رێککەوتنەکەی شنگال جێبەجێ نەکرا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

سەرباری تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی “ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال” لە رۆژئاوای موسڵ، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەکە، بەڵام هێشتا دانیشتووانی ئەو ناوچە فرەنەتەوەیە تامی راستەقینە و کردەیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان نەکردووە.

ئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و هەرێم کە لە 9ی تشرینی یەکەمی پێشوو ئەنجامدرا، ئامانج لێی دەرکردنی سەرجەم ئەو میلیشیا و هێزە چەکدارە نافەرمیانە بوو کە لەناو شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدان لە سەروو هەمووشیانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، لەگەڵ کۆمەڵەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی.

یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو رێککەوتنە گەڕاندنەوەی دانیشتووانی شنگال بوو بۆ ناوچەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ ئەو بارودۆخەی پێش ساڵی 2014 و بەر لە هاتنی رێکخراوی چەکداری داعش هەیانبوو، ئەو رێکخراوەی چەندین تاوانی دژی ئێزدییەکان ئەنجامدا و بە هەزارانی لێکوشتن و هەزاران ژنی لێڕفاندن، ئەم تاوانانەی داعشییەکان یەکێک بوو لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی عێراق کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەدیدەکرێت.

هەتا ئێستا هیچ کشانەوەیەکی کردەیی هێزە چەکدارە نافەرمییەکانی شنگال بەدینەکراوە

مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شنگال باسی لەوە کرد، هەتا ئێستا هیچ کشانەوەیەکی کردەیی هێزە چەکدارە نافەرمییەکانی شنگال بەدینەکراوە بەتایبەت کشانەوەی پەکەکە، ئەو قائیمقامە وتی: ئەو رێککەوتنەی ئەنجامدراوە پلانێکی هەڵخەڵەتێنەر بووە و کشانەوەی سەرزارەکی و میدیایی بووە لە هەندێک لە بارەگاکان، بەڵام ئەندامانی پەکەکە هێشتا لەوێ ماون و هەژموونیان نەگۆڕاوە، باسی لەوەش کرد، “هەر قسەیەکی حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە لەبارەی کشانەوەی پەکەکە لە شنگال دوورە لە راستییەوە”.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی عێراق، لەپاڵ پەکەکە و حەشدی شەعبی، ژمارەیەک هێز بە شنگالدا بڵاوبوونەتەوە لە دیارترینیان “یەکینەکانی پاراستنی ئێزدییەکان” بە سەرکردایەتی حەیدەر شەشۆ، لەگەڵ “یەکینەکانی پاراستنی شنگال” کە چەندین کوردی ئێزدی لەخۆگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ناوخۆی لیژنەی بەرژەوەندییەکان کە لەم دوواییانەدا لە شنگال پێکهێنرا رایگەیاند، تاکە شتێک کە لە شنگالدا گۆڕاوە لەدوای رێککەوتنەکەوە، هێنانەناوەوەی هێزە عێراقییەکان و بڵاوەپێکردنیان بووە بە شنگالدا، وتیشی: هێشتا هێزەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە قەزاکەدا ماون، لەبارەی گەڕانەوەی دانیشتووانی شنگالیش ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا ئەم هەنگاوە قورسە بەتایبەت کە سوپای عێراق لە ناوچەکەدا ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و هێشتا قسەی هێزە نافەرمییەکانی قەزاکە کاریپێدەکرێت.

بەربەست لەبەردەم حکومەتدا هەیە، ئەم بەربەستە لە ناوەوەی شنگال نا، بەڵکو لە بەغداوە و لەڕێی هێزەکانی نزیک لە ئێران هاتووەتەئاراوە

یەکێکی دیکە لە بەرپرسە ناوخۆییەکان رایگەیاند، بەربەست لەبەردەم حکومەتدا هەیە، ئەم بەربەستە لە ناوەوەی شنگال نا، بەڵکو لە بەغداوە و لەڕێی هێزەکانی نزیک لە ئێران کە هەندێکیان سیاسین و هەندێکیشیان چەکدارن، هاتووەتەئاراوە و بە بەردەوامی فشار دروست دەکەن تا بارودۆخی شنگال وەک ئەوەی ئێستا هەیە بمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، ئەمەش بە چەند هۆکارێک جێبەجێ دەکەن، کە هەندێکیان پەیوەندییان بە ئەجێندا هەرێمییەکانەوە هەیە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئێران، هەندێکیشیان پەیوەندییان بەوەوە هەیە ئەگەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال سەربگرێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، مانای ئەوەیە دەشێت ئەم هەنگاوە لە شار و ناوچەکانی دیکەش بنرێت کە ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن میلیشیاکانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، لەوانەش جەرف ئەلسەخر، یەسرەب، ئەلعوجە و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق.

قەزای شنگال لە باکوری رۆژئاوای موسڵ، دەکەوێتە چوارچێوەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و 50 کیلۆمەتر لە سنوری حەسەکە و 70 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە، تێیدا تێکەڵەیەک لە کورد و ئێزدی و عەرەب بوونیان هەیە، ئەم قەزایە رووبەڕووی یەکێک لە خراپترین تاوانەکانی مێژوو بووەوە لەلایەن رێکخراوی چەکداری داعش، ئەوەبوو ساڵی 2014 لەلایەن ئەو رێکخراوە چەکدارییەوە کۆنتڕۆڵکرا و دواتر هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە سەروو هەمووشیانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان کە رۆڵی سەرەکی گێڕا لە رزگارکردنی شنگال، بە چەند ئۆپراسیۆنێکی سەربازی توانیان قەزاکە ئازاد بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا