تێکۆشەر خالید: دوای سەدەیەک هێشتا نەگەیشتووین بە سەردەمی زێڕینی چیرۆکی کوردی

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

تێکۆشەر خالید، لە دایک بووی ١٩٨٩، سلێمانی نووسەر، چیرۆکنووس، ڕۆماننووسێکی لاوی کوردە، لە چیرۆکنووسانی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕینە، خاوەنی یەکەمین کتێبی مینیماڵە بە زمانی کوردی کە کتێبی بەڵێ، ھەڵەیەک ڕووی داوە و یەکەمین وەرگێڕانی کتێبی ماسی ڕەشی بچکۆلە-ی سەمەد بێھرەنگیییە. بە بڵاوبوونەوەی کتێبی کۆمەڵەچیرۆکی ئاسمانی سوور، زیاتر ناسرا. خاوەنی ھەندێک خەڵاتی ئەدەبییە لەوانە خەڵاتی ڕوانگە بۆ چیرۆک لە ساڵی ٢٠١٣.

کتێبە چاپکراوەکانی تێکۆشەر خالید

-بەڵێ، ھەڵەیەک ڕووی داوە (چیرۆک- مینیماڵ) ٢٠١٣ – یەکێتیی نووسەرانی کورد_ مەڵبەندی گشتیی

-ماسی ڕەشی بچکۆلە (چیرۆکی درێژ) ٢٠١٥- وەرگێڕان- سەمەد بێھرەنگی

-سوورئاسمانی  (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠٢

-یەک ڕۆژ چاوەڕوانیی (کۆمەڵە چیرۆک) ٢٠٢٠- وەرگێڕان

دیار لەتیف: بۆ ناساندنی چیرۆک باشترە بەوە دەست پێ بکەم، پێشەوای جیهانناسی مرۆڤ و کۆمەڵگە و ژیانە. بیرمەندان بە ئاوەز و چیرۆکنووسان بە کەرەستەی ئەندێشە دەست دەدەنە نەخشاندنی کەتوار و بەرجەستنەوەی. چیرۆک چووەتە ناو فەلسەفە و بەرەو ئاین چووە و سەروەتی ئاینە. بێ لە چیرۆک و شیعرییەت، ئاین دەکەوێتە بەر مەترسی  کاریگەری دانەنانەوە. ئاین بە پاڵپشتی چیرۆک، پاڵنەری کاریگەردانانە لەسەر تاک و کۆ. کەواتە چیرۆک ستوونی پشتی ئاینە و  ئاین بێ ئەو ستوونە کەمئەندام دەبێت. لەکاتێکدا ڕۆمان شووناسێکی سەرمایەداریانەی هەیە، هاوتای سینەمایە و دوانەیەکی لێک دانەبڕاون. ئەوەی چیرۆک بە نمرەی یەک و لەهەمانکاتدا شیعر  بۆ مرۆڤ و بە مرۆڤی دەبەخشن، ڕۆمان پێی ناکرێت. چیرۆک و شیعر بابەتی باسکردن و وتنەوەن، دەقاودەق یان بە کەمێک پێش و پاشەوە، بەڵام ڕۆمان توانای ئەوەی نییە.

سەرەتاکانی چیرۆکی هونەریی کوردی لە هەرێمی باشووری کوردستان، بۆ بیستەکانی سەدەی بیست، بە دیاریکراوی ساڵانی ١٩٢٥ـ١٩٢٦، لەسەر دەستی جەمیل سائیب چرۆی کرد. سائیب لە ڕۆژنامەی ژیانەوە بەشێوەی ئەڵقە ژمارەیی چیرۆکی لەخەومای نووسیوە و بڵاوکردووەتەوە. جگەلەوەی یەکەم چیرۆکی هونەرییە، هەمان وەخت یەکەم چیرۆکی کراوەی هونەرییە و بەمجۆرە دەتوانین بێژین چیرۆکی کوردی بە تەکنیکی کراوە هاتەنووسین.

لەبارەی چۆنییەتی کراوەیبوونییەوە شایەن بە لەسەر وتنە و مەبەستی منیش نییە لێرەدا بەرباسی بدەم. ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە چیرۆکی لەخەوما ڕێبازی کەتوارگەریی ڕەخنەگرانەیە و چیرۆکێکی کراوەی هونەرییە و کۆتاییەکەی نووسراوە (ماوێتی). لەڕاستیدا ئەو وشە لەوێدا نە گرنگە و نە بەهاشی هەیە. ڕێبازی چیرۆکەکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدە لە ئۆرووپا و ڕووسیا نەشونمای کردووە و نموونەی ڕۆماننووسانی وەک(بەلزاک ـ ستانداڵ ـ ولییەم گۆدووینی ـ تۆڵستۆی ـ دیکنز). مۆرکی ئەم ڕێبازە لە وێژەی کوردی،  لە جەمیل سائیبەوە دەست پێدەکات و، پەنجاکان کە ڕژێمی پادشایەتی دەکەوێت، گۆڕانکارییەک لە خەتی بابەتدا ڕوودەدات و سەرهەڵدەدات، هەرچەندە هێزی ئەم ڕێچکە تاوەکو ئێستا بە شێوازی گۆڕێنراو درێژەی هەیە.

پاش لەخەوما، چیرۆکنووسانی دیکەی وەک(ئەحمەد موختارـ حسێن عارف ـ پیرەمێردـ شاکر فەتاح ـ عەلادین سەجادی ـ حسێن حوزنی ـ ئیحسان موستەفا ـ فایەق زێوەر ـ محەرەم محمد ئەمین ـ محمد مەولود مەم ـ مستەفا ساڵەح کەریم ـ کاکە مەم بۆتانی ـ کاوس قەفتان ـ جەماڵ بابان ـ جەماڵ نەبەزـ کامەران موکری) بەردەوامیان بە ڕەوتی ڕەگەزی چیرۆکی کوردی دا. هەرچەندە حسێن عارف وردترێک لە کتێبی چیرۆکی هونەریی کوردی ئاماژەی بەم ناوانە داوە و ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە، لێکۆڵینەوەکەی تاوەکو شەستەکانی چیرۆکی کوردی کردووە، کە زۆر پێویست بوو دەیەی شەست و هەفتاکانیشی لە خۆ گرتبا،  ئەو دوودەیەی چیرۆکی کوردی بۆ توێژینەوەکە پیتاک دەبوو بە هۆکاری ئەوەی چیرۆکنووسێکی وەک سەدرەدین عارف، کە ڕێک لە شەست و حەوتەوە پاش حسێن عارف نەخشەی چیرۆکی کوردی لە کەشوهەوای لادێوە بۆ شارستانێتی سەپاند و نەکەوتە ژێر هەژموونی ئایدۆلۆژیای زاڵی قۆناغەکەوە.

ڕۆژنامە و گۆڤار ڕۆڵی ڕۆشنکەرەوەی بەرچاویان لەسەرخستنی چیرۆکی کوردیدا گێڕاوە، گەر ڕۆژنامە و گۆڤار نەبان، زۆرینەی چیرۆکی کوردی نەدەهاتنە بەرهەم. چاپەمەنی گەشەی بە چیرۆکی کوردی دا، لە ئەگەری نائامادەیی ڕۆژنامە و گۆڤاردا جێی گومان نییە چیرۆکی کوردی درەنگترێک لەوادەی خۆی سەری هەڵدەدا. ستەمێک بەرامبەر وێژەمان کرابێت لە چاپ نەدانەوەی سەرجەم ئەو چیرۆکانەیە لە ڕۆژنامەگەری کۆنی کوردیدا هەن. چاپدانەوەی لەچەند بەرگێکدا لەژێر ڕەچاوی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی ڕێزمانی کوردی، دەبێتە هۆکاری پتەوکردن و ڕێکخستنەوەی پەرشی لەئارابووی چیرۆکەکان، ڕیزکردنی بەپێی بەرواری ساڵی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکە و لە فەوتان ڕزگارکردنی سامانێک لە وێژەی کوردی.

خاڵێکی زەق لە بەشێکی زۆری چیرۆکی پێشینمان ئاشکرایی و ڕاستەوخۆییە؛ بەر وتاردان و پەند و ئامۆژگاری دەکەوین، ئەوەش خەساری کوشندەیە، ئایا لادان لە ڕێڕەوی هونەریی لە پێناو گەیاندنی پەیامدا بووە؟ پەیام قووربانیپێدەری ڕەگەزە هونەرییەکە بووە، ئایا خێرایی لە گەیاندنی پەیامدا وێژە دەخاتە دۆخی پابەندبوونەوە؟

بەشێوەیەکی گشتی کەمینەیەک چیرۆکنووسمان هەن، نەکەوتوونەتە ژێر هەژموونی مێگەلنووسییەوە. تەماشای مێژووی چیرۆکی پێشینمان بکەین دەبینین شاعیران ڕۆڵی بونیادنەریان لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە وێژەی کوردیدا هەبووە، نموونەی وەک: ئەحمەد موختار ـ پیرەمێرد ـ فایەق زێوەر ـ ئێبراهیم ئەحمەد ـ و هتد. ئایا هۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

بابەتی تەنز لە چیرۆکی کوردی، دەکرێت سەرەتای چیرۆکە خەندەیییەکان بۆ چیرۆکنووسانی وەک: سەلامی شاعیرـ عەلادین سوجادی ـ حسێن حوزنی، بگەڕێندرێتەوە؟ تەنز وەک حاڵەت لە چیرۆکی هەریەک لەم چیرۆکنووسانە دەرکەوتەی هەبووە. بەڕێژەیەکی کەمیش بێت بەشدارییان لەم ڕەگەزەدا هەبووە. ئایا چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین توانیویانە تەنز لە چیرۆکدا بڕەنگێنن؟ئایا چیرۆکی کوردی مافی بە نەخشاندنی ڕەگەزی تەنز داوە؟ گرنگی تەنز بۆ چیرۆک چییە؟.

قۆناغی تازە شێوەی نوێی گوزارشتی لەگەڵ خۆی هێنا، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست جۆرێک لە وێژە سەری هەڵداوە  بە ئەدەبی سەردیوار ناوزەد دەکرێت. ئەم تەرزە شێوە نوێیە پێرفۆرمانسە وێژەییە لە سەروەختی نا ئارامی و ناسەقامگیری مۆرکی خۆی دەسەپێنێت. چ لە شۆڕشەکان و چ لەخۆپێشاندانەکان سوودی زۆر لەم تەرزە وێژەییە وەردەگیرێت. ئەم تەرزە وێژەییە کە وێژەی سەر دیوارە، چووەتە ناو مەجازەوە. لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا شێوە دەربڕاوێک درووستبوو بەناوی هاشتاگ؛ هاشتاگ ڕستەیەک، یان کۆپلەیەکی چڕکراوی زمانەوانییە و خاوەن پەیامێکە. دەکرێت بە چرکانە چیرۆک بیناسێنین، چرکانە بە واتای چیرۆکی ڕستەیی و کورتیلە چیرۆک. پەیام زاڵترە لە هونەرکاری و لەهەمانکاتدا ڕووداو لەگەڵ گڕێچن ئامادەیی نییە. پێکداچوونەوەی نێوان ڕەگەزەکان و ئاوێتەبوونیان و کشانەوە و لق لێ بوونەوەی، وادەکات فۆرمی تازە بێتە سەرهەڵدان.

ڕەهەندی مرۆڤدۆستی لە قۆناغی نوێی چیرۆکی کوردی و ڕەهەندی بەرگری لە قۆناغی کۆنی چیرۆکی کوردی ئامادەییان هەیە، چیرۆک پێش ڕەچاوکردنی ڕەهەندی مرۆڤدۆستی و بەرگری، پێویست دەکات هونەریی بێت. ئاخۆ شەقڵی چیرۆکی چیرۆکنووسانی پاش ڕاپەڕین و چیرۆکنووسانی دوای دوو هەزار و دە، لە چیدایە؟ ئایا جیاوازییەکان زۆرترێکن، یان لێکچوونەکان؟

تێکۆشەر خالید:چیرۆک یان ئەوەی کە لەگەڵیدا تەبام بەر لە هەر شت گێڕانەوە کە چاوگی هەر شتە، تەواوی ڕوودانە چرکەساتییەکان و ئەندێشە دیسان چرکەساتییەکانە. جا دواتر ئەو گێڕانەوە یان دیسان ڕێسیتەیشنە، دەیان پارچە پەزڵی وێنەیەکی گەورەترە بە ناوی ئایین یان هەر شتە کە کاریگەریی لای ئینسان درووست دەکات. کەواتە ئەوەی هەیە کاریگەریی گێڕانەوەیە، چیرۆکیش ژانرێکی تەواو دۆستی ئەو چەمکەیە.

تەمەنی چیرۆکی نووسراوی کوردینووس بە نزیکەیی ئەوپەڕی بۆ سەدەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەڵبەت ئەوە پەیوەست بە باشووری کوردستانە؛ لە ڕۆژهەڵات هەر پەنجا ساڵێکە و لە پێکەنینی گەدای حەسەن قزڵجییەوە دەست پێ دەکات. تەمەنی چیرۆکی نووسراوی هونەریی کوردیی کورتە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بازی گەورەی داوە بۆ بەجێهێشتنی قۆناخەکانی پێش-خۆی، لەگەڵ سەردەمەکاندا.

ئەگەر بە وردی بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە، دەبینین کە سەرەتاکانی ئەدەبی گێڕانەوە- چیرۆک کۆنترە لەو دەستنیشانکردنەی ئێستامان، ئێمە عەقیدەی کوردی، مەولانا خالیدی نەقشبەندیمان هەیە ١٧٧٩-١٨٢٧، پاشان مەولوودنامەکەی شێخ حسەینی قازی ١٧٩٠- ١٨٦٨ کە لە یەکەمین گێڕانەوە پەخشانییەکانی ئێمەن. بەڵام ڕوونە یەکەمین چیرۆکی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکە تەواونەکراوەکەی فوادی تەمۆ بە ناونیشانی چیرۆک کە لە ژمارە یەک و دووی گۆڤاری “ڕۆژی کورد“ـی کۆمەڵەی “هێڤی“، لە ئیستانبووڵ دەرچووە، بڵاو کراوەتەوە. بۆ ئێمە وەکو مێژوو، لە خەوما گرنگە، لەبەر ئەوە نا کریتیکاڵ ڕیالیزمە، لەبەر ئەوەیە لە یەکەم هەنگاوەکانی بەرەو نووسینی چیرۆکی هونەرییە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە یەکەم چیرۆکی کوردی نییە لە باشووری کوردستان، بەڵکو بەر لە چیرۆکی لە خەوما، چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە کەریم سەعید زانستی نووسیویەتی بە ناوی بۆچی جلخوارم؟ ئەو چیرۆکە چوار مانگ بەر لە چیرۆکەکەی جەمیل سائیب بڵاو بووەتەوە. لاموایە دەبێت ئەوە ڕاست بکەینەوە.

دوابەدوای بۆچی جلخوارم؟، لە خەوما و مەسەلەی ویژدان-ـی ئەحمەد موختار بەگی جاف‌ ١٩٢٧ – ١٩٢٨ کە دووەم و سێیەمیان سەر بە کریتیکاڵ ڕیالیزمن. چیرۆکی کوردی بەرەو ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی دەچێت، هەرچەندە لە ئێستادا چیرۆکی ئێکسپریسیۆنیزمیش سەری هەڵداوە، بەڵام چیرۆک قۆناخێکی دوورودرێژی لەگەڵ ڕێبازی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتییدا بەڕێ کرد، کە جگە لە دانانەوەی کارەکتەری ڕاستەقینە و گواستنەوەی کەرەستە و چیرۆکی ڕاستەقینەی زۆرجار سەرزاران؛ ڕێی تێ دەچێت بڵێین زیاتر نەبووە. ئەمە لەنگیی نییە، ئەوەندەی بۆ دۆخ و ژینگەی ئەو ساتانە گرنگ و بۆ ئێستامان ئەگەر ژێرخانێکی تۆکمەیش نەبێت، هێشتا بەهای مێژوویی و شانازییان هەیە.

بە دڵنیایییەوە، ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگیان هەبووە لە سەرخستنی ڕەوت و دەرکەوتنی چیرۆکی کوردیدا، نەک هەر ئەوە، ئەوەتا لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەردەمی مێجەرسۆندا، لە ڕێی ڕۆژنامەی پێشکەوتن‌ـەوە، دەست کرا بە بەکوردی-نووسین. یەک لەو نووسینانەیش هەر جەمیل سائیب بە ناوی ڕۆژەوەبوونێک دەینووسێت. هەر لەوکاتەدا شێخ نووری شێخ ساڵح و زەکی سائیب دەردەکەون.

پەیام لە چیرۆکی کۆن و نوێدا لە دوێنێ و لە سبەینێیەکیشدا، ئامادەیی هەیە. خودی گێڕانەوە، پەیام و ڕازە. بەڵام بە بڕوای بەندە، ئەو هونەرەی لە ڕازی گێڕانەوەدا هەیە، لە خودی پەیامدا نییە، ئەمە بۆ چیرۆکی مۆدێرن. بەشێکی زۆری چیرۆک لە حەفتاکانەوە تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش، بە هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەمەکەوە، هاندان و پەند و ئامۆژگاریی خستنە ڕستەوە، هەرچیی ڕەگەزی جوانیی- هونەرییە لە چیرۆکی دادەماڵی. قارەمانی جۆکەر و ڕەنجبەری بێفێڵ و دەرەبەگی دڵڕەقی نیشان دەدایت، دەقی بێگیانی بەرهەم دەهێنا. بارودۆخەکە ئەوەی دەخواست، تێگەیشتنی کۆ بۆ نووسین و خوێندنەوە ئاوا بوو.

ئەوەی کە هەندێک لە شاعیران، ڕۆڵی بونیادنەرانەیان هەبووە لە دامەزراندن و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆک لە ئەدەبی کوردیدا، بە ڕێکەوتێکی ئاسایی دەبینم. حاجی تۆفیق، جگە لەوەی شاعیر بووە، ڕۆژنامەنووس و خاوەنی ڕۆژنامە بووە، پەندەکانی نووسیونەتەوە، چالاکوان و وەرگێڕی زمانی تورکی بووە. مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد هەروەتر. ئەحمەد موختار بەگی جافیش. باشە، ڕوونتر ئێستا چۆن ئاسایییە، دیار لەتیف هەم شاعیر و چیرۆکنووس و هەمیش ڕۆژنامەنووسە. ئاوایش بۆ ئەو زاتانە ئاساییە. واتە من وای نابینم ئەو کەسایەتییانە شاعیر بووبن ئینجا کاریان لە ڕەوت و جێگرکردنی ڕەگەزی چیرۆکیشدا کردبێت. بەڵکو وای دەبینم کە توانستی ئینسانێکی بەهرەوەر لە سکووڵی ئەدەبدا هەمەچەشنە بێت. ئێستا بۆ نمونە شاڵاو حەبیبە، شاعیرێکی نوێی کوردە، چەند چیرۆکێکی زۆر سەرنجبەریشی نووسیون، خەمی کوردینیووسین و فەرهەنگی کوردی لەبەرە. وەرگێڕێکی ورد و ڕۆژنامەنووسیشە. لام وا نییە بە هۆی شاعیربوونەکەیەوە، ئەو کارانەی دیکەی لە ئەدەبیاتدا کردبن.

تەنز لە چیرۆکی کوردیدا زۆر نادیارە، کەمترین بایەخی پێ دراوە، کۆتایییەکانی ٢٠١٩ و سەرەتاکانی ٢٠٢٠ کۆمەڵەچیرۆکی ئاسمانی سوورم دەنووسی. زۆر بیرم لەم خاڵە کردەوە. لە خەمی ئەوەدا بووم کە چی لە چیرۆکی ئێمەدا ونە و کەم بایەخی پێ دراوە. من لەو کۆمەڵە چیرۆکەدا و ئەوەندەی پەرژاوم، تەنزم بەکار بردووە. چونکە چیرۆکی کوردی گرنگی بە تەنز نەداوە. بەڵام هێشتا ڕازی نیم، تەنز یەک لە دەمارەخانەکانی چیرۆکە. دەکرێت زیاتر گرنگیی پێ بدرێت. لەم دواییانەدا سێینەیەکی ئاگۆتا کریستۆفم خوێندەوە؛ دەفتەری گەورە، بەڵگە و سێهەم درۆ. سێینەی ڕۆمانێکی زۆر تایبەت کە پێشنیاری دەکەم بۆ خوێندنەوە. چیرۆکەکەی ئاوایە: جەنگ دوانەیەک هەڵدەداتە ناوچەیەکی سەرسنوور و پاشان لە یەکیان دادەبڕێت. لە ناو ئەو هەموو سەختی و دژوارییەدا، لە ناو دوکەڵ و تاریکی جەنگ و کاولکارییدا، دیالۆگی تەنز و ئاکاری دوو کوڕیژگەکە، چیرۆک و ڕووداوەکانی بۆ هەمیشە لە زەین و بیری خوێنەردا بە نەمری هێشتووەتەوە.

سۆشیەڵمیدیا وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ هەر شتێک کە لە بووندا دەبینرێت. ئەدەبیات و هونەر پشک و پڕیشکی گەورەی ئەو گۆڕانکاریییە مەزنە دەیانگرێتەوە. وەک چۆن دیجیتاڵ ئاڕت، جێی بە فڵچە و بۆیە و پێنووس لێژ کردووە. ئاوایش سۆشیەڵمیدیا ئەدەبیاتی بەرەو قۆناخێکی دیکەی نیشاندان پەلکێش کردووە. نەک تەنیا لە ڕووی بینینەوە، بگرە لە ڕووی دەربڕین و شێوەی نووسینیشەوە. ئەو گۆڕانکاریییانە دەبینین.

ساڵان لەمەوبەر و لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆمەڵەچیرۆکی بەڵێ، هەڵەیەک ڕووی داوەم بڵاو کردەوە. پوختەکراوی حەوت ساڵی سەرەتای چیرۆکنووسینم بوو. جگە لە چەند چیرۆکێک کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوم کردبوونەوە، کۆمەڵەچیرۆکی بەڵێ، هەڵەیەک ڕووی داوە نزیکەی پەنجا مینیماڵی لەخۆ دەگرت کە یەکەم کتێبی نووسراوی مینیماڵ بوو بە زمانی کوردی. سەر-لە-دووی پەیڕەوی مینیماڵیستەکان کەمیش زۆرە، ناونیشانیشم خستە خزمەتی چیرۆکە یەک هەناسەییەکانەوە. لەوێدا ڕەگەز و هونەری چیرۆک و مینیماڵم پەیڕەو کردووە. ڕووداو هەیە و پڵۆت و پاشان لە وێنە گەورەکەدا بە پەی-پێ-بردن پەیام و ڕاز دەدرکێت. ڕێک بە پێچەوانەی پووشوپەڵاشەکانی سۆشیەڵمیدیا؛ هەر ئەو تەوژم و ڕەشەبایەی کە جوانییەکان لوول و ژێروژوور دەکات.

ئەوەی کە تۆ سەرنجت بۆی چووە و لە سۆشیەڵمیدیادا باوە؛ هاشتاگ؛ بە تەنیشی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، یەک لە گەورەترین ڕووداوە پەیامکارە ڕووتەکانە کە مێژوو بە خۆیەوە بینیووە. لە ڕاستیدا جیهانیش هەر بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت. بەرەو بێهەستی و سڵکردنەوە لە هونەر و ئەدەبیات.

بە پێشگری ئەوەی کە پێویستە لێکۆڵەر و توێژەری تایبەتمەند ئەو بەراوردکارییە بکات، من وەک خوێنەرێکی ئاسایی ئەم ڕایە دەردەبڕم، ئەگەر دە ساڵ بۆ هەر قۆناخێک دابنێین، ئەوا ئێمە ئێستا نەوەی سێیەمی دوای ڕاپەڕین دەخوێنینەوە. نەوەی یەکەم ١٩٩١-٢٠٠١ و نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین ٢٠٠٢-٢٠١٢ بەجۆشتر بوون، نەوەی حەفتاکان و هەشتاکان تێکەڵ بە نەوەی یەکەمی دوای ڕاپەڕین بوونەوە، سەردەمی بووژانەوەی کولتوور و ئەدەبیات و ڕۆژنامەگەریی بوو، هەروەتر نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕین؛ ئەو نەوەیە چاوکراوەتر و خاوەنی دونیابینییەکی فراوانتر بوون، لە دۆخێکی جێگرتر و ئارامتری سیاسی و کۆمەڵایەتییدا بوون. چیرۆکەکانیان زۆرتر تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی نوێیان تێدا دەبینرێتەوە. دەستیان لە هێماگەری و زمانی شاعیرانە هەڵگرت، بایەخیان بە ڕەگەزەکانی چیرۆک دا. سەردەمی بووژاندنەوەی کتێبخانەی کوردی بوو، وەرگێڕان و ناساندنی ئەدەبیاتی جیهان، ئاستێکی بەرزی تۆمار کرد. هەرچی نەوەی سێیەمی دوای ڕاپەڕینیشە ٢٠١٣- لە پاڵ بەردەوامیی نەوەکانی پێش خۆیان لەم قۆناخەدا، تا ئێستا ئەوەی دەرکەوتوون چەند چیرۆکنووسێکن، هەندێکیان هەوڵەکانیان دەبینرێن، بەڵام وا دیار نییە کە بتوانن گۆڕانکاریی گەورە لە ڕەوتی چیرۆکی کوردیدا بکەن.

ڕوونە دوای سەدەیەک هێشتا نەگەیشتووین بە سەردەمی زێڕینی چیرۆکی کوردی، هێشتا ژمارەی چیرۆکنووسانی کورد بە پێی قۆناخەکان جێی دڵخۆشیی نییە. بەڵام گۆڕانکاریی گەورە لە زمان و هونەری گێڕانەوەی چیرۆکی کوردیدا بەدەست هاتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا