هەرێم و سیناریۆی مەترسیدار!

هەندێك سیناریۆ لە ئارادان، كە بە نیسبەت هەرێمی كورستانەوە، سیناریۆی مەترسیدارن، سیناریۆكان داڕێژراون و كاریشیان لەسەر كراوە، تەنها هاتنە خەتی ئەمەریكا و ئەوروپا ، بەر بەو سیناریۆیانە دەگرن.

دۆخی ئێستای هەرێم، ڕێك لە دۆخی ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆم دەچێت، هاوشێوەی ئەوكات، گەلەكۆمەیەكی عێراقی- ئیقلیمی لە ئارادایە، هاوشێوەی ئەوكاتیش، هێزەكانی هەرێم پەرتەوازە و دابەشبوون، زەمینە لە بارە بۆ سەرگرتنی هەموو جوڵەیەك دژی هەرێم و بەبچوكترین جوڵە، هەرێم دابەش دەبێت.

گەمەكەری سەرەكی ئەمجارەی یاریەكە توركیایە، دەیەوێت بە دوو ڕێككەوتنی جیا لەگەڵ پارتی و عێراق، دۆخەكە ئاڵۆز بكات و بە لای بەرژەوەندی خویدا دابشكێنێت، بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەك جەنەراڵی ڕاوێژكار سەردانی بەغدایان كردووە.

هاوكات لەگەڵ هاتنی جەنەراڵەكاندا، جوڵەی نائاسایی هێز هەیە، هەم لای عێراق و هەم لای پارتیشەوە، جوڵەكان بۆنی ڕوودانی زنجیرەیەك ڕووداو و ئاڵۆزیان لێ دێت.

گەر سیناریۆكان تێك نەچن، چونكە لە ڕۆژهەڵاتدا، هەموو شت بە لەحزەیەو زوو زوو هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەردا دێ، توركیا هەوڵی ئاڵۆزكردنی دۆخی شەنگال دەدا، بە هێرشی ئاسمانی، بەپێی سیناریۆكە، هێزەكانی ڕۆژ بەرەو ئەو ناوچانە دەكشێن، هەم بۆ بڕینی نێوان قەندیل و ڕۆژاوا، هەم بۆ دەستگەیشتن بە بۆریە نەوتیەكانی دێركیش كە ئێستا لە ژێر هەیمەنەی یەپەگەیە.

ئەوە خواستی توركیایە، هەم لە قاڵبدانی پەكەكە، هەم بردنی ئەو هێزانە بۆ سنور، هەمیش لەدەست دەرهێنانی ئەو بۆریە نەوتیانەو راكێشانی هەموو لایەنەكان بو بەشداری كردن لەگەلەكۆمەكەیدا.

پرسیار دێتە پێشەوە، بۆ هێزی ڕۆژ؟ هێزی ڕۆژ هەم هێزێكی تایبەتە بە كوردانی سوریا، هەم هێزێكی نەیاری پەكەكە و یەپەگەشە، بەكارهێنانی ئەو هێزە ئاسانە لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخەكەو دەبرێتە قاڵبی شەڕی نێوخۆیی كوردەوە.

ئەی پارتی چی قازانج دەكات؟ پارتی لەڕووی جوگرافیەوە هاوسنورە لەگەڵ توركیادا، هەمیشە پێویستی بە پشتیوانی ئابوری و سیاسی ئەو وڵاتە هەیە و هەبووە، ئەم حیزبە یەكلا بووەتەوە كە مل بۆ عێراق نادات، بۆ مل نەدانیش، بۆ ناردنی نەوت، بۆ هەموو جۆرە پشتگیریەك، توركیای پێویستە، ئەمە جگە لەوەی پێیوایە، ڕوودانی ئەو سیناریۆیانە، پەكەكە لە شەنگال دوور دەخاتەوە و لە فشارەكان ی ئەو هێزە قوتاری دەبێت.

تموحی ئەوەشی هەیە، لە حاڵەتی ڕوودانی ئاڵۆزیدا، دەرفەتێك بێتە پێشەوە، هەندێك لە بیرە نەوتیەكانی ئەو ناوچانە بە دەست بێنێتەوەو چیتر منەتی بە عێراق نەبێت.

ئەی عێراق بۆ هاتووەتە ناو هاوكێشەكەوە؟ توركیا لەبەرانبەر پەلكێش كردنیدا بۆ ئەم شەڕە كۆمەڵێك بەڵێنی پێداوە، یەكەم: لەقاڵبدانی هەرێم و لاواز كردنی، كازمیش پێویستی بەمەیە، چونكە بەرامبەر حەشد هیچی پێنەكرا و بو هەڵبژاردن دەستكەوتی نیە، دەیەوی هاوشێوەی عەبادی، لە قاڵبدانی هەرێم بكاتە دەستكەوت، بەتایبەت شەقامی شیعی بەرانبەر هەرێم دنە دراوە.

لەپاڵ ئەوەشدا، دەیەوێ ئەوە بۆ توركیا بكات، لە بەرانبەردا، توركیا پشتیوانی بێت، تا هێز لە سنورەوە و بە ئاراستەی زاخۆ ببات، ١٢ كم لە تەنیشت برایم خەلیلەوە، خاڵێكی سنوری دابنێت، عێراقیش، هەندێك لە خاڵە سنوریەكانی تەرخان بكات، بۆ ئەو كاڵا توركیانەی بە ترانزێت لە ئێرانەوە دێن.

لەپاڵ ئەم سیناریۆیانەدا، ناوخۆی هەرێم تادێت لەت و پەتتر دەبێ، نێوان یەكێتی و پارتی تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، جاران تەنها ئاراستەیەكی ناو یەكێتی لەگەڵ ڕێككەوتنی تاك لایەنە بوو لەگە ڵ بەغدا، ئێستا ئەم بەرەیە بەهۆی مل نەدان و بێ منەتی پارتی، تا دێت فراوانتر دەبێت، بویە قەوارەی هەرێمیش لەبەردەم لەتبووندایە.

سەرگرتنی سیناریۆكانی توركیا و عێراق بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاواوە، گەر چاوپۆشی بكەن، سیناریۆكان دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، گەر دژیش بن، ڕەنگە دۆخەكە بە ئاقارێكی تردا بڕوات، بەهەمانشێوە، ئەوان لە مانەوەی قەوارەی هەرێمیشدا بە یەكگرتووی ڕۆڵیان هەیە،

چونكە لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی بەرەو كەرت كردنی دەبەن، ئەوان پارە بۆ یەكخستنی پێشمەرگە تەرخان دەكەن.

دڵشاد ئەنوەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا