گۆران سەمەد: چیرۆک دەبێت پەیوەندی تۆکمەی ھەبێت لەگەڵ فەلسەفە، دەروونزانی، مێژوو و کایەکانی تر

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

گۆران سەمەد، لە دایکبووی ١٩٩٠ ھەولێرە. خاوەن دوو کۆمەڵە چیرۆکە. یەک: ڕەشنووسی ماتەمی ناو ڕۆژەکان. دوو:لە نێو گێژاوی ژیاندا. براوەی ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ چیرۆک، ٢٠٢٠. براوەی خەڵاتی شیعری چوارپارچەی کوردستان لە خانەقین، ٢٠١٥.

لەم زنجیرە دیدارەی پۆڵەتیک پرێس لەبارەی چیرۆک سازیداوە، گۆران سەمەد وەک یەکێک لە بەشداربووانی تەوەری چیرۆک وەڵامی چەند پرسێک دەداتەوە . 

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە.بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەرەوەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە. ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.

لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا.

ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟. بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە.

تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە، تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت.

چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان. ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

 گۆران سەمەد: سەرەتا سوپاسی ئەو پێشەکییەت دەکەم، بەشێکت لە ئەرکی من، کەم کردەوە. تۆ ھاتووی مێژووی چیرۆکی کوردیت وەک پێشەکی گفتوگۆکەمان دارێشتووە، منیش ھەوڵ دەدەم گۆشەیەک بدۆزمەوە و لێیەوە باسی پەیام بکەم، داخۆ پەیام ئەوەیە نووسەر  دەیئافرێنێت و دەیدا بە خوێنەر؟ ئانکوو دەق چ پەیامی کۆنکرێتی و روونی تێدا نییە، بەڵکوو پێویست دەکات خوێنەر خۆی پەیامان ھەڵگۆزێت؟.

با لەوەوە دەستپێبکەین؛ دەرکەوتنی چیرۆک مێژووەکەی دوورە، بەڵام سەدەی نۆزدەھەم قۆناغێکی زێرینی ئەو ژانەرەیە. بەتایبەت لەگەڵ کەسانی وەک گۆگۆڵ لە روسیا. بە دەرکەوتنی ھەر یەک لە ئەنتوان چیخۆف، ئێدگار ئالان پۆ و مۆپاسان، چیرۆک پێشکەتنی گەورەیی بەخۆیەوە بینی. تا ھەنووکەش چیرۆکە تۆقێنەرەکان پۆ ، ونبوونی ملوانکەیەک لە پاریس لە ناوماندایە.

بە ھەمان شێوە پەیدابوونى چیرۆک لە مێژوویی ئەدەبیاتی ئێمەدا بۆچونی جوایێزی لەسەرە و تەنانەت مەودای ساڵانی نێوانیشیان لەیەک دوورە، بۆیە دەکرێت تاکوو ئێستاش جێگەی مشت و مڕ بێت. بە جۆرێکی تر بڵێم؛  بێگومان خەمخۆریمان بۆ مێژوویی چیروکی کوردی و کۆکردنەوەیان کارێکی گرینگە و دەلیظەی ئەوە چێ دەکات چاتر لە بارەیانەوە بدوێن و بیانکەین بە کەرستەیی ئەساسیی ئاوڕدانەوەمان. ئەوانەی دوای ئێمەش دێن درک دەکەن درێژە پێدەری کام مێژووەن. بەتایبەت لە وەھا کاتێکی زێرین دا، کوو لە زۆر لاینەوە تەنیا جوڵەی خەمخۆی گەرەکە (ئەمەش بەو مانایە نییە کە ھیچ کارێک نەکراوە).

لەبارەی چیرۆکەکانی ڕابردوو، ناوەڕۆکیان ساکار بوون و گەر بە چاوی ئێستا بڕوانینە ھونەریی بوونی گێڕانەوەکانیان بە کارێکی واى نابینم، بەڵکوو دەبێت بەپێى ئەو سەردەمە لە بارەیانەوە بپەیڤین. (ئەگەرچى دەقانێک هەن لە ڕابردوو ئەوەیان تێپەڕاندوو مرۆ باسى قۆناغەکەیان بکات، چونکە هۆشیارىى و وردى نووسەرەکانیان هەوێنیان بوون، وەکى دۆنکیخيۆت و هەزار و یەک شەوە..). پانتایی زۆرێکیان لە دەوری چەند باسێکی ڕۆتیندا  خولاونەتەوە و زۆریش گووتراوە لە بارەیانەوە، لە چیرۆکانی دەستپێک تا دەگاتە… بێگومان ئەمەش دەلالەتە لە کڵۆڵبوونی کەلتوور و دونیابینی. ئەم کڵۆڵبوونەش وای کردووە چیرۆکەکان واقیع تێپەڕ نەکەن و لا بەلای تردا نەکەنەوە.

کەم و زۆر قسە لە بارەی پەیام کراوە لە دەقدا بە تایبەت چیرۆک و رۆمان. پەیام لە دەق سەرچاوە دەگرێت، ناکرێ لە دەرەوەی دەق چاوڕێی بکەین. تەماشا دەکەین لە ڕابردوودا بەشێکی زۆری چیرۆکەکان لە خزمەتی پەیامدا بوون و زووش خۆیان داوە بە دەست. ئەوەش بێ ھۆکار نییە، لەوەیە بەراییترین ھۆ ئەوە بێت، بەرکەوتەی کورد لەگەڵ چیرۆک مێژووییەکی ئەوەندی نەبوو.  لە بیرمان نەچێ ھونەریی بوونی چیرۆک  “لە دەرەوەی زمان” کارێکی نەکردەیە، وەک چۆن گرینگی نەدان بە تەواویی ڕەگەزەکانی چیرۆک خەلەلێکی گەورە دروست دەکات. پتر لێرە مەبەستم زمان و گرێچنە…

کاتێک چیرۆک لە ناونیشان یان لە دەستپێکیدا تەواویی چیرۆکەک بەدەستەوە دەدات، بێگومان لە داھێنان دەچێتە دەرەوە و شتێ نامێنت تا خوێنەر کاتی خۆی تێدا بە فیڕۆ بدات و  بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم دەقە “ڕەت”دەکرێتەوە. ھەڵبەتە ڕەتکردنەوەش “لە ھەناوی دەقەکەدا سروشتی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە” . لەم ساتەدا چیرۆک لەو پارچە زەوییە دەچێت لە دوورە بڵێیت، بۆ گوڵ ڕوواندن لەبارە، بەڵام چیرۆکێک لە ھۆشیارییەوە سەرچاوەی گرتبێت، ناچارمان دەکات ھەر لەگەڵ “تۆ”کردنی زەوییە دیاریکراوەکە ھەموو کات چاومان لەسەری بێت و بێ ئاگا نەبین لە پێوەیستییەکی بۆ بوونی بە “باخچەی گوڵان”ێکی دڵگیر. لێرەدا خوێنەرانی چیرۆک دەکارن پەیامی فرە جوایێز لە دەقەکەدا ھەڵگۆزن.

