نیو نیگایەك دەربارەی كتێبی “نێرگز لەدۆزەخی ئەنفالدا”

نووسینی: ئاراس سەعید

كتێبی (نێرگز لەدۆزەخی ئەنفالدا) یەكێكە لە بەرهەمەكانی نوسەر و ڕۆژنامەنووس “عارف قوربانی”.

نوسەر لە [182] لاپەڕەدا، سەرگوشتەی شاهید حاڵو قوربانیەكی ئەنفال دەگێرێتەوە، كە كاری مامانی كردووە. كتێبەكە هەرچەندە ئارگۆمێنتێكی مێژوویە لەلایەن نوسەرەوە ئەرشیف كراوە، بەڵام چەند ڕەهەندێكی قوڵی سایكۆلۆجی و سۆسۆلۆژی و جێندەر و نێرسالاری و مێژوویی لە خۆدەگرێت، نووسەر لەزاری (هەرمێ مامانەوە) دەدوێت. كاتێك كتێبەكە دەخوێنیتەوە، وەكو پڕۆسەیەكی ئۆنتۆلۆژی بەر [بوون]ی خۆت دەكەویتەوە، بوونێكی بزربوو لەناو هەزارن بوونی ئاوێتەدا، بوونێكی قوربانی كە هەمیشە لەلایەن ئەوانی ترەوە هەوڵی پاكتاو سڕینەوەی شوناسی دەدرێت. بەشی یەكەمی كتێبەكە نێرگز سەرگوشتەی ژیانی خۆی دەگێرێتەوەو باسی ژیانی گوند و نۆڕم و ترادسیۆنەكانی سەردەمێكی مێژووی دەكات، كەتێدا چۆن ژنان قوربانی نۆڕم و ئیتكی باوبوون. هەرچەندە نێرگز وەكو شانازی باسی ژیانی گوند و ئەقڵیەتی كۆمەڵگا دەكات، بەڵام قوربانیەكی گەورەی ژێردەستەی دەسەڵاتی نێر سالارییە، وەكو مێینەیەك. كاتێك نێرگز منداڵە وەكو خۆی بۆمان دەگێڕێتەوە دەڵێت؛ “كاتێك منداڵبووم ژن بەژنم پێكراوە بۆ حەمەدەمینی برام، حەمەمەدەمین ناهیدەی مارەكردو لەتەمەنی خۆیدابوو، من گەورە بەبچوك دریام بەژن”. گەورە بەبچوك شێوازێك بووە، بەمنداڵی لە منداڵێكیان مارەبڕیوە و دواتر گەورەبووە زەواجیان كردووە. نێرگزی مامان، سەرگوشتەیەكی پڕ لە ئازارە وەكو خۆی دەڵێت؛ “خودا بۆئازار چەشتن دروستی كردووە”.

نێرگز كە گەورە دەبێت و لەتەمەنی پازدە ساڵی بەمێرد دەدرێ و دەچێتە لادێیەكی نزیك كەركوك و لەوێش دووبارە ژیانی كولەمەرگی و ناسۆریان دەست پێ دەكاتەوە. بەڵام نێرگز دەڵێت؛ ” لەوساڵانەدا خەڵكی بەشێوازی كۆمۆنە ژیاون و كاركردنیان بەشێوەی هەرەوەرزی كردووە”. نێرگزی مامان لەماوەی مانەوەی لەو گوندەدا چەندین جار بەهۆی هاتووچۆكردنی پێشمەرگەوە، لادێیەكەیان تووشی تاڵانی و دزین دەبێتەوەو لەكۆتایشدا دەسوتێندرێت. ڕەهەندێكی سۆسۆلۆجی زۆر گرنگ لە سەرگوشتەكانی نێرگزدا دەخوێنینەوە، ئەویش لادێیەكانی گەرمیان لەژێر كاریگەری زمانی عەرەبی و ئایینی ئیسلامدا ژیاون، كاتێك نێرگز ناوی منداڵەكانی دەنێت، ناوی عەرەبیان لێ دەنێت، بەڵام دوومنداڵەكەی كۆتایی بەناوی كوردیەوە ناو دەنێت و دەڵێت؛ “پێشمەرگە هێندە ناوی خۆش خۆشی كوردیان لەخۆیان نابوو، خەڵكی چاویان لیان دەكرد”. بەشی ناوەڕاستی كتێبەكە بەسوتاند و تاڵانكردنی لادێیەكەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیزمەوە دەست پێ دەكا، هەرچەندە كارەستاكان زۆر جەرگبڕن، بەڵام نێرگز زۆر ڕاستگۆیانە سەرگووشتەكە دەگێڕێتەوەو بۆنمونە؛ لەشوێنك دەڵێت؛ “سەرەڕایی ئاوەرییمان پێشمەرگە بووبوون بەبار بەسەرمانەوە” یان باسی ئوردوگا دەكات و دەڵێت؛” پێشمەرگە ئاگری لە خێمەكان بەردا، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لادێ و خزمەتیان بكەین”.

كارەساتەكە لە ناوەڕاستی كتێبەكەدا دەست پێ دەكات، هەرچەندە نووسەر عورز خوایی هێناوەتەوە و دەڵێ دەزانم خوێندنەوەی بەئازارە، بەڵام ناكرێ كارەساتێكی وا لەبیر بكرێت. كاتێك نێرگز و خەڵكی لادێیەكەیان دەستگیر دەكرێن، ئەو ئێوارەیە بەڕۆژوون و تەنها هاوارێك كە دەیبەن بۆ خودایە، خوێندنەوەی ئەم بەشە بۆخوێنەر بەجێ دەهێڵم، ئایا ئەمە نەزمی سروشتە، ئایا ویستی خودایە، یان خودا ئاگاداریان نیە. نێرگز دەگێڕێتەوە؛ “كاتێك ماڵەكەمانیان گڕتێ بەردا، منداڵەكەم دالاستیكەكەی سوتا، پێشووتر بۆمان دروستكردبوو، كە دۆینەمان هەڵدەخست دەمان كردە پاسەوانی، كاتێك دەربەدەر بوین، وڕكی دەگرت بۆ دالاستێكەكەی، خۆمنداڵ چوزانی خانوو ڕمیان و سوتان چیە دالاستیكی خۆی دەویستەوە، ئەو ڕۆژەی كە عەسكەر و وەلەكە عارەب دەسگیرمانی كرد، دەیگووت، دایكە ئەگەر دالاستیكەكەم بمایە سەری هەمویانم دەشكاند و هەڵدەهاتین.

نێرگز باسی ڕوداوەكانی زیندانمان بۆ دەكات و ڕەهەندێكی سایكۆلۆژی قوڵی جەلاد دەخوێنینەوە، جەلادی سادیزم كە چێژ لە چەوساندنەوەی ژن و منداڵان دەبیێ. ئەگەر بەقوڵی بچیتە نێو ڕوداوەكەی نێرگزەوە، كاتێك عەسكەرەكان منداڵەكانیان لەدایكیان دادەبڕی و منداڵ دەیقیژان و خۆی دەكردە بن كەواو ژێر قاچی دایكیانەوە، ئەمانیش چێژیان دەبینی و پێ دەكەنین، بەقوڵی دەزانین دەرون بیمار و نەخۆشن. دۆزەخ لە گرتووخانەكەی دووبز، برسی كردنی منداڵان و جینۆسایدكردنی ئابوری و گرتنەوەی خواردن لێیان، چیرۆكەكانی نێو كتێبەكەن.

نێرگز مامان بوو، هەر ژنێك منداڵی بوایە، دەیان برد ناوكی ببڕێ. نێرگز دەڵێت؛” هێندە زاڵم بوون، لەتە موسێكیان نەئەدا پێم، بەبەرد ناوكی منداڵەكانم ئە بڕی. خۆشم كەمنداڵمبوو هەر بەبەرد ناوكیمیان بڕی. بەئازارترین كارەساتی ناو كێتبەكە ڕۆژی بەربوونیان مردنی كوڕە بچوكەكەی نێرگزە لەزیندان.

بەشی كۆتای كتێبەكە، ڕەهەندێكی سۆسۆلۆجی و جێندەری لەخۆدەگرێت، لەفەزیلەتی كۆمەڵگاوە بۆ دووبارە ژیانەوە لەكۆمەڵگادا. ڕزگاربووانی ئەنفال پاش ڕزگاربوونیان ڕوبەڕووی مەترسیدارترین دۆزەخ بوونەوە، ئەویش بێكەسی و هەڵئاوسانی ئابوری و گرانی. لەنێرگزدا ڕەهەندێكی جێندەری دەخوێنینەوە كە باس لە هێز و یەكسانی ژن و پیاو دەكات، كاتێك نێرگز كرێكاری و خەفتەگرتنەوەو درەو جۆرەها كاری سەختی كردووە، بەڵام ئەفسوس دووبارە دۆزەخ بەچاوی خۆی دەبینی و كاتێك دایك و باوكی لەماوەی دوو ڕۆژدا دەمرن و بۆ ڕۆژی دەهەمینی دوای پرسەكە، نێرگز دەچیتەكار و كاتێك دەگڕێتەوە دەڵێت؛ “جەنازەی پەخشانی كچمیان بۆهێنایەوە، داماوە كاری سەختی دەكرد و بەنیازبوو جل بكڕی بۆ جەژن، بەخوا بەپارەكەی خۆشی كفنەكەمان بۆكڕی”. كتێبەكە تەنها كارەساتی نێرگز نیە، بەڵكو هەزاران برین و حیكایەتی بێ كۆتایی لەخۆیدا هەڵگرتووە. كاركردنی منداڵانی ئەنفال، برسێتی، قاتوقڕی. كە زۆر لەكارەساتەكانی ئۆردووگاكانی نازیزم و سوتاندنی جولەكەكان بەئازارترە.

كۆتایی كتێبەكە باسی ساڵانی شەری ناوخۆ و شەڕی خێڵی هەمەوەند و مسكین ، دزین و تاڵانكردنی فەرمانگە حكومیەكان لەلایەن بەرپرسانەوە، لەخۆ دەگرێت. لەكۆتایدا نێرگز دەڵێت؛ “پێم سەیرە هەندێك خوێنەوار، لەتەلفزیۆن دەڵێن سەدام باشە، ئاخر سەدام ئەوەی بەسەر ئێمە هێنا، هەركەس دەڵێ سەدام باشە بۆ ڕۆژی خۆی بهێنێتە شوێنی من”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا