خۆشەویستی و سێكس ، بونیادی ژیان

نووسینی: سەمەد زەنگەنە

بەشی یەكەم:
خۆشەویستی و سێكس دوو بابەتی گرنگن لە ژیانی مرۆڤایەتیدا یان دەتوانین بڵێین لە پێكهاتە گرنگەكانی پێكهێنانی ژیانی مرۆڤن و لە دێر زەمانەوە بابەتی لێكۆڵینەوە و لێدوانی سەردەم و ناودارەكانی مێژوو بووە، هەریەكە و بە گوێرەی ڕادەی ڕوناكبیری خۆی لێی دواوە ، بۆیە هەندێك كەس خۆشەویستی لە سێكس جیادەكەنەوە و هەندێكی دیش بە پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بیر دەكەنەوە و سێكس بە بناغەی خۆشەویستی دادەنێن و دەڵێن “بناغەكانی خۆشەویستی لە پێداویستییە سێكسییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت” هەرچەندە هەریەكە لەم دوو بۆچونە دژ بە یەك و لێك دورن، بەڵام گونجاندن و تەباییەكی هاوشێوەیی هەیە لە نێوان ئەم دوو سۆزەدا لە شێوەی سروشت و هۆكار و مەبەستەكانیاندا و بە هۆی ناتەبایی ڕادەی ئابووری و جیاوازی ڕادەی ڕوناكبیری لە هەموو سەدە و سەردەمێكدا ئەم دەركەوتوانە لە شێوەی سروشت و هۆ و مەبەستەكاندا شاراوە بوون. بە گشتی هەریەكە لە سۆزی خۆشەویستی و سێكس خزمەتی لایەنی تەندروستیی مرۆڤ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكەن و پێویستییەكی مرۆڤایەتین بۆ گەشەكردن و پەرەپێدانی لایەنە فیكری و لەشییەكان ، بۆیە ناتوانین یەكێكیان بكەینە پێوانە بۆ ئەوی تریان.
ئەگەر لە دیالێكتیكی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤەوە سەرنج هەڵێنین ئەوا هەردووك چەمكی خۆشەویستی و سێكس لە بناغەدا جیاكراوە و لێكدابڕاو نین بۆ بەردەوام بوون و مانەوەی ژیانی مرۆڤ بەڵام لە هەر سەردەم و كۆمەڵگایەكدا چۆنیەتی كارلێكردنی پەیوەندییەكان و گونجان و لێك دابڕانیان بۆ دروستكردنی جۆری كەسیەتی و جموجۆڵەكانی مرۆڤ بەكارتێكردنی ڕادەی ئابووری و هۆكارە كۆمەڵایەتییەكان ( داب و نەریت و یاسای ئاینی و …هتد) دیاری و دەستنیشان دەكرێن. ئەگەر هەریەك لە خۆشەویستی یاخود سێكس لە دیاریكردنی ئەو جموجۆڵانەدا پێشی ئەوی تریان كەوتبێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوە بە هۆی پێداویستییەكانی كار و بەرهەم هێنانەوە بووە, خۆشەویستی و سێكس لە هەموو بوارەكاندا وەكو یەك وان و ئامانجیان یەكە و زۆربەی لایەنەكانیش لە یەك كاتدا لە هەردوو لادا كۆدەبنەوە، ئەگەرچی چەنەها جۆری جیاوازیان هەیە، بۆیە پێویستە بە دوای ئەو دەركەوت و شێوانەدا بگەڕێین كە بناغەی هەردوو سۆزەكە پێك دێنن.
ئەگەر بە دوای مێژووی سەرهەڵدانی سێكسدا بگەڕێین لە ژیانی مرۆڤایەتیدا و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی ئەم بەشە گرنگە ئەوا دەبێ شۆڕ بینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی یەكەم كۆمەڵگا یان یەكەم پەیوەندی سێكسی لە ژیانی مرۆڤدا ، هەروەها لە سەرهەڵدانی مێژووەوە بگەینە ئامانجی باسەكەمان.
بە بڕوای لێكۆڵیار و زانا مێژوویەكان یەكەم كرداری جووت بوونی سێكسی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بە شێوەی (ڕاوكردن) بووە ، هەروەكو تێكڕای پێویستییەكانی تری كە بە شێوەی ڕاوكردن بووە بۆ دابین كردن و پەیداكردنی پێداویستیەكانی ژیان.
بەم جۆرە یەكەم جار بە شێوەی ڕێكەوت مرۆڤ دركی بە پێویستییەكی تری ژیان كردووە ئەویش كرداری جووت بوونی سێكسییە و لەوێشەوە درێژەی پێداوە و بەردەوام بووە.
بەڵام مێژووی خۆشەویستی لە سەرەتادا چەنەها جۆر لە تێگەیشتنی هۆ و شێوە و دەركەوت و مەبەستەكانی دەبینین. ڕاستە مرۆڤ لە شارستانییەتی كۆندا وای بۆچوون كە هەندێك هۆ و شێوە و مەبەستەكانی ئەم سۆزە دەكەونە بواری سۆزی سێكسی و مەبەستەكانییەوە.بەڵام ئەو هەموو سەدە و سەردەمانەی كە ڕابردوون خاڵی نەبوون لە دەست بەسەردا گرتن و چەوساندنەوە لە پێناو تێركردن دامركاندنەوەی حەز و ئارەزووەكان وە لە هیچ كۆمەڵگایەكدا جگە لە كۆمەڵكای مرۆڤایەتی سەرەتایی تەبایی و یەكسانی نەبووە لە پەیوەندییەكانی كار و بەرهەم هێناندا بۆیە لە سەر بنەماكانی ئەم ناتەبایی و نایەكسانی و نەگونجاندنەدا ئەنجامی ناتەبایی و نایەكسانی هاتەكایەوە و هەر چینە لە كۆمەڵگادا بە گوێرەی ڕێڕەوی بیركردنەوە و بەرژەوەندی چینەكەی هەوڵی دابینكردنی پێویستییەكانی ژیانی داوە . یەكێك لەو پەیوەندییانەش خۆشەویستی بووە كە لە گەڵا ناتەبایی چینایەتی و ڕادەی ئابوری كۆمەڵگادا نەگونجاوە بۆیە لە زۆر حاڵەتدا تەنها لە پێناو تێركردنی ئارەزووە سێكسییەكاندا ئەنجامدراوە، تەنها ئەگەر لە نێوان ئەندامانی یەك چیندا نەبووبێت. بەڵام كاتێك شێوەی پەیوەندییەكانی كار و بەرهەم هێنان شێوەیەكی تەبایی و یەكسانی وەرگرت ئەوا هەموو پەیوەندییەكانی تر لە ڕوانگەی ئەوەوە دێنە ئاراوە و گەشەدەكەن. شێوەی بەخشین و وەرگرتن بە گوێرەی توانا و وزەی مرۆڤ ڕۆڵی كاریگەری بینی ئەو كاتە هەریەكە لە سۆزی خۆشەویستی و سێكس یەكسان و تەبا دەبن لە خزمەت كردنی تێكڕای پێداویستییەكانی مرۆڤدا واتە ئەو كاتە هیچ كامیان نابنە پێوانەی ئەوی تریان.
خۆشەویستی بە پێویستییەكی فیكری و جەستەیی مرۆڤ هەژمار دەكرێت و لە ئەنجامی هەڵسوكەوتی بەردەوام و مامەڵە كردن لە گەڵ دەوروپشتی هەستپێكراودا و لە ژێر كارتێكردنی ڕادەی ئابوری و ڕوناكبیری بناغەو پێكهاتەكانی خۆشەویستی دروست دەبن ، واتە خۆشەویستی هەروەكو تێكڕای مامەڵەكردنی مرۆڤ لەگەڵ دەوروپشتیدا خۆی دەنوێنێ و مەحاڵە لە نەگونجاندنی پلەی ئابوری نێوان دوو كەس یان دوو كۆمەڵدا سەرهەڵبدات و گەشە بكات . بە واتایەكی دی هەریەكێك لە ئەندامانی چینێكی كۆمەڵ لەگەڵا چینێكی باڵاتر یان خوارتری كۆمەڵدا مامەڵەكردنی خۆشەویستی وەكو كڕین و فرۆشتنی كاڵاكان وایە.هەژارێك هێز و توانای باسكی ماندووی خۆی بە كرێیەكی كەم دەفرۆشێتە خاوەن بەرژەوەندییەكی باڵاو دەوڵەمەندەكەش بە گوێرەی وزە و توانای كرێكارەكە كرێكەی ناچارییەوە بەفیڕۆ دەدات ئەگینا گەر بۆی بلوێ‌ خوێنی دەمژێت و تەنها ئانەیەكیشی پێ‌ نادات. بەم جۆرە نە دەوڵەمەندەكە وزە و توانا و بەخشینی كرێكارەكە بە هەند وەردەگرێت و نە كرێكارەكەش ڕۆژێك لە ڕۆژان هەست بە بەخشندەیی و خۆشەویستی دەوڵەمەندەكە دەكات و گەر بۆی بلوێت بنكەو بنەمای سامانەكەی سەرەو ژێر دەكاتەوە.. بەڵام ئەگەر هەمان كرێكار و دەوڵەمەند بۆ هەر كارێكی بەرژەوەندی چینەكەی خۆی ببزوێ‌ ئەوا هەموو لایەنەكانی یەكسانی و تەبایی بەرژەوەندییەكان لێك دەداتەوە كە بەیەكیانەوە گرێ‌ دەدات.
خۆشەویستیش هەمان لێكدانەوە و بۆچوون لە خۆ دەگرێت، هەرگیز لە نێوان بەرز و نزمدا دروست نابێت و گەشە ناكات (واتە لە نێوان چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا) لەوانەیە هەندێك كەس ئەم وتەیەیان پێ‌ سەیر بێت و چەنەها نمونەی لاوەكی و لابەلا لەم جۆرە پەیوەندییانە بێننەوە كە لە نێوان چینە جیاوازەكانی كۆمەڵدا هاتبێتە ئاراوە، بە بڕوای من ئەم جۆرە پەیوەندییانە ئەگەر هەبن ناونانرێن خۆشەویستی ڕاستەقینە, چونكە لە بناغەدا ئەو جۆرە پەیوەندییانە بە شێوەیەكی هەستی یان نەستی بێت ڕق و كینەی چینایەتین و بە بۆیەی خۆشەویستی نەخشێندراون، ئەو جۆرە پەیوەندییانە كە ناودەبرێن بە (خۆشەویستی) لە ئاو و هەوای نائاسایی بارودۆخە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكاندا دروست دەبێت. بە واتایەكی دی ئەگەر كچێك كوڕێكی دەوڵەمەندی خۆش ویست ئەوا یان بارودۆخی چینایەتی و پلەی ئابوری چینەكەی خۆی ڕەتدەكاتەوەو دەیەوێت وەك چینێكی بەرزتری كۆمەڵ بژێت یان بە شێوەیەكی قوڵتر ئیرەیی بە چینە بەرزەكانی كۆمەڵ دەبات ئەو ئیرەییەش وەكو خۆشەویستی دەردەبڕێت.
بەم شێوەیە لە جیاتی ئەوەی ئەو پەیوەندییە نائاساییە ناوببرێت بە ڕق و كین و ئیرەیی چینایەتی، بە خۆشەویستی ناودەبرێت. بە هەمان شێوە كوڕە دەوڵەمەندەكەش مامەڵەی كچەكە وەكو تێكڕای كاڵاكانی دەوروپشتی دەكات و وەكو پێویستییەكی لەشی بیری لێ‌ دەكاتەوە ، لە زۆربەی كاتەكانیشدا لایەنە جوانی و سێكسییەكانی كچەكە پاڵ بە حەز و ئارەزووەكانییەوە دەنێت لەو پەیوەندییەدا بۆیە ( ئەگەر لێی تێر بوو وەلاوەی دەنێت و ئارەزووە سێكسی و لەشییەكانی دەستنیشانی لایەنێكی تری جوانی كیژێكی تری سەرەنج ڕاكێشەرتری سێكسی دەكات كە بە توانا ئابوری و كۆمەڵایەتییەكانی وەدەستی دێنێت).. هەمان بۆچوون و شێوەش پڕ بە باڵا و كاڵای ئەو پەیوەندییەیە كە لە نێوان كوڕێكی هەژار و كچێكی دەوڵەمەنددا ڕودەدات, بەڵام ئەنجام هەموو ڕێڕەوەكان دەگەڕێنەوە سەرچاوەی خۆیان و كۆتایی ئەم پەیوەندییانە بە كارەساتی نالەبار و دڵتەزێن و جیابوونەوە دێن. لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر یەكێك لەم پەیوەندییانە بەردەوام بوو ئەوا لایەنێكی پێوانەكە بە هۆی بارودۆخە سەپێنراوەكانی پەیوەندییە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان كە لەسەر چەوساندنەوە و دەستبەسەراگرتن دروست بووە لەنگ دەبێت, واتە لایەنێكیان (كە زۆربەی جارەكان ژنە هەژارەكانن) سەر بۆ یاسا و داب و نەریتی كۆمەڵگا شۆڕ دەكەن و لە دۆزەخی ژیاندا دەیگوزەرێنن كە كۆمەڵە یاسایەكی جیاوازیگەری بۆتە هۆی شێواندنی ڕوی ڕاستی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەكان. ئەم جیاوازیگەرییەش نەك تەنها لە نێوان چینە جیاوازییەكانی كۆمەڵدا ڕودەدات بەڵكو لە نێوان بەشەكانی یەك چینی كۆمەڵیشدا دروست دەبێت لە چەوساندنەوە و دەستبەسەردا گرتن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا