پۆڵه‌تیك پرێس
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى خۆپیشاندانه‌كان له‌ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران وه‌ك ده‌ربڕینى ناڕه‌زایی، له‌ناو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانى كوردستان مانگرتنیان ڕاگه‌یاند، به‌ڵام دواى سێ ڕۆژ مانگرتنه‌كه‌یان شكاند.
ئاشنا عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌فراكسیۆنی گۆڕان، كه یه‌كێك بوو له‌پهرله‌مانتاره مانگرتووه‌كان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “له‌ناو بیناى په‌رله‌مانى كوردستان مانگرتنمان ڕاگه‌یاند تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه فشار دروست بكه‌ین بۆسه‌ر ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان، بۆئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بكرێت و له‌باره‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و داواكارى خۆپیشانده‌ران و هاوڵاتیان بانگهێشى حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت بۆ لێپرسینه‌وه، به‌ڵام داواكه‌مان ڕه‌تكرایه‌وه”.
ئاشنا عه‌بدوڵڵا وتیشى :”ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان ڕایانگه‌یاند كۆبوونه‌وه‌ى په‌ڕله‌مان ئه‌نجامنادرێت، چونكه هیچ كاریگه‌ریه‌كى نابێت و په‌رله‌مانیش ده‌كه‌وێته خولى پشووى یاسا دانانه‌وه، ئه‌وه‌ش بووه هۆكارى بێهیوابونمان له مانگرتن له‌ناو بیناى په‌رله‌مان، بۆیه بڕیارماندا كۆتایی به‌مانگرتنه‌كه‌مان بهێنین”.
به‌وته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، چونكه “پێمانوایه هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بگرینه به‌ر بۆ ده‌بڕینى ناڕه‌زایه‌تی و داواكارییه‌كانمان ناگه‌ین به ئه‌نجام، ئه‌گه‌ر كۆده‌نگى زۆرینه‌ى فراكسێۆنه‌كانى له‌سه‌ر دروست نه‌بێت، ئه‌و كۆده‌نگییه‌ش كارێكى گرانه”.