پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
رێرەوی كۆدەنگی نێوان حكومەتی عێراقو دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان رێگە خۆش دەكات بۆ هاتنەكایەی هاوپەیمانی سیاسی سێقۆڵی لەنێوان سەرۆك وەزیرانو سەرۆك كۆمار و سەركردایەتی هەرێم.
لەئێستادا هەنگاوێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە ئارادایە، كە جیاوازە لەو پەیوەندییە پڕ لەگرژی و ئاڵۆزییانەی ساڵانی پێشوو لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا هەبوو، بەتایبەت لەدوای ناكۆكییە جۆربەجۆرەكانی وەك دۆسیەی دارایی و ئەمنی، كە پەیوەندییەكانیانی ئاڵۆزتر كردبوو.
لەم پەیوەندییە نوێیەی نێوان بەغدا و هەولێر، سێ جەمسەری سەرەكی بوونیان هەیە
لەم پەیوەندییە نوێیەی نێوان بەغدا و هەولێر، سێ جەمسەری سەرەكی بوونیان هەیە، كە ئەوانیش: سەرۆكایەتی حكومەتی عێراقی بەنوێنەرایەتی مستەفا كازمی و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی جەمسەرەكانی خێزانی بارزانی، كە لە هەرێمدا دەسەڵاتیان بەدەستە.
پەیوەندی توندی نێوان ئەم سێ جەمسەرە بووەتە هۆی رێككەوتنی چاوەڕواننەكراو بۆ چارەسەركردنی هەندێك لەو بابەتە ئەمنییانەی ئەستەم بوو چارەسەربكرێن.
لەلایەكی دیكەوە، سیاسەتمەدارێكی عێراقی لەبارەی ئەو گەشەسەندنەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەخۆیەوە بینیوە دەڵێت: چارەسەركردنی ناكۆكییە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێتە مانگێكی هەنگوینی نوێ لەنێوان هەردوولا.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت: گەیشتن بەو قۆناغە نوێیەی باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق بەو شێوە كاریگەرو گەورەیە ئاماژەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سیاسی نوێ، كە دەتوانێت لە بۆنە سیاسییەكانی داهاتوو، لە سەروو هەمووشیانەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت رۆڵی كارای هەبێت.
ئەو سیاسییە عێراقییەكە، باسی لەوەش كردووە، كە مستەفا كازمی پێویستی بەو هاوپەیمانییەیە بۆ جێگیركردنی دەسەڵاتی خۆی و جێبەجێكردنی پلانەكانی گۆڕانكاری و چاكسازی، كە زۆربەی هاوبەشەكانی لە دەسەڵاتدا بەتایبەت ئەوانەی سەر بە حیزبە شیعەكانن و پەیوەندی بەهیزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە بەلایانەوە پەسەند نییە.
مستەفا كازمی پێویستی بەو هاوپەیمانییەیە
لەلایەكی دیكەوە، پرسیارێكی زۆر دەكرێت لەبارەی رۆڵی ئەمریكا لە نزیككردنەوەی هەرێم و بەغدا لەم كاتەدا، كە سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، واشنتۆن پێویستی بەكەشی ئارامی نێوان ئەو دوو جەمسەرە هەیە، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و تاران لەخاكی عێراقدا بەجۆرێك، كە ئێران هەوڵ دەدات میلیشیاكانی لە عێراق هان بدات بۆ راوەدوونانی هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی عێراق.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیناریۆیە، كە دەبێتە هۆی بەزاندنی ئەمریكا رەنگە بەردەست نەبێت، لەكاتێكدا گەورەترین هەلی ئیدارەی ئەمریكا ئەوەیە باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بكشێنێتەوە و بیگوازێتەوە بۆ هەولێر، ئەوەش پێویستی بەهەرێمێكی جێگیرە لەڕووی ئەمنی و سیاسی و داراییەوە، وەك ئەوەی لە ئێستادا هەیە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بیرۆكەی بنیادنانی كۆمپانیایەك بۆ دەرهێنان و هەناردەی نەوت لە هەرێم خرایە كارەوە لەم كاتەدا، كە هەرێم نقومی قەیرانی دارایی بووەو بۆ ئەو مەبەستەش بەغدا ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر بكات.
لەماوەی رابردوودا، ناكۆكییەكانی داهاتی نەوتی هەرێم و پابەندنەبوونی هەولێر بە رادەستكردنی ئەو داهاتە بەخەزێنەی عێراق، بووە هۆی ئەوەی كێشەی دارایی لە هەرێم دروست ببێت و بەشە داهاتی خۆی لە بودجەی عێراقی وەرنەگرێت، پێشتریش بڵاوكرایەوە، هەرێمی كوردستان بڕی ٢٨ ملیار دۆلار قەرزارە، كە ئەوەش ژمارەیەكی زەبەلاحە و بووەتە هۆی دروستكردنی چەندین ئاستەنگی دارایی لە هەرێم.
لەلایەكی دیكەوە و لە بواری ئەمنیدا، رۆژی سێشەممە، سەركردە ئەمنی و سەربازییەكانی هەرێم و عێراق لەسەر كردنەوەی دوو ناوەندی سەرەكی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا و هەولێر رێككەوتن.
سەرچاوەكانی عێراق بڵاویانكردەوە، بەعدا هەڵوێستی خۆی لەبەرانبەر بوونی پێشمەرگە لە كەركوك گۆڕیوە، كە ساڵی ٢٠١٧ و لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێم لە خاكی كەركوك كرانە دەرەوە.
ئەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان هەرێم و عێراق و رێككەوتنەكانی نێوانیان بووەتە هۆی توڕەكردنی ئێران و گومانیان لەوە هەیە، كە نزیكبوونەوەی كازمی لەگەڵ كوردەكان لەسەر حسابی ئەوان بێت و لە بەرژەوەندی ئەمریكا بێت دژی نفوزی ئێران لە خاكی عێراقدا.
ئێران رازی نییە بەنزیكبوونەوەی ئەم دواییەی هەولێرو بەغدا
لەبارەی ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیا چەكدارەكانی ئەهلی حەق دەڵێت: پیاهەڵدانێكی سیاسی و پاداشتی پێش هەڵبژاردنە.
ئەم هەڵوێستەی خەزعەلی ئەو گومانانە رووندەكاتەوە، كە ئێران رازی نییە بەنزیكبوونەوەی ئەم دواییەی هەولێرو بەغداو رەنگە لەداهاتووشدا كێشەی بۆ دروست بكات.