جێی خۆیەتی بڵێن ئیتر چیرۆک نووسینێک نییە لە پیناوى نووسین، یاخوود هەموو ڕەگەزەکانى تریى ببێتە قوربانى پەیامێک، ناشێت چیدیکە چیرۆک لە یەک خاڵدا قەتیس بکرێت. بەڵکوو دەبێت پەیوەندی تۆکمەی ھەبێت لەگەڵ فەلسەفە، دەرونزانی، مێژوو و باقی کایەکانی تر، وە گرینگى بە هەموو ئەو ڕەگەزانە بدەین کە لە خزمەتى دەق دان. چونکی وەختێک چیرۆک بە گرینگ وەرنەگیرا نزیک دەبێتەوە لە مێگەلنووسین. مێگەلنووسین نوێ نییە و وا ئاسا ون نابێت. ئەمەیان ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەزموونی کەسیی و گەشەی ھۆشیاری نووسەر ھەیە ھێندە پێبەند نییە بە شتی ترەوە. مێگەلنووسین ھەر ئەوە نییە کە دەیبینین، بەڵکە دەشێ جۆرێکی تریش لەم تایپە ھەبێت بە لاساییکردنەوە و نەقڵکردنی چیرۆکی وەڵاتی تر.  لەوەیە جۆری دووەم پەلبھاوێت بۆ ناو سینەما و شانۆشمان. وەک ئەوەی لە گۆرانی و موزیک خەریکە “ڕەگ” دادەکوتێت.

 

*بۆ بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە. تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. لە چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین ئارام کاکەی فەلاح توانیویەتی تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنێت. چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟

بابەتی تەنز، شێوازێکی تەواو تایبەتە. ھاوکات چڕە و ڕێڕەو بەرتەسکە، وەک یاریی تەنافبازیی وایە، بچووکترین لادانی تەرکیز وات لێدەکات بەدەمدا بکەویت و شوێنێکی لاشەت ورد و خاش بێت. ڕێگە و دونیا بینینێکی سەربەخۆیە تەنز، بۆ نیشاندان و دەربڕینی ماناگەلێکی تر کە دژ بە دۆخی سیاسی، کۆمەڵاییەتی و کۆمەڵ دەکۆشێت. دەشبێت ئاگامان لەوە بێت زێدەگۆیی لە تەنزدا بە ئاقاریی گاڵتەجاریمان نەبات، بە تایبەت بەم جۆرەی ئێستا، کوو پەلیکێشاوەتە ناو سینەما و شاشەکانمان و لێرە و لەوێ لە گۆشەى گۆشەنووسەکانشدا دەیان بینین. لە ڕابردوو بەرھەمانێکى زۆر خۆیان لەم قەرەیە داوە تێیدا چاکیشى پێکاوە کە ویستوویەتى لەڕێی تەنزەوە دەقەکەى بگات. واى بۆ دەچم لە چیرۆکنووسانى نوێش ئەو هەوڵە هەبووە. تەنز لە چیرۆک و رۆماندا گرینگى زۆریان هەیە، بە تایبەت بۆ وڵاتانێکى دواکەوتوو. بە شێوەیەکى گشتى دەکرێ بڵێم بۆ ئێمە و دراوسێ و ئەو وڵاتانەشى دەناڵێنن لە دەست ستەمى سیاسى و تووراسى گەنیوو،هەروەها باڵادەستى چەند چینێک لە کۆمەڵگە تەنز شوێن و بۆشاىى خۆى دەدۆزێتەوە. گەڵێک جاریش بەگژداچوونەوەى کێماسییەک لە ڕێگەى تەنزەوە، وەى کردووە سانسۆڕ لەسەر بەرهەمەکە دابنرێت و نەگات بە خۆێنەرانى. ڕەنگە چاترین نموونەى بەردەست لەم قۆناغە وەڵاتى ئێران بێت.

 

*لەبارەی ئەم پرسەت: ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لەقۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لەقۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

 پرسیارەکە زۆر ھەڵدەگرێت. دەبێت زانستیانە لەسەری بووەستین، بێگومان ئەوەش کاتی دەوێت و ئێرەش ڕەنگە بەشی ئەوە نەکات. قسەکردن لەباری جیاوازی و لێکچووی ئەم نەوەیە بە بەراورد لەگەڵ پێشوو؛ گومان ھەڵناگرێ ئەم نەوەیە جیاواز دەنووسێت لەگەڵ سەردەمی حسێن عارف… و ھەموو ئەوانی تر، تەنانەت چیرۆکنووسانی دوای راپەرینیش. وەلێ ئەوەشی تێکەوتووە لە ژێر کاریگەریدا ناوەرۆک ھاوبەش و شێوە گێڕانەوەی لێکچوو، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە ئەم نەوەیە خاون دونیابینینی تایبەت بە خۆی نەبێت لە گێڕانەوەدا، بەخوێندنەوەی ھەر یەکێکیان ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت. باوەڕ دەکەم چیرۆکنووسی باشی ئەم سەردەم خۆی پاراستووە لە مەسرەفگەریی وشە و ڕیزکردنی ڕستەی زیاد. کاری باش کراوە لەوەی بە شێوازی خۆیان بگێڕنەوە (وەک وتم، لای چیرۆکنووسی باش). لەگەڵ ئەوەش نیم و بێ ئەمەکییە گەر بڵێم ئەم نەوەیە خەریکی خۆنماشیکردن و دووبارەکردنەوەن. بە شێوەیەکی گشتی دروست نییە بەبێ خوێندەویەکی زانستیانە و ئاوڕدانەوەی ڕەخنەگران قسە لەسەر ئەم پرسەدا بکەین.

لەم سێ دەیەیی ڕابوورد، کۆمەڵێک نا”سەقامگیریی” ھاتە کایەوە. ئەمەش  لە ھەناوی دوا پێشکەوتنەکانی زاست لەلایەک، ھەر وا  نەخشاندنی سنووری بەرتەسک بە کۆمەڵێک ھۆکاری لاواز لەلایەکی تر، وایان کرد “وەھم”ێکی ھاوبەش لە نێو مرۆڤەکان بئافرێت. ئەنجامی ھەموو ئەمانەش  چەند کردەیەکی لاساییکردنەوەی لێ کەوتەوە کە ھۆکار بوون بۆ جۆرێک لە شێوەگرتنی بێ ئۆقرەیی لە بەشێکی زۆری وڵاتان. مرۆڤانێک خەونیان بوو سەرزەمین ببێت بە شوێنە دڵخوازەکەیان، بەڵام دۆخەکان دژوارتر بوون… دروستبوونی گروپە توندڕەوەکانی وەک تاڵیبان و قاعیدە و کۆچکردنی بەردەوامی ھاووڵاتییان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بارەکانی چاکتر نەکرد، شۆڕشی وڵاتانی عەرەبیش خەونەکەیان نەھێنا دی و کاولکاری پتری لێکەوتەوە. لە ھەناوی ھەموو ئەو دۆخە نا ئارامە جۆرێک لە دەربڕین ھاتەکایەوە؛ “کورت، مانادار، ھەژێنەر و یاخیگەرانە” ئەمە ئەو تەرزە وێژەی یان ئەو وێژەی سەردیوارەیە کوو ھەنووکە بە جۆر و شێوە و لە کاتی جیاواز دەبینرێت. ھاشتاگ یان ڕستەیەکی چڕکراو و پەیامدەر، ئەوە ناگەیەنێت درێژە پێدەری ژانری ئەدەب بێت ھەتا ئەگەر ئامانجیش بپێکێت. ئێمە باسمان لە ھونەریی بوونی گێڕانەوە/ چۆنییەتی گێڕانەوەی ڕووداوێکی دیاری کراوە (گەرچی ئەوەش قسە ھەڵدەگرێ)ە. ھاتنەبوونی فۆڕم و شێوەیەکی نوێ لە گێڕانەوە کارێکی چاوەڕوان نەکراو نییە، چونکە خۆمان دەبینین و دەرک دەکەین دەق لە سەرھەڵدانییەوە تا ئێرە بە یەک شێوە و فۆڕم نەبووە، بێگومان ئەوانەش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە شێوە فۆڕم و تەکنیک ھاتوونەتە بوون. رەنگە لە ئایندە شان بە شانی شانۆ و چیرۆک و رۆمان و شیعر، فۆڕمێکی تر بێتە کایەوە، ھەڵبەتە ئەمەش پابەندە بە کاتێکی نادیارەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا