قەیران و كورد بونەتە دووانەیەكی لێك ئاڵۆسكاو، نە بێ قەیران دەبین، نە قەیرانیش بێ كورد دەبێت، جا وەرە ساڵەكەش ساڵی هەڵبژاردن بێت!.
مێژووی كورد و كوردستان هەرگیز بە سەریەكەوە دەیەیەك یاخود دوو دەیە ئیسراحەت و ئۆقرەیی بەخۆیەوە نەبینیوە، جا كێشەكە سیاسی بێت یاخود شەڕ و پێكدادان، نەبونی بێت یان ئابڵوقەی داسەپاو.
ناچینە قوڵایی مێژووەكەوە، بەڵكو لەم سەردەمە دەدوێین، كە هەم تێیدا دەژین، هەم قەیران لە دوای قەیران بەرۆكی گرتوین، میللەتیش باجی یەكەم و كۆتایی دەدات.
لە سەردەمی كۆرۆنا و گۆڕانی زمانی حوكمڕانیی لە بەغدا بەرانبەر بە كوردستان، رەوشەكە نالەبار بوە، تێكەڵەیەكی خراپی پەیوەندیی سیاسی و بوغز، هەڵە و كاردانەوە، بەغیلی و بوغرابون سەرلەبەری دۆخەكەی تێكداوە، ئەوەی وەبەرهێناوە كە ئێستا لەبەرچاوانە.
كورد دەستە دەستە و جیا بە جیا، دەچنە بەغدا و لەوێش نوێنەرگەلێك هەن، هەم حزبی و هەم وەك خۆیان دەڵێن؛ سەربەخۆ، لێرەش میللەت چاوەڕێیە، كێ مژدەیەكی پێیە!، بەڵام پێناچێت وا زوو دەرئەنجامیان هەبێت.
میللەتی كورد ئەگەرچی زۆرینەیان ناڕازین، وەلێ لە دڵی خۆیاندا زۆربەی توڕەییەكەیان هەڵگرتوە، جار بە جار لێرە و لەوێ دەریدەبڕن و لە خۆپیشانداندا ئەوەی لە هەناویاندا قەتیسبوە، دەیڕێژن، بەڵام هەر میللەتێكی هۆشیارە، فریو نادرێت، بە سەبر و تەحەممولە، چونكە دەیەوێت ئەوەی لەنێو زەلكاوی عیراقدا بەدەستهاتوە، لە دەستنەچێت.
كەواتە ئەو میللەتە مادام ئەو هەموو سیفەتە بەرزەی هەیە، بۆچی زوو پاداشت ناكرێت؟ رەنگە بپرسن كێ بیكات؟ ئەسڵەن كێ هەیە بیكات؟ منیش دەپرسم: بە راست كەس نییە شان بداتە بەری بۆئەوەی فریای میللەت بكەوێت؟.
لە ماوەی رابردودا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دوو ئەندامی گەنجی سەركردایەتی یەكێتی باسی رەوشی خراپ و نالەباری خەڵكمان كرد، خۆیشیان بەدەرنین لە خەڵك و لەناو هاووڵاتیانەوە هاتون و دەردەسەریی زۆریان بینیوە. پرسیارم لێكردن: بە راست یەكێتی چاوەڕێی چییە؟ كەی بەهێزترین و كۆتا مەسج دەنێرێت بۆ راستكردنەوەی باری لاری هەرێمی كوردستان؟ بە كوردی و بە كورتی یەكێتی بۆچی خۆی دەكاتە قوربانی؟ كە هەمیشە لەگەڵ پێكهاتن و گەیشتنە ئەنجامە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی. بۆ خۆی دەكاتە قوربانی، كە نە سودی هەیە بۆی، نە سودیشی دەبێت بۆ ئایندە.
بۆیە “گەڕانەوە بۆ میللەت” دەبێت دروشمی 2021 بێت، ناكرێت وەك ساڵی رابردو تێپەڕێت، ئەمساڵیش ساڵی هەڵبژاردن دەبێت، جا زوو بێت یان درەنگ.
ئەرێ بە راست بیرتان لەوە كردوەتەوە: دروشمی هەڵبژاردنتان چی دەبێت؟! چی بە میللەت دەڵێن؟!.
هاوكار قادر