مێژووی ئەلفبێی کوردی

نووسینی: د. تۆسنی ڕەشید
لە کورمانجییەوە: ژیار ھۆمەر

سەدان ساڵە کورد ئەلفبێی ئارامی (عەرەبی)ـی بەکار هێناوە و تا ئەمڕۆکەیش لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەر ئەو ئەلفبێیە بەکار دێ، گەلێک بەرهەمی بەنرخ بەو ئەلفبێیە نووسراوە و چاندی کوردییان دەوڵەمەند کردووە.

دوو پەڕتووکی ئایینی ئێزیدی: «مەسحەفا ڕەش» و «کتێبا جیلوە» بە ئەلفبێیەکی تایبەت نووسراونەتەوە. بەڵام دواتر بەرهەمی زۆرمان بەو ئەلفبێیە پێ نەگەیشتووە و بە فراوانی بەکار نەهاتووە.

ساڵی ١٩١٣ حوکومەتی ئیمپڕاتۆریی ڕووسیا بڕیار دەدا ئەلفبێیەکی تایبەت بۆ کوردەکە چێ بکرێ و ئەو ئەرکەیش بە ڕۆژهەڵاتناس هۆڤسێپ ئۆربێلی ڕادەسپێردرێ کە بەر لەوە دوو جار چووبووە ناو ئەرمەنییەکانی مۆکس و لەوێ لەگەڵ کوردەکانیش (بەتایبەتی لەگەڵ مورتولە بەگ) ببووە ناسیاو و نموونەی فۆلکلۆری کوردییشی گلێر کردبووەوە، بەڵام جەنگی جیهانیی یەکەم هەڵدەگیرسێ و پاشان شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەسەردا دێ، بۆیە ئەو کارەیش سەر ناگرێ.

دوادواییەکانی ساڵی ١٩٢٠ حوکومەتی سۆڤێت لە ئەرمەنستان دادەمەزرێ. لە یەکەمین بڕیارەکانی حوکومەتی ئەرمەنستانی سۆڤێت، بڕیارێک بوو بۆ کەمەنەتەوەکانی کۆمارەکە کە مافی پەروەردەیان بە زمانی خۆیان بێ. کورد یەکێک بوو لەو کەمەنەتەوانە و بە گوێرەی ئەو بڕیارە دەبوو لە گوندە کوردییەکان خوێندنگای کوردی بکرێتەوە. پێویستە ئاماژە بەوەیش بدەرێ، زۆرینەیان ئێزیدی بوون.

ئەو بڕیارە بۆ خۆی پرسی ئەلفبێ و پەڕتووکی بە زمانی کوردی ڕسکاند. ئەو ساڵانە لەناو کوردی ئەرمەنستاندا ڕێژەی خوێندەوار کەم بوو و کورد پێویستی بە ئالیکاریی ڕووناکبیری بوو. دەبوو ئەلفبێیەک بێتە ئاراوە، دەبوو پەڕتووک بنووسرێ و چاپ بکرێ، دەبوو مامۆستای زمانی کوردی ئامادە بکرێ.
لەو هەلومەرجە دژوارەدا ڕووناکبیرانی گەلانی دراوسێ، بەر لە هەموویان ئەرمەنییەکان، دەستی هاوکارییان بۆ گەلی کورد درێژ کرد.

باری ئامادەکردنی ئەلفبێی کوردی و نووسینی یەکەمین پەڕتووک بە زمانی کوردی بە ئەلفبێی نوێ، لازۆ (هاکۆب خازاریان ١٨٦٩-١٩٢٦) لە ئەستۆی خۆی دەگرێ. ئەو لەسەر بنچینەی پیتی ئەرمەنی ئەلفبێیەک بۆ زمانی کوردی دادەنێ و پاییزی ساڵی ١٩٢١ حوکومەتی کۆماری ئەرمەنستان لە شاری ئێچمیادزین یەکەمین پەڕتووک بە زمانی کوردی، بەو ئەلفبێیەی لەسەر بنچینەی پیتی ئەرمەنی ڕۆنرابوو، بە ناوی «شەمس» چاپ دەکا. لازۆ دانەری پەڕتووکی «شەمس» بوو.

بە بڕوای ئێمە، لەبەر ئەوەی ئەوساکە کوردی ئەرمەنستان زۆربەی زۆریان ئێزیدی بوون، هەر لەبەر ئەوەیە ناوی «شەمس»ـی بۆ پەڕتووکەکەی هەڵبژاردووە. بەو شێوازە دەیویست ئێزیدییەکان پتر بە خوێندنەوەوە گرێ بدا.
لازۆ (هاکۆب خازاریان) خۆی ئەرمەنیی بازیدی باکووری کوردستان بوو. لەنێو کورددا گەورە ببوو، چاک شارەزای زمان و فۆلکلۆر و دابونەریت و هەڵستان و دانیشتی کورد بوو. کاتی خۆی، لازۆ لەناو ئەرمەنییەکانیدا نووسەرێکی بەناوبانگ بوو و بەرهەمەکانی بە ناوی خوازراوی «بایازێتسی»ـیەوە بڵاو دەکردەوە. زۆرینەی بەرهەمەکانی لەمەڕ ژیانی کورد بوو.

پێویستە بگوترێ لازۆ خاوەنی سیناریۆی یەکەمین فیلمی کوردییە بە ناوی «زەرێ» کە ساڵی ١٩٢٦ دەرهێنەری بەناوبانگی ئەرمەنی هامۆ بەکنازاریان لە ستۆدیۆی «ئارمێن‌فیلم» بەرهەمی هێناوە. ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەم بە دەیان هەزار کوردی ئێزیدی لە سەرحەد کوژران، هەردەوێڵ بوون، بوونە پەنابەر. زۆرێک لەوانەی لەو مەرگەساتە قوتاریان بوو، هەتیو کەوتن. حوکومەتی ئەرمەنستان چەند هەتیوخانەیەک بۆ ئەو زارۆکانە دەکاتەوە، یەکێکیان لە شاری ئاشتاراک بوو. لەو هەتیوخانەیەدا دەوروبەری ٦٠ منداڵی کوردی ئێزیدیی تێدا بوو. بەڕێوەبەری هەتیوخانەکە نوور پۆلاتۆڤا بوو، کچی عەگید ئاغای خانەدان لە هۆزی سیپکا، خوشکی شۆڕشگێڕی بەناوبانگی کورد؛ فێریک پۆلاتبێکۆڤ.

سا بۆ یەکەمین جار لازۆ پەڕتووکی «شەمس» لەو هەتیوخانەیەدا بەکار دەهێنێ تا منداڵە کوردەکان فێری خوێندن و نووسینی کوردی بکا.
ئەو ساڵانە حوکومەتی کۆماری ئەرمەنستان لە گوندە کوردییەکاندا خوێندنگای کوردی دەکاتەوە. خوێندن لەو خوێندنگایانەدا بە ئەلفبێکەی لازۆ بوو.
ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٨ ئەلفبێکەی لازۆ لە خوێندنگا کوردییەکاندا بە فەڕمی بەکار دێ. سەرەتای ساڵی ١٩٢٢ لەسەر پێشنیاری لازۆ و نووسەر و دەنگبێژی بەناوبانگی کورد ئەحمەدی میرازی، حوکومەتی گورجستان لە شاری تبیلیسی، خوێندنگای ئێواران بۆ کرێکارە کوردەکان دەکاتەوە. لازۆ و ئۆلگا خازاریانی هاوژینی مامۆستای ئەو خوێندنگایە بوون. ئەو خوێندنگایە لە مێژووی کوردانی سۆڤێتدا ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. زۆرێک لە ڕووناکبیر و سیاسەتمەدارانی کوردانی سۆڤێت لەو خوێندنگایەدا دەستیان بە خوێندن کردووە. لەو کەسانەی لەو خوێندنگەیەدا خوێندوویانە ئەم ناوانە دەبینین: زمانناس قاناتی کوردۆ و مێرخاسی یەکیەتیی سۆڤێت چەرکەز باکایێڤ، سیاسەتمەدار سەمەند سیابەندۆڤ، یەکەمین بەرپرسی ڕۆژنامەی «ڕیا تەزە» جەردۆی گەنجۆ و زۆرێکی دیکە.

بەڵام ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی ئەرمەنی لە ئەرمەنستان بە فەڕمی ددانی پێدا نەنرا. لە لایەکی ترەوە، کوردە ئێزیدییەکانی ئەرمەنستان، ساڵی ١٩٢٥ داوایان لە حوکومەتی یەکیەتیی سۆڤێت کرد ئەلفبێیەکیان لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی بۆ دابنرێ.

ساڵی ١٩٢٨، ئیسحاک ماراگوولۆڤ و عەرەبی شەمۆ، ئەلفبێی کوردییان لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی دانا. هەر لەو ساڵەیشدا ئیسحاک ماراگوولۆڤ و عەرەبی شەمۆ یەکەمین پەڕتووک بە زمانی کوردی (بە پیتی لاتینی) چاپ دەکەن. خەریکە گشت ڕووناکبیرانی کورد ئەو حەقیقەتە مێژوویییەیان لە بیر دەچێتەوە! ئەلفبێی کوردی بە پیتی لاتینی هەر دەدەنە پاڵ ناوی جەلادەت بەدرخان! بەڵام جەلادەت بەدرخان ساڵی ١٩٣٢ لە کۆواری هاوردا ئەلفبێی کوردیی بە پیتی لاتینی بڵاو کردووەتەوە. چوار ساڵ دوای ئیسحاک ماراگوولۆڤ و عەرەبی شەمۆ چەند پەڕتووکێکی کوردییان بە ئەلفبێی لاتینی چاپ کردووە.

ئیسحاک ماراگوولۆڤی ئاشووری ساڵی ١٨٦٨ لە گوندی «دڤین»ـی ئەرمەنستانی ئەمڕۆ لە دایک بووە. دڤین دەکەوێتە باشووری شاری ئێریڤان. زۆرینەی دانیشووانی ئەو گوندە تا هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤێت هەر ئاشووری بوون. ئیسحاک مارۆگوولۆڤ ھەر لە زارۆکایەتییەوە تێکەڵی کورد دەبێ و فێری زمانی کوردی دەبێ؛ بنەماڵەکەیان ھاوینان لەگەڵ کوردەکان دەچوونە زۆزانان. بەڵام ساڵی ۱۹۰٥، لە گوندی «زۆر»ـی سەر بە ناوچەی ئیدرێ لە پارێزگای سوورمەلی، دەبێتە مامۆستا. خەڵکی ئەو گوندە ھەموویان کوردی ئێزیدی بوون.

خوێندن لەو خوێندنگایەدا بە زمانی ڕووسی بوو. بە گوێرەی بڕێک سەرچاوە، ئیدی لەو کاتەدا کەڵکەڵەی دانانی ئەلفبێی کوردی لای ئیسحاک مارۆگوولۆڤ دەپشکووێ.
ساڵی ۱۹۲۹ خوێندنگا کوردییەکانی کۆماری ئەرمەنستان گشتیان بە فەڕمی چوونە سەر ئەلفبێی پیتی لاتینی. ھەموو کوردەکانی سۆڤێت قبووڵیان کرد. لە خوێندنگە کوردییەکانی کۆماری ئازەرباجان، تورکمێنستان و گورجستانیش خوێندن و نووسین بەو ئەلفبێیە بوو، پەڕتووکی کوردی هەر بەو ئەلفبێیە چاپ دەبوو.

لە ئاداری ساڵی ۱۹۳۰ بەو ئەلفبێیە دەست بە دەرکردنی ڕۆژنامەی «ڕیا تەزە» دەکرێ. بەڵام تەمەنی ئەو ئەلفبێیەیش زۆر نەخایاند.
ساڵی ۱۹۳۸ ڕێژیمی ستالین ئەو ئەلفبێیەی بە ئەلفبێی داگیرکەران ناودێر و پاوان کرد.

حوکومەتی کۆماری ئەرمەنستان ساڵی ۱۹٤١ بڕیارێک دەردەکات کە ئەلفبێیەکی نوێ بۆ کوردەکە لەسەر بنچینەی پیتی کیریلی دابنرێ. بۆ ئەو کارەیش لیژنەیەک پسپۆڕ پێک دەھێنرێ و لیژنەیەکەیش کاری دانانی ئەلفبێیەکە بە حەجی جندی ڕادەسپێرێ. ساڵی ۱۹٤٤، ئەلفبێ نوێیەکە سەرەتا لە لایەن لیژنەی پسپۆڕانەوە، دواتریش لە لایەن حوکومەتی ئەرمەنستانەوە قبووڵ دەکرێ و لە کۆمارەکەدا دەبێتە ئەلفبێی فەڕمیی کورد. کوردانی گورجستانیش ئەو ئەلفبێیە بەکار دەهێنن. بەڵام خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە کۆماری ئازەرباجان و تورکمێنستان ساڵی ١٩٣٨ دەستی پێ کرد، تا هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، هەر ڕێبەند بوو. وەک دیارە کاریگەریی سیاسەتی تورکیایان لەسەر بوو.

پاش ھەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، لە کۆماری ئازەرباجان چەند پەڕتووکێک بە زمانی کوردی چاپ بوونە، کەچی لە تورکمێنستان لە ساڵی ۱۹۳۸ـەوە ھەتا ئەمڕۆ ھیچ بەرھەمێکی کوردی چاپ نەکراوە. پێویستە ناوی دۆستەکانی گەلی کورد، ئەوانەی خزمەتیان بە زمان و وێژەی کوردی کردووە: لازۆ (ھاکۆب خازاریان) و ئیسحاق مارۆگوولۆڤ لە بیر نەکەین. ئاواتمە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوردستان خوێندنگا بە ناویانەوە بکرێتەوە.
سەرچاوە:
Ji dîroka Alfeba (ABC) Kurdî \ Dr. Tosinê Reşîd \ Avestakurd.Net (Ji Kurmancî bo Soranî: Jiyar Homer)

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا