گرژییەكانی پارتی‌و پەكەكە لەرێكەوتنی شەنگالەوە بۆ بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش

پۆڵەتیك پرێس:
جارێكی دیكە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی دیموكرات‌و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە گەشتە ئاستێك، كە مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆی لێدەكرێت‌و بەشێكی زۆریش لەلایەنەكان دژی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆن.

پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە مەیدانی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە و تۆمەتباری دەكات بەوەی هۆكاری سەرەكی بۆردومان و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەهۆی پەكەكەوەیە، پەكەكەش پارتی بەهاوكار و جێبەجێكاری پیلانە داگیركارییەكانی توركیا تۆمەتبار دەكات.

رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2020 حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی شەنگالەوە رێككەوتنێكیان واژووكرد، دوای رێككەوتنەكە پەكەكە و ئەو هێزانەی لەشەنگال لە پەكەكەوە نزیكن دژایەتی خۆیان بۆ ئەو رێككەوتنە دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە ئیرادەی ئێزدییەكان و ئەنجوومەنی شەنگال بە هەند وەربگیرێت.

پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە مەیدانی خەباتی پەكەكە باكووری كوردستانە

پەكەكە، كە خۆیان بە رزگاكەری ئێزدییەكان و دانیشتووانی شەنگال دەزانن لە كاتیهێرشی داعش بۆ سەر ئەو ناوچەیە پێیان وایە ئەمە پیلانێكی مەترسیدارە بۆ سەر چارەنووسی شەنگال.

ناكۆكییەكانی پارتی و پەكەكە تەنیا بە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شەنگال نەوەستا، گرژییەكانی نێوان ئەم دوو لایەنە كاتێك زیاتر پەرەی سەند، كە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم (ئەندامە پارتییەكانی) رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2020، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و گروپێكی سەربە پەكەكەی تۆمەتباركرد بەوەی ویستوویانە “چەند كردەوەیەكی تێكدەرانە” ئەنجام بدەن، پەكەكەش ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە.

لەلایەكی دیكە پەكەكە پارتی تۆمەتباردەكات بەوەی لە نزیك بارەگاكانی ئەوان لەبادینان هێز كۆدەكاتەوە، پارتیش پەكەكە تۆمەتباردەكات بە تەقاندنەوەی بۆری نەوتی نێوان هەرێم و توركیا.

ئەم جەنگە میدیاییەی نێوان هەردوولا مەترسی ئەوەی لێدەكرێت پێكدادانی چەكداری یان شەڕی ناوخۆی لێبكەوێتەوە

ئەم جەنگە میدیاییەی نێوان هەردوولا مەترسی ئەوەی لێدەكرێت پێكدادانی چەكداری یان شەڕی ناوخۆی لێبكەوێتەوە، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش لەرێی بەیاننامەی فەرمی و لێدوانی فەرمی داوایان لە هەردوولایەن كردووە كۆتایی بەم گرژی و ناكۆكییانە بهێنن.

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “ئێمە بەردەوام دژی شەڕی كورد و ‌كورد، دژی شەڕی ناوخۆین، چونكە ئەوە هەمووی ماڵوێرانییە بۆ كورد، دەبێت ئەو كێشانەی پارتی و پەكەكە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، هەمو لایەكیشمان دان بەخۆماندا بگرین و یەكتری قبوڵ بكەین”.

هاوكات جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی گشتی گۆڕان لە میانی لێدوانی تایبەتی بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، وەك بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هیچ گرژییەك نین، ئەمڕۆ كوردستان بەهەلومەرجێكی ناسك و هەستیاردا تێدەپەڕێت، باشتر وایە هەموو لایەنە كوردستانییەكانی باكوور و باشورو رۆژئاوا و رۆژهەڵات یەكێتییەك و هاوبۆچوونییەكیان هەبێت لەسەر مەسەلەی كورد، چونكە كورد سەدان ساڵە پارچە پارچە و دەچەوسێنرێتەوە، ئێستا لەم هەرێمەی باشوور كیانێك هەیە و لە رۆژئاواش ئومێدێكی باش هەیە.

وەك كۆمەڵی ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك دژی شەڕی كوردو كوردین

لای خۆیەوە محەمەد حەكیم كارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، وەك كۆمەڵی ئیسلامی بەهەموو شێوەیەك دژی شەڕی كوردو كوردین و پێمانوایە ئەو كێشانە بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت باشترە و دەبێت پەكەكەش پاراستنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم لەبەرچاوبگرێت.

پارتی و پەكەكە خۆیان چی دەڵێن؟
زاگرۆس هیوا وتەبێژی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە، كە باڵی سیاسی پەكەكەیە لەبارەی گرژییەكانیان لەگەڵ پارتی تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو گرژییەی ئێستای پارتی دژی پەكەكە دروستیكردووە بە پیلانی توركیایە و پارتی دەیەوێت لایەنەكانی دیكەش تێوەبگلێنێت بۆ ئەوەی نەڵێن بە تەنیا ئەجێندای توركیا جێبەجێدەكات.

زاگرۆس هیوا باسی لەوەشكرد بە مەرجی وازهێنانی پارتی لە هاوكاری پشتیوانی توركیا ئامدەین لەگەڵ پارتی گفتوگۆبكەن.

هاوكات فارس نەورۆڵی وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی-هەڵەبجە لە میانی لێدوانێكی تایبەت بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: خەباتی پەكەكە لەشوێنێكی ترە، بەڵام ئەوان هاتوونەتە هەرێم و كێشە دروست دەكەن ‌و “دەبێت پەكەكە خەباتی خۆیی بەرێتەوە باكووری كوردستان.

خەباتی پەكەكە لەشوێنێكی ترە، بەڵام ئەوان هاتوونەتە هەرێم و كێشە دروست دەكەن

نەورۆڵی پەكەكەی بەوە تۆمەتباركرد، كە دەستتێوەردان دەكات لە هەرێمی كوردستان و لە سنوورەكاندا سەرانە لە خەڵك وەردەگرن.

دەربارەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی وتی: ئەم كێشەیە كێشەی پارتی و پەكەكە نییە، بەڵكو كێشەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ پەكەكە ئەگەر ئەم حیزبە سیاسییانەی لە هەرێم خۆیان دەخەنە دەرەوەی ئەم بابەتە ئەوە زۆر بچووكردنەوەی ئەقڵی سیاسییە.

پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لە ساڵی 1978 دامەزراوە و لە ساڵی 1984 ەوە بوویە هێزێكی چەكدار، هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1945 دامەزراوە و خەبات دەكات، ئێستا هێزی یەكەمە لە هەرێمی كوردستان و خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانییەو بوونی هێزەكانی پەكەكە لەخاكی هەرێم رەتدەكاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا