پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حكومەت پێویستە سیاسەتیان رونتر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەرببڕن، ئایا دەیانەوێت لە ناو حكومەت بمێننەوە یان دەیانەوێت لە حكومەت بكشێنەوە، پارتی بەزۆر كەسی بەشدار نەكردووە لە حكومەت و ئەو لایەنانە بە خواستی خۆیان بەشدارن لە كابینەی نۆی حكومەت.
زانا مەلا خالد سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی خۆمان بە خاوەنی سەرجەمی كابینەی نۆیەم دەزانین چونكە دەنگمان بە تەواوی كابینەكە داوە، بە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی گۆڕان و یەكێتیشەوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتی: ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حكومەت پێویستە سیاسەتیان رونتر بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەرببڕن، ئایا دەیانەوێت لە ناو حكومەت بمێننەوە یان دەیانەوێت لە حكومەت بكشێنەوە.
باسی لەوەشكرد، پارتی لەم كابینەیەدا بەزۆر كەسی بەشدار نەكردووە لە حكومەتدا خواستی لایەنەكان خۆیان بووە كە بەشداربن لەم كابینەیەدا، ئێمە رای پەرلەمانتارێك یان دوو پەرلەمانتار لە لایەنە سیاسییە هاوپەیمانەكانمان بە رای سیاسی ئەو لایەنانە وەرناگرین، چونكە پێمان وایە هەندێك جار ئاخاوتنەكانیان بۆ ئیحراج كردنی تیمی خۆیانە لە ناو حكومەت بەتایبەتی جێگری سەرۆكی حكومەت.
دەربارەی رێككەوتنیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان زانا مەلا خالد ئەوەی خستە ڕوو، لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنیان هەبووە لەسەر 12 كورسی نەك شەش كورسی.