ئیتر ئێران شەرقیە

ستراتیژی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پرەنسیپی “نەشەرقی نە غەربی جمهوری ئیسلامی” دامەزرا، بەڵام لەسەردەمی جیهانگیریدا هیچ وڵاتێك ناتوانی تاسەر لەسەر ئەو پرەنسپانە بمێنیتەوە كە سەردەمانێك هێڵی سوربوە بۆ رێبەرە دامەزرێنەرەكانی، پێدەچێت ئیتر ئێران بەتەواوەتی دەستی لەغەرب‌و بەتایبەتی لەئەمریكا شۆردبێتەوە، بۆیە لەمەولا لەمیدیاكانی ئێرانەوە ئەو دروشمە بەو تۆخیەی جاران نابیستینەوە.

بەپێی ھەندێ سەرچاوە حكومەتەكەی رۆحانی رێكەوتنامەیەكی 25 ساڵەی لەگەڵ وڵاتی «چین»دا كردوە بۆ پەرەپێدانی نەوت‌و گازیی ئێران، گوژمەی ئەم رێكەوتنە 280 ملیار دۆلارە، هەروەها چین 120 ملیار دۆلاریش بۆ پێشخستنی ژێرخانی گواستنەوەو گەیاندن خەرجدەكات، لەبەرامبەردا ئێران نەوت‌و گازو پترۆكیمایی دەدا بە چین بە نرخی كەمتر لە 30 لەسەدی نرخی بازاڕ.

جگە لەوەش چین پارەكەی بە”یوان”ی چینی دەدات نەك دۆلار، ئەوە جگەلەوەی دوولەسەر سێی پارەكە بەكاش‌و یەك لەسەر سێی بەشێوەی كاڵای چینی دەبێت.

گەرچی ھێشتا بەتەواوەتی وردەكاری ئەم ڕێكەوتننامەیە ئاشكرانەكراوە، بەڵام بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاگاداری بیانی‌و ئێرانی كە زانیارییەكانیان دزە پێكردوە، چینیەكان 5 هەزار لەهێزە چەكدارەكانیان دەهێننە ناو ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان.

خاڵێكی دیكەی ڕێكەوتنامەكە ئەوەیە كۆمپانیا چینییەكان مافی ئەوەیان هەیە پێش ھەموو كۆمپانیا جیھانییەكان پرۆژە ستراتیژەكانی ئێران جێبەجێبكەن‌و هیچ ڕێكەوتنێك ناكرێت گەر ئەوان لەسەری رازینەبن، ئەوە جگەلەوەی دورگەی «كیش»ی گەشتیاری بۆ ماوەی 25 ساڵ دەدرێت بەچیینیەكان.

ئەم ڕێكەوتنە كە لەسەروبەندی سەرقاڵبونی ئەمریكاو دونیا بەڤایرۆسی كۆرۆناوە پەردەی لەسەر هەڵماڵرا، جگەلەوەی هەنگاوێكە بۆ مانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئازاردانی ئەمریكاشە لەو شوێنەی كە دێشێت.

هەروەها رچە شكێنیشە بۆ سەركردەی هەندێ وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كە بەدەست كێشەی ئابوری‌و سیاسی جەنگەوە گیریانخواردوەو ئەمریكای كۆنە دۆستیشیان بەخەم ساردیەوە تەماشایان دەكات.

مەجید ساڵح

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا