پۆڵەتیك پرێس:
دەسەڵاتدارانی ئاسایشی عێراق دەستگیركردنی “ڕێكخەری ئیداریی گشتی” داعشیان لە ئۆپەراسیۆنێكیدا ڕاگەیاند، كە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستگیركراوە.
عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، دەزگای دژە تیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێكی “ناوازە”دا لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، توانیان “ڕێكخەری گشتی ئیداری” ڕێكخراوی داعش بەناوی ” ئەبو نەبا ” دەستگیربكەن.
عەمید یەحیا ڕەسوڵ راشیگەیاند، لەرێگەی دەزگای هەواڵگریو دەزگای دژەتیرۆر زانیاری ئەوەیان هەبووە، كە ئەو سەركردەی داعش دێتە عێراقو دەیەوێت كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەرێوەبەرێت، ئەوانیش چاودێریان كردووە تا دەستگیریان كردووە.
(ئەبو نەبا) لەساڵی 2003ەوە پەیوەندی بەگروپە چەكدارییە توندڕەوەكان كردووە، كە سەر بەچەند ڕێكخراوێك بووە، كە بەرچاوترینیان قاعیدە و داعشن.
ئەبو نەبا ئەركی بەڕێوەبردنو ڕێكخستنی كردەوەكانی داعشی لەعێراق لەئەستۆ بووەو بەشداری چەندین پرۆسەی چەكدارەكانیشی لەچەند ناوچەیەك كردووە.