نادادپەروەری لەبودجەی پارێزگاكاندا هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
چەند بڕگە و ماددەیەكی پرۆژە یاسای بودجە پێویستی بەهەمواركردنەوە هەیەو ئەندامێكی لیژنەیەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پرۆژە یاساكە نادادپەروەری زۆری تێدایە بە تایبەتی لە بودجەی پارێزگاكاندا.

پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممەی رابردوو 9ی كانوونی دووەم، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 كرد، كە ئێستا لەناو پەرلەمانتاران لەسەر برگەو بابەتەكانی مشتومڕ دروست بووە.

یەكێك لە شتومڕەكان، پشكی پارێزگاكانە لە پرۆژەیاساكە، لەو بارەوە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە پرۆژە یاسای بودجە نا دادپەروەری زۆر لە بودجەی پارێزگاكان هەیە بە نموونە دوو پارێزگای وەك سەڵاحەدین و ئەنبار، كە سوننە نشینن و هەردووكیان وێران بوون، ژمارەی دانیشتووانی هەردوو پارێزگاكە بریتییە لە شەش ملیۆن و 708 هەزار كەس، 918 ملیار دیناریان بۆ دیاری كراوە، لە كاتێكدا پارێزگای دیالە ئەویش هەر سوننە نشینە و لە ملیۆنێك و 548 هەزار كەس پێكهاتووە یەك ترلیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، یان بابل كە پارێزگایەكی شیعە نشینە و ملیۆنێك و 953 كەسە، ترلیۆنێك و 341 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە.

جەمال كۆچەر وتیشی: وەك لیژنەی دارایی داوامانكردووە لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان بۆ خوێندنەوە و گفتوگۆی پرۆژە یاسای بودجە وەزیری دارایی عێراق و جێگرەكەی و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی دارایی ئامادەبن، بۆئەوەی ئەو بڕگە و ماددانەی پێویستییان بە هەمواركردنەوە هەیە هەمواربكرێنەوە.

باسی لەوەشكرد، لە ماوەی 30 رۆژ یان كەمتر پرۆژە یاسای بودجە پەسەند دەكرێت.

پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بە زیاتر لە 160 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوەو 93 ترلیۆن دیناری كۆی گشتی داهاتە، لەو رێژەیەش 71 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا