ئامانجی كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان

پۆڵەتیك پرێس:
شاندێكی پارتی دیموكرات بەجیا لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبنەوە، كە كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكە.

شاندی پارتی رۆژی یەك شەممە 6ی كانوونی دووەم، سەردانی شاری سلێمانی دەكات‌و سەرەتا لەگەڵ شاندی یەكێتی‌و دواتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپۆڵەتیك پرێس، ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی‌و دارایی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی پرسی رێككەوتن لەنێوان هەولێرو بەغدا.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان حیزبەكان دەكرێت، بەتایبەتی ئەو حیزبانەی لەحكومەت بەشدارن.

پێشتر كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: شاندی پارتی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك لەگەڵ یەكێتی گۆڕان كۆدەبێتەوە، كە پەیوەندییان بە بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری هەرێم هەیە.

كاكەمین نەجار وتیشی: لەم كۆبوونەوەیە ئامادەكاری دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی‌و پارتی، كە بڕیارە لەماوەی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

بەقسەی كاكەمین نەجار شاندی پارتی لەهۆشیار زێباری‌و مەحمود محەمەدی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و عەلی حسێن، ئەندامی سەركردایەتی پێكدێن.

كۆبوونەوەكان لەكاتێكدایە، ئێستا بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری، خەڵكی بەگشتی ناڕازین‌و چەند رۆژی رابردووش زنجیرەیەك خۆپیشاندان لەچەند شارو شارۆچكەیەكی هەرێم بەرێوەچوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا