پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌مڕۆ به‌غدای پایته‌خت كۆمه‌ڵێك ڕووداوی گرنگ به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، گرنگترینیان بڕیاردانه له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق.
ئه‌مڕۆ له‌شاری به‌غدا مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه، بۆ بڕیاردان له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوخت ئاخۆ له‌و واده‌یه‌ی پێشتر دیاریكراوه به‌ڕێوه‌بچێت، یاخود دوابخرێت بۆ كاتێكی دیكه.
ئێستا بۆچوونی به‌هێز له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌وه‌یه، واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونه‌كه‌ی بۆ ئه‌یلول و تشرینی یه‌كه‌می داهاتوو دوابخرێت، ئه‌وه‌ش بۆئه‌وه‌ی ڕێگریبكرێت له‌و لایه‌نه شیعانه‌ی وه‌ك فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا، كه ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو دوابكه‌وێت.
دواخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق بۆ كۆتایی ئه‌مساڵ، واده‌یه‌كه ده‌كرێت زۆرێك له‌و لایه‌نانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ئه‌وانه‌یشی داوای ئه‌نجامدانی له‌واده‌ی خۆی ده‌كه‌ن، ڕازیبكات.
كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌نوێترین هه‌ڵوێستیدا ئاشكرایكرد، ئه‌وان ده‌توانن له‌و واده‌یه‌ی كه دیاریكراوه، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت.
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشتر بڕیاریدا ڕۆژی 2021/6/6 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامبدرێت.
هاوكات ئه‌مڕۆ له‌په‌رله‌مانی عێراق تاوتوێی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عێراق ده‌كرێت، به‌وته‌ی جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق تا ئێستا خوێندنه‌وه بۆ 40 مادده‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه كراوه.