نوسینی: رێبوار ئەحمەد
مانی ۲۱٦ ز – ۲۷٦ ز، حەکیم و پزیشک و شاعیر و وێنەکێش و پێغەمبەریش بوو.
مانی کوڕی فاتیک لەبابل لەدایک بووە و دامەزرێنەری ئاینی مانیە . مانی ئەم ئایینەی دروستکرد بەگشتی لەهەرسێ ئایینی زەردەشتی و مەسیحی و بووزی سێ سەدە دووای مەسیح و چوار سەدە پێش هاتنی ئیسلام. مانی زۆر ئازادانە لەدەرباری ساسانیەکاندا ئایینەکەی بڵاو دەکردەوەو شوێنکەوتوانی تادەهات زۆر دەبوون هەتا ئەوکاتەی زەردەشتیەکان بەڕابەرایەتی موبەدی زەردەشتیان و کاهینەکانیان تاوانباری دەکەن بە شێواندنی باوەڕی فەرمی و بەلەڕێ دەرچوو. ئیتر بەفەرمانی ئیمپراتۆر دەگیرێت دەخرێتە زیندان بە کۆت و زنجیرکراوی تادەمرێت بەزنجیرەوە. دوایی پارچە پارچەی دەکەن و سەری بەدەروازەی شاردا هەڵدەواسن ، بەخراپترین و توندترین شێوە شوێنکەوتوانی سزا و ئەشکەنجە دەدرێت.
ئەم ئاینە لەبڵاوبونەوە بەردەوام بوو لەووڵاتی چینەوە تا ئیسپانیا و بەتایەتی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی تا لەسەدەی شەشدا مەسیحیەت لەڕۆژ ئاواو پاشان بڵاو بونەوەی ئیسلام لەڕۆژهەڵات سەرەڕای بودیزم و کۆنفۆشیۆسی هەموو دژایەتی ئەم ئاینە دەکەن و ووردە ووردە ئەم ئاینە بەرەو پوکانەوەچوو. لەئیسلامدا پێیان دەگوترا زەندیق و تەنانەت لەسەردەمی عەباسیەکاندا دیوانی زەنادیقەیان بۆدانرا ، دەزگایەکی فەرمی خەلافەت بوو بەتایبەت بەشوێن زەندیقەکاندا دەگەڕا و یەکێک لەوشتانەی کەپێی دەناسرانەوە گۆشت نەخواردن بوو چونکە لە مانەویەتدا گۆشت خواردن قەدەغەیە و میوەو دانەوێڵە دەخۆن.
زۆر کەس گومانی باوەڕ بەئایینی مانی لێکراوە لەشارستانیەتی ئیسلامیدا دیارترینیان کەتۆمەتباردەکرێت بەمانەویەت شاعیروحەکیمی گەورەی عەرەب ئەبوعەلای مەعەڕییە. ئاینی مانی ئاینێکی دووانەیی بوو باوەڕیان بەڕوناکی و تاریکی هەبوو. وێنەکێشان موعجیزەی مانی بوو ، هەرکاتێک داوای موعجیزەی لێبکرایە ئەو تابلۆیەکی بۆدەکێشان!
کوردیش سەرەڕای ئەوەی لەڕابوردوودا ، پێش ئیسلام هەندێکیان لەسەر ئاینی مانی بوون ، بەڵام لەئیسلامیشدا بێئاگا نەبوون لە هەواڵی مانی.
ئەوەتا مەلا خدری نالی کاتێک دەیەوێت وەسفی جوانی برۆی حەبیبە بکات ، نالی دەڵێت:
مانی نییەتی ، قووەتی تەصويری برۆی تــــۆ
ئەم قەوسە بەدەستی موتەنەففیس نەکشاوە