بەریتانیا ئامادەیە نێوەنگیری بەغداو هەولێر بكات

پۆڵەتیک پرێس

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت پاڵپشتی عێراق بکات و ئامادەیە بۆ نێوەندگیری لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان.

ستیڤن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، هۆکاری گەورەیی قەبارەی کێشە و روبەڕوبوونەوەکانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە پیایدا تێپەڕیوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دامەزراوەی ئەمنی بەهێز.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا بەریتانیا ئەرکی پاڵپشتیکردنی عێراقی لەسەر شانە بەتایبەت لەو کێشە سیاسی و ئابوورییانەی کە رووبەڕووی دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەریتانیا ئامادەیە بۆ بنیادنانی نێوەندگیری لەنێوان بەغدا و هەولێر بەجۆرێک کە رێککەوتنێکی سیاسی دادپەروەرانە لەنێوانیاندا دروست ببێت.

باڵیۆزەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی ئەم دواییەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگی خۆی هەبوو بەتایبەت کاتێک بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی خۆی پشاندا لە بنیادنانی نێوەندگیری لەنێوان عێراق و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ دەرچوونی وڵاتەکە لە قەیرانی ئابووری.

ئەو پاڵپشتیەی بەریتانیا لە کاتێکدایە، هەتا ئێستا عێراق هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام نەداوە لەبارەی ئەو ناکۆکییە داراییانەی لەنێوانیاندا دروست بووە، سەرباری ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا