ئێوە نەك مێژوو، ملی ئابڕوی یەك دەشكێنن

هەتا وەك ئاگری بن كان لەگەڵ یەك
ئەگەر تۆفان بێ لەشكرتان بە پووشەك
لە گوێی گا نوستوون بۆیێكە ڕێوی
لە سەر ئێوە وەها شێرگیرە وەك سەك
حاجی قادری كۆیی

یەكەم كەسێك ڕەخنەی لە مەلا بەختیار گرت من بووم، دەمزانی شتێك دەقەومێنێت، پەنجەو ملێك دەشكێنێت، بەڵام ئەوەشی زۆر لێی دڵنیا بووم دەستنەبردنی مەلا بەختیارە بۆ ڕوشاندنی كەرامەتی مرۆڤەكان، باسنەكردنی حەیاو ناموس و شەرەفی نەیارەكانی.

ئەو دەڵێت‌و دەنووسێت‌و ڕەخنە دەگرێت، برینی كۆن و نوێ هەڵدەداتەوەو خوێی پێوە دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەتوانێكی ئامادەكراوی هەیە، ڕەنگە من‌و تۆ ئەو چارەسەرو پرۆژانەی مەلا بەختیارمان پێباش نەبێت، ڕەنگە ئەویش زیادڕەوی تێدا بكات و هەندێكجار تۆباوییانە بیر بكاتەوە، ڕەنگە لەم ساتەوەختەدا پرۆژەو تەرحەكانی مەلا، ناڕاستەوخۆ خزمەت بەئەجێندای نەیارانی یەكێتیش بكات، بەڵام ئەوەی نابێت لەیاد بكرێت، مەلا بەختیار هەتا ئێستاش سەركردەیەكی دیاری یەكێتییەو خەباتەكەشی چۆن لێكدەدرێتەوە بەشێكە لەمێژووی دورودرێژو پڕ قوربانیدانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سلبیاتەكانی لەسەر ئێمە حیسابەو ئیجابیاتەكانیشی دەوڵەمەندكردنی مێژووەكەمانە.

مەلا هیچی نەكردبێت ساڵانێكی دورودرێژە خزمەتی بیری پێشكەوتنخوازانەو دیموكراسییەتی یەكێتی دەكات، دژی توندڕەوی ئاینی و كۆنەپەرستی دەجەنگێت، لایەنگرێكی سەرسەختی دیموكراسی‌و مۆدێرنەیە لەكوردستاندا، شارەزایەكی باشی شۆڕشەكانی دونیایەو وشەسازو نووسەرو گوتاربێژێكی كەموێنەشە.

ئەگەر یەكێتی مەلا بەختیاری نەوێت، شەرمی بە كەس نییەو بە بەیاننامەیەك دوری دەخاتەوە لە حیزب، خۆ ئەگەر هەتا ئێستاش بە سەركردەی دەزانن، ناكرێت ڕێگە بدەن بەو شێوەیە هێرشی سەر كەرامەت و خێزان و مێژووەكەشی بكرێت، ئەو مێژووەی بەچاك و خراپەكانییەوە، جیابوونەوەو هاتنەوەشی بەشێكی دانەبڕاوە لە شۆڕشی نوێدا.

ئێمە لە ژێر ڕەحمەتی سیاسەتی نوێی جیهانی و هەڕەشەی لەناوبردن و كۆتایی هاتنی ئەزمزونەكەمانداین، سوپای تورك تەراتێنیانە لە خاكەكەماندا، سیاسەتی تەعریب لە سەردەمی بەعس چالاكترە، موچەو قوتی خەڵكمان بۆ دابینناكرێت، كۆرۆنا تەنگی پێهەڵچنیوین، ئێوەش ملی ئابڕوی یەك دەشكێنن.

مەلا چی دەڵێت و دەنووسێت ئازادە، هەروەك ئێوەش چۆن وەڵامی دەدەنەوە ئازادن، بەڵام دەست مەبەن بۆ تاقە شتێك كە كورد شانازی پێوە دەكات، ئەویش پاراستنی كەرامەت و شەرەفی بەرانبەرو هەتا نەیارەكانیشتانە.

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا