ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی هەرێم

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەیان دۆنم لەپوش‌و پاوان‌و دارستان‌و باخ سووتاون، ئەوەش بووەتە مەترسی‌و هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی ناوچە جیاوازەكان.

جگە لەسووتانی پوش‌و پاوان‌و باخ‌و دارستانەكان، هەر بەهۆی ئۆپەراسیۆن‌و بۆردومانەكانی سوپای توركیا دەیان گوندو ناوچەی نیشتەجێبوون چۆڵكراون‌و هەزاران كەس ئاوارە بوون.

سوپای توركیا بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدات‌و لەمانگی شەشی رابردووشەوە ئۆپەراسیۆنەكان زیاتر چڕكراونەتەوە.

راپۆرتێكی بەدواداچوونی ئاشكرایكردووە، ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی سوپای توركیا، نزیكەی 300 هەزار دونم زەوی كشتوكاڵی لەنێوان مانگی ئایار و ئەیلول سووتاون.

هاوكات ئاژانسی بۆشاییی ئەوروپا (ESA) چەندین وێنەی بڵاوكردووەتەوەو دەركەوتووە، نزیكەی 50 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی ڕاستەوخۆ بەهەڵمەتی سەربازی سوپای توركیا سووتاون.

سوپای توركیا زیاتر لەهاوین ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنجامدەدان‌و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماش لەو وەرزە، زیاتر بووەتە هۆی سوتانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو ناوچانەی تائێستا سووتاون چەندین جۆری ناوازەی ئاژەڵی كێوی و باڵندەی تێدیە، كە بەهۆی سووتانەكانەوە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هەروەها چەندین ناوچەی پارێزراو هەن، كە لەلایەن یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشتەوە دیاریكراوە سووتاون‌و ئەوەش مەترسییەكانی سەر ژینگەی زیاتر كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا