لە نزیکی گەنجەكان دابنیشن!

حسێن علی شەریف

زۆرینەی كورد كە ئەڕۆینە گەشتوگوزار و سەفرە، هەمیشە بەدوای ئەو جێگایانەدا ئەگەڕێین كە دووربین لە گەنجەكان!

بوونی چەند گەنجێك لە جێگایەكدا ئەبێتە گرفتی گەورە بۆ زۆرینەی ئەو خێزانانەی كە كچ و ژنیان لەگەڵدایە!

هۆكاری ئەم دیاردەش تەنها و تەنها ئەوەیە كە پیاوە ژندارەكان بیرلەوەئەكەنەوە كە یەكێك لەو گەنجانە سەیری ژنەكانیان یان كچەكانیان بكەن!

سێ ساڵ لەمەوبەر لە كاتی گەڕانەوەمدا بۆ كوردستان بەنیازی گەشت، سەردانی ناوچەیەكی قەرەداغمان كرد.

هەموو جێگاكان لەلایەن خێزانەكانەوە گیرابوون، بەڵام ئەوەی لامسەیربوو جێگایەكی تەختی خۆش كە چەند گەنجێك لە دوری چەند مەترێكەوە لەسەر بەرزاییەكەی دانیشتبوون بەتەواوەتی چۆڵبوو!

من ئەو جێگام لە نزیكی گەنجەكان هەڵبژارد، ئێمە تەنها سێ پیاوبووین، بەڵام نزیكی دە ژن و كچمان لەگەڵبوو.

گەنجەكان كە ئێمەیان بینی هەندێك كاردانەوەی ئاساییان نواند، دەنگ بەرزكردنەوە، گۆرانی گووتن، چەند شتێكی سادەی گەنجانە.

دوای تۆزێك سێ لە ژن و كچەكانی خۆمانم برد و ڕۆشتین بۆ لایان و سەڵاومان لێكردن، دەستمان كرد بە قسەكردن لەگەڵیان و خوڵكی نانخواردنیشمان لێكردن.

ئیتر ئەم گەنجانە بەشێوەیەك هەڵسوكەوتیان گۆڕا كە جگە لە شەرم و ڕێز هیچ شتێكی تریان نیشان نەداین!

ئەو گەنجانەی كە هەتا دووربوین لێیان سەیریان ئەكردین، بەڵام كە نزیك بوینەوە لێیان لە كاتی قسەكردنیشدا سەریان بەرز نەئەكردەوە!

من هیچم نەكرد تەنها دوو شتی سادە نەبێت:

یەكەم:ئەو مەودایەی كە لەنێوانی جیگاكەی ئێمە و ئەواندا هەبوو لە پەنجا مەترەوە كرد بە پێنج مەتر! .

دووهەم: هەر لە سەرەتاشەوە لەوەش نەترسام كە خەڵكی سەیری كچ و ژنەكانمان بكەن!

گوناهترین چینی ئەم كۆمەڵگا چینی گەنجەكانن، كوڕیان داماو، كچیان داماوتر.

گەورەكانی ئەم میلەتە وەك ئەوەی خۆیان ڕۆژێك ژیانی گەنجیان تێپەڕ نەكردبێت هەمیشە كێشەیان لەگەڵ هەڵسوكەوتی گەنجی ئەم سەردەمەدا هەیە، لەكاتێكدا هەڵسوكەوتی گەنجی ئەمڕٶ بەراورد بە گەنجی جاران زۆر جوانتر و باشتر بوە!

گەنج لەم زەمەنەدا هیچی نیە، نە موچەی بندیواری هەیە، نە سەیارەی پێیە نەئیشی هەیە ، كەچی ئەوەشی پێ رەوانابینن
كە لەسەفرەیەكدا وەك مرۆڤ دابنیشێت و گۆرانیەك بڵێت یان دەنگی گۆرانیەك بەرز بكاتەوە!

بۆچی لەوە ئەترسن كە سەیری كچ و ژنەكانتان بكرێت، بۆ مەگەر ئێوەی گەورەكان خۆتان هەمیشە بە خراپترین شێوە سەیر ناكەن؟

خۆ ئەگەر لەسەیركردنی كچ و ژنەكەت ئەترسیت ئەوە دوركەوتنەوە لە گەنجەكان زامنی ئەوەت بۆ ناكات، بەڵكو نزیكبونەوە و دروستكردنی پەیوەندیەكی مرۆڤانە و هاووڵاتیانە ئەوەت بۆ دەستەبەر ئەكات.

ئەگەر لە سەیركردنی گەنجەكان ئەترسیت ئەوە دیواری بەرزی حەوشەكەت و پەردەی قایمی ژورەكانت لەوە ناتپارێزن، بەڵكو روخاندنی ئەو دیوارەی كە لە نێوان خۆت و كچەكەتدا هەیە، دڕاندنی ئەو پەردە ڕەشەی كە لەنێوان خۆت و ژنەكەتدا هەیە، ئەوەت بۆ مسۆگەر ئەكات!

چی ماوە لە گەنجی ئەم وڵاتەی زەوت نەكەن، ئەمە زیندانێكە نەك وڵاتێك، كوڕەكان لە حەوشەی زیندانەكەدا ژیان ئەكەن و كچەكان لە ژورە ئینفیرادیەكەیدا كات بەسەرئەبەن، كەواتە چیترتان ئەوێت لێیان؟

كێ هەرزە و بێڕەوشتە، گەنج یان ئەو پیاوە سواغدراوەی كە لە كاتی بینینی هەر ژنێكدا وەك ئەوەی گەڕی تێیدابێت ئەكەوێتە خوراندنی ناوگەڵی، یان ئەو گەنجەی كە پەیوەندیەكی سۆزداری لەگەڵ كچێكی لەخۆی داماوتردا هەبێت؟

كێ هەرزە و بێڕەوشتە، ئەو سایەق پاسە بەتەمەنەی كە شەش ئاوێنەی بە جامی پێشەوەی پاسەكەیەوە هەڵواسیوە بۆ سەیری ژنان، یان ئەو گەنجەی كە لە تاو ئەو هەموو نادادپەروەریەی كە گەورەكان دروستیان كردوە نێرگەلەیەك ئەكێشێت، یان جار جار خۆی مەست ئەكات یان لە بێ پارەییدا لەبری سەیارەیەك ماتۆڕێك ئەكڕێت؟

هۆكاری ئەم هەموو گەندەڵیە و نادادپەروەریە و نا یاساییە كە لە وڵاتدا هەیە، گەورەكانن نەك گەنجەكان!

باشترین ڕیگا بۆ ئەوەی گەنجەكان ڕێزت بگرن ئەوەیە كە تۆش بەو چاوە پڕ لە كینەوە سەیریان نەكەیت، خۆشەویستیان بدەرێ و لە خەمەكانیان تێبگە.

نزیكی بیست و پێنج ساڵە لەم غەریبیەدا ئەژیم هەتا ئێستا نەمبیست و نەمدی گەورەیەك سكاڵا لە هەڵسوكەوتی گەنجێك بكات، لە كاتی بینینی هەر حاڵەتێكیشدا كە گەنج پێیهەستێت، هەمیشە گەورەكان ئەڵێن:

ئیتر گەنجە و بەمشێوەیە!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا