پۆڵەتیک پرێس
ڕێگە کە پڕۆژەیەکی فکری و ڕەخنەییە، لە هەنگاوی یەکەمی کارەکانیدا ١٠ نامیلکەی فکری و ڕەخنەیی بڵاو کردەوە.
چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ١٠ نامیلکەیە بەشێکە لە هەنگاوێکی گەورەتری پڕۆژەکە کە چاپکردنی ١٠٠ نامیلکەیە و وەک لە پەیامەکەیدا هاتووە، ئامانجیان گه‌ڕانه‌وه و گوزارشته لە قووڵایی و تێگەیشتن له دۆخی هه‌نووكه‌یی، بۆ پێگەیشتن و گەیشتن بە قۆناغێکی دیکە.
نامیلکەکان بە هاوبەشی دەزگای ڕۆسا لە شاری هەولێر بڵاو کراونەتەوەو لە ئێستادا لە هەولێر و سلێمانی بۆ خوێنەران بەردەستن و بەمزووانەش دەگەنە شار‌و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم.
په‌یامی پڕۆژه‌ی (ڕێگه)
له‌م قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، به‌شێك له گۆڕانكاری و ڕووداوه‌كان بنه‌ڕه‌تی نین و له ڕووكه‌شدا ماونه‌ته‌وه. دۆخی ئیش‌کردن و ناھۆشیاریی ئەوەندە ئامادەسازە، وای كردووه ھۆشیاری به ترسناك ببینرێت.
كۆمه‌ڵگه چه‌ندان هێز له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌ر هێزه و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه. هێزی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لەوەی ڕوو دەدات گرنگه و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ئاستی هۆشیاری تاکەکەس به‌رز ده‌بێته‌وه، کە دواتر ئه‌و تاكه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵ.
سەربەستیی تاکەکەس بە چڕی بەستراوەتەوە بە سەربەستی لە بیرکردنەوەدا. بە هەمان شێوە، کۆمەڵگە بە گوێرەی ئاستی هۆشیاری تاکەکەسەکان شێوە دەگرێت. ئەو قەیرانانەی ئێمە لە کۆمەڵگە تێی دەکەوین، بەر لە هەر شتێک قەیرانی بیرکردنەوە و هۆشیارین. هێزی بیرکردنەوە لە دابینکردنی ڕاڤە و تێگەیشتن بۆ ئەو شتانەی دەگوزەرێن، سنوورنەناسه.
به وه‌دا ئێمه نەوەی ئەو سەردەمەین و له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا تێكه‌ڵین، ده‌زانین بۆ به‌رده‌وامی و نه‌وه‌ستان پێویستمان بە ڕامان و ڕاڤەی نوێ هەیە. تا لەناو بوونه کوردییەکە هاوتەریب بە فکر و ڕه‌خنه‌ی مەعریفی دەرەوەی زمانی كوردی بیر نەکەینەوە، له ئاست خواستی قۆناغه‌كه، جووڵە گشتییه‌كه سەر پێ ناكه‌وێت. دەکرێ بۆ ئەم دۆخە ناته‌واوه هزریی و ڕه‌خنه‌ییه، ”ڕێگە” یەک هەبێت، تا هیچ نەبێت ئاوڕێک لەم هەموو پرسیارە بداتەوە، پرسیاری سەرەکی ئه‌وه‌ی ده‌بێت چۆن و له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین و چی بكه‌ین؟ کرانەوەی نێوەندی ڕۆشنبیریی بە ڕووی وەرگێڕانی بەرهەمگەلێکی هزری و فەلسەفی بایەخێکی گەورەى هه‌یە، کە نێوەندی ڕۆشنبریی کوردی بە خۆیەوە بینیوە. لە هەمان کاتدا، هێزی نووسینی کوردی لە لایەن نووسەرانی کورد، به‌هاو بایه‌خێكی دیكه‌ی گەورەی هه‌یه، کە نابێت بخرێتەوە پەراوێزەوە. باوەڕمان وایە به بیرکردنەوە لەناو زمانی کوردییدا، ئه‌و نووسینانە ده‌بنه پێویستی، کە بەرهەمی ئەو زمانەن، چونکە له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئێمە دەتوانین ئەو ڕۆشناییەمان دەست بکەوێت، کە ڕووناکی دەخاتە سەر کێشە چەقبەستووەکانی ناو بیرکردنەوە و هۆشیاری گشتی. ڕۆچوون و ڕامان لە ڕووداوەکانی هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی و ڕێگه‌ی خۆی هەیە. ئەزموونی تاک و کۆی چڤاكه‌كه‌مان لە چەندان لاوە ئەوەمان پێ دەڵێت، ده‌كرێ له‌ناو ڕێگه‌یه‌كی تردا، به ڕامانێكی جیاوازه‌وه، هێزی ته‌واوكاری و به‌رده‌وامی ببه‌خشینه ئه‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌ی پێشتر نراون. لێرەدا دەکرێ بپرسین، کام ڕێگە فەرامۆشکراوە؟ بەم نیازەوە، “ڕێگە” هەوڵە بۆ درێژه‌دان به پرسیاركردن و بەرهەمهێنانەوەی چەمك و مانای دیكه، هه‌وڵه بۆ مامەڵەیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ دۆخی هزر و ڕه‌خنه له ناوه‌ندی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا. “ڕێگە” لە یەکەمین پڕۆژەیدا، چاپکردنی سەد نامیلکەی فکری و ڕەخنەیی، بە هاوبەشی دەزگای ڕۆسا، ڕاده‌گه‌یه‌نێت. ئامانجمان گه‌ڕانه‌وه و گوزارشته لە قووڵایی و تێگەیشتن له دۆخی هه‌نووكه‌یمان، بۆ پێگەیشتن و گەیشتن بە قۆناغێکی دیکە.
دە کتێبی یەکەم پڕۆژەی ڕێگە، ئەم ناونیشانانەی خوارەوەیە:
– ژووری ژنە ڕووتەکان- پێشڕەو عەبدوڵا
-پۆوڵ ڕیکۆر و پرسی گێڕانەوە- ئارام محەمەد
– ناسیۆنالیزم و بوونی کورد- ڕزگار عەلی
– بیرکردنەوە لەشیعر- تەیب قادر
– هەولێر و هەولێری- کاروان کاکەسوور
– فۆتۆگرافی و سیاسەتی ڕادیکاڵ- پێشڕەو محەمەد
– ڕەهەندی کولتووری و شارستانی لە فرۆیدزمدا- محەمەد تەها حوسێن
– دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، کە منم کە ژنم- بەیان عەزیزی
-مەسعود محەمەد و هزراندنی زمانی حاجی قادری کۆیی- هەندرێن- نەبەز سەمەد
-ناسنامە و تواناکانی بوونی مرۆڤ- عەبدولموتەلیب عەبدوڵا