سلێمانی پایتەختی وەرزشه

لە مێژووی نوێ شار و تۆماری شاراندا شاری سلێمانی نوێ‌ ئەمڕۆ ڕۆژیادی دروست بوونێتی لە سەر دەستی ئیبراهیم پادشای بابان كە لە پاش ئاو بردنی شاری سلێمانی كۆن كە لە شوێن قەڵاچوالانی ئێستادا بووە و شوێنەواری ماوە هێشتا لە ساڵی 1784 جارێكی تر لە تەختانی و دەشتی نزیك گوندی مەڵكەندی و بەردەم چیا سەركەشەكانی (ئەزمەڕ و گۆیژە و بەرانان و گڵە زەردە و هەزارمێرد و پیرمەقرون) بنیادی نایەوە، بەڵام مێژووی ئاركۆلۆجی دێرینتر ئاماژە بۆ شاری سلێمانی دەكات كە مێووژی دەگەڕێنێتەوە بۆ چەندان سەدە پێش ئێستا كە پایتەختی شانشینێكی گەورە بووە ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە ئەم شارە لە مێژوودا شارێكی زیندوو بووە هەروەك چۆن ئێستاش زیندووە و سەربەرزە هەر بۆیە چەندان و چەندان نازناوی سیاسی و فەرهەنگی و هونەری و شۆڕشگێری و بەرخودانی بە سەردا سەپێندراوە بە درێژیی چەندان ساڵی ڕابردوو هەر لە شاری هەڵمەت و قوربانییەوە بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری و مەڵبەندی قۆشمە و گاڵتەجاڕی و نوكتە و قسەی قۆڕ و فشقیات و هەمیشە پێكەنین.

لێرەدا من جارێكی تریش دەیڵمەوە ئەگەر شاری سلێمانی شاری هەموو ئەو شتانەی سەرەوە بێت كە باسم لێوە كرد ئەوا بێگومانم بەدەر نییە لەوەی كە من سورم لە سەر چەسپاندنی سلێمانی پایتەختی وەرزشە ئەوەی لە مێژووی وەرزشی كورد بوونی هەیە هیچی پێش سلێمانی نییە چ لە بوونی وەرزشەوە بۆ هەواڵی وەرزش و دەركردنی بڵاو كراوەی وەرزشی و چەندان و چەندان پاڵەوانی زۆرانبازی و لەش جوانی و دواتریش شۆڕشی وەرزشكاران لە ناو شاری سلێمانی و لە مەلعەبەكە و بەگژداچوونەوەی داگیركاران بۆ شەهیدانی وەرزش كە لە ناو خودی مەلعەبەكە و بە گۆڵەكانەوە دەستیان بەستراوەتەوە و شەهید كراون بە ئێستاشەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان وەرزش ناشرین و بێزراو كراوە، بەڵام هەیهات هەتا دانەر ئەسڵان و هاوشێوەكانی من مابین ناهێڵین بڵێسەی دەنگی ناڕازی بەرامبەر خوار و ناقوڵاییەكان هەر نابڕێتەوە، چونكە سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی بەرەنگار بوونەوە بووە و وەرزشیش سەرەكیترین پنتی بەرانگار بوونەوە بووە و هەر دەشمێنێت ئەوەی باوەڕێش ناكات دەتوانێت تەنها لە دەرگای ماڵی حەمە بچكۆل بدات ئینجا چیرۆكەكانی بەرخودان و گیان فیدای وەرزشكارانی شاری سلێمانی دەبیستێت دەزانێت لەم شارەدا چ شۆڕشێك كراوە لە مەلعەبەكەی چوارباخ بەرامبەر بە داگیركاری شۆڤینی تا كار گەیشتووەتە ئەوەی لە سەركردایەتی شۆڕشەوە ئەوەی لە سلێمانی و مەلعەبەكە دەگوزەرێت بە شۆڕشێكی هاوشێوەی ئەوەی لە شاخ دەگوزەرێت بشوبهێنرێت و ناوزەند بكرێت هەر بۆیە من جارێكی تر و سەدان جاری تر دروود بۆ گیانی شەهیدانی وەرزش لە پێش هەمووانیشەوە شەهید مامۆستا یاسین و هاوڕێكانی دەنێرم ئینجا سەرجەم ئەو شەهیدانەی تری شۆڕشەكانی كورد كە وەرزشكار بوون و پێشمەرگایەتی و شەهید بوونیان لە میدالیای زێڕین و سەرشۆڕی بۆ دگیركەر بەلاوە گرنگتر بووە.

لە كۆتاییشدا بە شانازییەوە دەڵێم: (سلێمانی ئەی پایتەختی وەرزش و شۆڕشی وەرزشی سڵاو لە بوونت سڵاو لە هەموو خەڵكت بە تایبەت سڵاو لە وەرزشكارانت لە كچان و كوڕانی ماندوونەناست سڵاو لە وەرزشكاری دێرینت سڵاو بۆ ڕۆحی پاكی وەرزشكاری كۆچ كردووت سڵاو بۆ ئەو منداڵە كچ و كوڕەی سبەینێ‌ بڕیار دەدات وەرزش بكات و بە ناوی پیرۆز و زێڕینی سلێمانییەوە بناسرێتەوە).

 

باشكاتب/ دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا