پۆڵه‌تیك پرێس:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕه‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كه‌ركوك، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتیش دەڵێت:”تائێستا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌كه دیارینەكراوە، بەڵام دەمانەوێت كێشەكان چارەسەربكەین”.
پارتی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك بە بڕیارێكی دروست دەزانێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، له‌وباره‌یه‌وه‌ی دیاری حسێن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ركوك و ئەمجارە بە دڵنیاییەوە پارتی بەشداریی له‌هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه دەكات”
دیاری حسێن جه‌خیتكرده‌وه له‌وه‌ی، “بە دڵنیاییەوە پارتی وەك جاری پێشوو ناكات بەشداری لە هەڵبژاردن نەكات، بەڵكو ئەمجارە بەشدار دەبێت، بەڵام بارودۆخی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم كە كێشەیان بۆ دروستبووە دەبێت ئاسایی بكرێنەوە”.
به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی، لەگەڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی داوه بۆ گه‌ڕانه‌وه پارتی بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام ده‌ڵێت كات دیارینەكراوە بۆ وەرگرتنەوەی باره‌گاكانمان، “بەڵام بڕیاری سەرۆك وەزیران هەیە و ئاگاداری ئەو هێزانەكراوە كە لە باره‌گاكانی ئێمە نیشتەجێن، كە دەبێت چۆڵبكرێت و ڕادەستی ئێمە بكرێنەوە”.
سەبارەت بەوه‌ی ڕێكەوتنەكەی شه‌نگال تا چەند په‌یوه‌ندی به گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك هه‌یه دیاری حسێن وتی:”هەمووی یەك بابەتە، چونكە ناكرێت بڵێین ئەو ڕێككەوتنە تەنها بۆ شه‌نگالە، بۆ هەموو شوێنەكانی ترە نەك تەنها كەركوك و شه‌نگال، بەڵام بە پێی هەنگاو و دۆخی ناوچەكەیە، دەمانەوێت كە پارتی دەچێتەوە كەركوك هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێت”.