە روودەدەن. مێشک پرۆسێسی تایبەت بەخۆی، بۆ ئەم دۆخە، هەیە ئەویش پێچانی رووداو و زانیارییەکانە لەیەکتر و لە هەڵوێستی تری کەڵەکەبوو، کەدواتر و دوای تێپەڕینی کات ئەم رووداوانە بیردێنەوە، کە خودی رووداوەکە نیە، هێندەی هەڵوێستی ویژدانییە لەبارەی رووداوەکەوە.

هەر بەپێی دەروونشیکاریی کەسێتی تاک، وەک چۆن لە چرکەساتی رووداوەکەدا تاک وەک خۆی رووداوەکان نابینێت، چونکە دەروون پێشخانی هەیە، ئاوهاش لە دوای تێپەڕینی کات بەپێی (هەڵوێست، بەرژەوەندی، بیرچوونەوە، وردە گۆڕانەکانی کەسێتی، گۆڕانی بیروباوەڕ) کاریگەریی لەسەر گێڕانەوە دادەنێن و ئەمەش پاشخانی کەسێتییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی رووداوێک.

بۆیە بەپێی دەروونناسی (بیرەوەری و یادگاری و گێڕانەوە)، ناتوانن ببنە جێگرەوەی زانستی مێژوو. بەڵام پێکەوە هاوکات لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا بێ دەستکاری و شاردنەوە و رتووشکردن، دەتوانن تێگەیشتنی تەواوەتی بخوڵقێنن، بەتایبەت بۆئەوەی توێژەرانی مێژوویی بتوانن شیکاریان بکەن.

یەکێک لە گرێ دەروونییەکانی دەستەبژێری کورد، بۆ تێگەیشتن لەمێژووی خۆی و گەلەکەی، کەمی و بەردەست نەبوونی سەرچاوەکانە لەسەر مێژووی کورد، لە مێژووی دێرین تا مێژووی هاوچەرخ. دەکرێت هەر ئەم گرێ دەروونییە بەجۆرێک ببێتەوە بە پاڵنەر بۆ کارکردن لەم کایەیەدا و هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی مێژوو. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین هەڵوێستەیەک لەمەڕ دیاردەی نووسیینەوەی بیرەوەری و هێنانەوە بەر باسی مێژووی نزیک و هاوچەرخ بەتایبەت لای کارەکتەرە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانی کورد، بکەین.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندین کتێب و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی و بەرنامەی دۆکیومێنتاری لە میدیا و هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانی سۆشیالمیدیادا ئامادە و بڵاوکراونەتەوە و بەردەوام بڵاو دەبنەوە و خەریکە دەبێتە شەپۆلێک و سەرجەم تۆڕەکانی میدیا جەماوەرییەکان دەتەنێت و لەبەر گەرم و گوڕی باس و خواسەکانیش دەبنە رۆژەف و خوان. هەڵسەنگاندن بە باشە یان خراپەی ئەم دیاردەیە، رەنگە ئەرکی ئەم نووسینە نەبێت، بەڵکو دەکرێت شیکاری و خستنەڕووی هەندێک دۆخ بهێنینە بەر باس، کە دیاردەکە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت:

یەکەم:
هەموو کەس مافی گێڕانەوەی هەیە، بەڵام ئایا هەموو کەس دەتوانێت لەگێڕانەوەدا راستگۆ بێت؟!
لەبەرئەوەی زۆرینەی ئەو بڵاوکراوانەی لەم ماوەیەدا بەخش دەبن، سیاسین و زۆرینەیان لەبارەی مێژووی هاوچەرخی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش لەبارەی بزوتنەوە شۆڕشگڕییەکانی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلولن و بەتایبەتتریش لەسەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، گەر بەچاوێکی ورد تەماشای ناوەڕۆکی نووسینەکان و کۆی گشتی پرۆسەی بەیانکردنەکە بکەین، بەم دەرەنجامانە دەگەین:
– داماڵینی بزوتنەوەکەیە لە بیری شۆڕشگێڕی و وێناکردنیەتی وەک بزوتنەوەیەکی چەکداری بێ ئایدۆلۆژیا و بێ پرەنسیپ، کە دۆخی سایکۆلۆژی و تەنانەت (دۆخی سایکۆپاتی کارەکتەرەکانی بەڕێوەبەری بزوتنەوەکە) بردوویەتی بەڕێوە، هەروەها وێناکردنی وەک دەستەیەک مرۆڤی شاخاویی قین لە دڵ، کە جگە لەوەی خەریکی خۆخۆری و شەڕی یەکتر لەناوبردنن خەریکی هیچی تر نەبوون.
– ئەگەر لە شوێنێکیش باسی فیکر و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕی کرابێت، زیاتر تەرکیز لەسەر نووسینە نهێنی و بەیاننامە و هەڵوێستنامەکانە، کە لەسەر یەکتر نووسراون و بڵاوکراونەتەوە.
– گێڕانەوەکان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئێستایی بەرهەمهاتوون، پێوەری دونیای ئێستای دوای شۆڕش بەکاردەبرێت بۆ پێوانەکانی سەردەمی شۆڕش و خودی بزووتنەوەکە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش زیاتر هەڵسەنگاندنە، نەک گێڕانەوە، خوێندنەوەیە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە ،نەک بینینی رووداوەکان وەک خۆی.
– چڕکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر ئایکۆنە باڵاکانی بزووتنەوەکان و وێناکردنی یەکتر وەک خواوەندی شەڕ و دیوی تاریک.
– شەهیدەکان قوربانین و دەکرا خۆیان بۆ ئەمانە بەکوشت نەدایە.

دووەم:
کردارەکان، بەر لە رووداوەکان گوفتاربوون، گوفتارەکانیش سەرەتا بیرکردنەوە بوون، بیرکردنەوەش دروستدەکرێت!
ئەم دۆخەی لە ئێستادا میدیا جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستانی تەنیوە، دۆخێکی تەندروست نییە، هێندەی پەرچەکرداری نێگەتیڤ بە ئاراستەی دژە شۆڕش و هێندەی تر کاڵکردنەوەی ئینیما بەرهەمدەهێنێت، بەڵکو دۆخێکی سایکۆلۆژی و بیرکردنەوەی لای جەماوەر بەرهەمهێناوە، کە ئەم دۆخە ناهەموارەی حوکمداری لە کوردستان و ئەو ناعەدالەتییەی هەیە هەر بەرهەمی ئەو بەناو شۆڕشەیە! ئەمەش پەشیمانی و نیگەرانیی لای شۆڕشگێڕە راستەقینەکان دروستکردووە و بۆ گەنجانیش هەست و بیرکردنەوە لەوەی (بەعس باشتر بوو لەمان!)ی بەرهەمهێناوە. ئەم ئاماژە سەرەتاییانە بەرەو کوێمان دەبەن:
– گەنجانی خوار تەمەن (٣٥) ساڵ زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پێی ئامارە فەرمییەکان وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم پێک دەهێنن بە نزیکەیی (٦٠%)ی دانیشتوان، ئەم تەمەنەش کەسیان دۆخی ژیانی بەر لە راپەڕینیان بە شێوەی هۆشیاریی تیادا ژیان، بیرنایەت. بۆیە تەنها لە رێی گێڕانەوە و دەرەنجامگیری، رابردوو دەخەمڵێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەوەی میدیا بەرهەمی دەهێنێت ئاسانتر دەبێتە بیرکردنەوە و لە ئێستادا بووە و ئەسڵەن بوونەتە گوفتار و پێشبینییەکانیش بۆ بوونیان بە کردار جۆراو جۆرن.
– ئەم دۆخەی دروستکراوە بەتێگەیشتنی ورد لێی ئامانجدارە و یەک رەوت و بزوتنەوەی بەئامانج گرتووە، ئەوەش ئاشکرایە کە یەکێتیی نیشتمانییە، ئەگەر یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت یەکێتی هەر لە بوونیادەوە لەسەر بنەمای جیاوازی دروستبووە و دەستەبژێری ناو یەکێتی خەڵکێکی رامنەکراون و بەردەوام لە وێستگە جیاوازەکاندا راو رەخنەی خۆیان هێناوەتە سەر زار و نووسین، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا لە ئارادایە، ئێستا و رابردوو و داهاتووی بزووتنەوەکە دەسوتێنێت. خۆویستانەبێت یان خۆنەویستانە، وێنای یەکێتیی نیشتمانی لە بزوتنەوەیەکی نیشتمانی و خاکپارێزەوە دەگۆڕێت بۆ رەوتێکی چەکداریی خاوەن ململانێی نێوخۆیی و یەکتر قڕکەری بێ بیرکردنەوە..
– بیرکردنەوەی باوی بەرهەمهاتوو (ئەمانەی ئێستا بەرهەمی ئەو رابردووەن، جاران ئاوایان کردووە، ئەی ئەگەر لە داهاتووشدا هەبن چیترمان بەسەر دێت، بۆیە پێویستە بە هەر نرخێک بووە رابماڵرێن!!) . زۆرینەی ئەوانەی بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن گەنجانن، گەنجانیش بیرکردنەوەکانیان بە سەدان رێگا بۆ دروستکراوە!

سێیەم:
مێژوو، بیرەوەری، بەڵگەنامەکان، دەبێت ببنە کەرەستەی توێژینەوەی زانستی، بۆ بەرهەمهێنانەوەی بیر و سوود لێوەرگرتنەوە. ئەگەر لە رابردوو هەڵەیەکی ستراتیژی کراوە، بکرێتە وانەیەک بۆ ئەوەی دووبارە نەکرێتەوە. نەک ئەوەی ئێستا هەیە، بە هەموو لایەک خەریکی دادگایی مێژووی خەباتن و لە ئێستاشدا هەمان هەڵەکانی مێژوو بە خراپتریشەوە دووبارە دەکەنەوە! بە تێگەیشتنی زانستی دەروونشیکاری، بیرەوەییەکان نابنە سەرچاوەی سەرەکیی نووسینەوەی مێژوو، هەرواش ناکرێت لەسەر ئەو نووسینانە وێنای ژیانی رابردووی خەباتی گەلێک بکرێت و رووناکی بیری تێکۆشان لە هزری گەنجاندا بکوژێنرێتەوە. لەم سۆنگەیەوە هەق وایە تێکۆشەرانی دێرین، بەچاوێکی وردتر و دونیابینییەکی فراوانترەوە، ئەم رەوشە لەبەرچاو بگرن. چیتر خۆیان و بزووتنەوەکەیان و خەباتی گەلێکی ستەمدیدە نەخەنە ژێر پرسیارەوە و داهاتووی خۆیان و گەلەکەشیان بە نائومێدی نەسپێرن!

هەوراز محەمەد/ توێژەری کۆمەڵایەتی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا