ڕۆناڵدۆ مێژوو شەرمەزار دەكات

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەگەر چی تەمەنی 35 ساڵە و بەرەو 36 ساڵی دەڕوات و ماوەی 2 وەرزە لە ئیتاڵیا یاری دەكات و پاش 9 وەرز لە ڕیاڵ مەدرید لە كۆتایی وەرزی 2018 بارگەی كۆكردەوە و كۆچی كرد لە یانەی شاهانەوە، بەڵام تا ئێستاش ئەو هەر ڕۆناڵدۆیە و ئەوانی دیش كەسیان وەك خۆیان نەماون بە ڕیاڵ مەدریدی بێ‌ ڕۆناڵدۆتەوە.

ڕۆژنامەی زەسەن ی بەریتانی لیستێكی بەو ژمارە ناوازانەوە بڵاو كردۆتەوە كە لە وەرزی 2019/ 2020 مووشەكەكەی مادێرا تۆماری كردوون چ لەگەڵ خانمە پیرەكە یاخود هەڵبژاردەی پرتوگالیس هەموو ئەوانەش گەواهیدەری ئەوەن كە تەمەن لە ژمارەیەك زیاتر هیچی تر نییە لە ئاستی دۆن كریستیانۆدا.

ڕۆژنامە بەریتانییە بەر بڵاوەكە لیستەكەی بەم شێوەیە بڵاو كردۆتەوە:

1/ یەكەم یاریزانە لە ئەوروپادا بەربەستی 100 گۆڵ تێدەپەڕێنێت لەگەڵ هەڵبژاردەی میللی وڵاتەكەی كە ئێستا خاوەنی 101 گۆڵە و چاوەڕێش دەكرێت ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر بكات.

2/ بە تەنها بە قەد تێری هێنری و ئارین ڕۆبن گۆڵی تۆمار كردووە كە هێنری خاوەنی 51 گۆڵی نێو دەوڵەتی و ڕۆبنیش خاوەنی 50 گۆڵ بە هەردووكیشیان كە وازیان لە یاری نێو دەوڵەتی هێناوە ئینجا 101 گۆڵ دەكات.

 Cristiano Ronaldo

3/ كۆی گۆڵەكانی ڕۆناڵدۆ زۆر زیاترە لە هەردوو گۆڵكارانی مێژوویی وڵاتەكەی پاولێتا كە خاوەنی 47 گۆڵ و ئیزۆبیۆش كە خاوەنی 41 گۆڵ بووە.

4/ دۆن بە جیاوازییەكی كەمی گۆڵ كە خۆی لە 8 گۆڵ دا دەبینێتەوە لە پاش گۆڵكاری جیهان عەلی دایی ئێران دێت كە ئەمی دووەم لە مێژە وازی لە یاری كردنی نێو دەوڵەتی هێناوە و خاوەنی 109 گۆڵە لە كاتێكدا كریس خاوەنی 101 گۆڵە.

5/ ڕۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەكانی ئێستای لە ژمارەی یارییەكانی زیاترە بەو پێیەی لە 47 یاری پێشوودا 49 گۆڵی تۆمار كردووە ئەمەش ژمارەیەكی ناوازەیە هەروەك جیاوازییەكی زۆری ئەو نیشان دەدات لەگەڵ یاریزانانی پرتوگال كە نزیكترین یاریزان لێیەوە جیاوازیان 24 گۆڵە.


6/ بەربەستی 700 گۆڵی لە ژیانی وەرزشی خۆیدا تێپەڕاند بەمەش توانی خۆی بخاتە ئاستی یاریزانە مەزنەكانی مێژووی تۆپی پێ‌ وەك پۆشكاش و گێرد مۆلەر و ڕۆماریۆ و جۆزیف بیكەن و لیۆنێل میسیش.

7/ سەرەڕای هەڵكشانی تەمەنی، بەڵام وەرزی بە كۆتا هاتوو توانی ژمارەیەكی پێوایەیی هاوتا بكاتەوە كە زیاتر لە 84 ساڵ بوو بە ناوی فێرنیك هێرزرەوە بوو كە زۆرترین گۆڵ تۆمار كردن بوو لە وەرزێك دا بۆ یانەی یۆڤنتۆسی ئیتاڵی.

8/ بە تەمەنترین یاریزانە لە ئەوروپادا بەربەستی 30 گۆڵ لە وەرزێكدا تێبپەڕێنێت كە ئەم ژمارەیەش ساڵی 1947 لە لایەن ڕۆنی ڕوكی هێرشبەری ئەرسیناڵەوە تۆمار كرا بوو دۆن ئەوەشی بۆ خۆی برد.

9/ خێراترین یاریزانە لە كالچیۆ بگاتە گۆڵی ژمارە 50 لە تەنها 61 یاری دا بەو هۆیەشەوە توانی ژمارە پێوانەییەكەی پێشوو بشكێنێت كە بە ناوی ئەندریا چیڤچینكۆی هێرشبەری پێشووی میلانەوە بوو كە ئەو لە 67 یاریدا توانی بووی بگاتە بەربەستی 50 گۆڵ.

10/ یەكەم یاریزانە لە هەر سێ‌ خولەكانی پریمەرلیگ و لالیگا و كالچیۆدا بتوانێت لە 50 گۆڵ زیاتر تۆمار بكات 84 لە پریمەرلیگ 311 لە لالیگا و 52 لە كالچیۆدا.

11/ یەكێكە لەو یاریزانە ناوازانەی ماوەی 15 ساڵە بە بێ‌ وەستان و دابڕان یاری دەكات لە ئەوروپادا بە تایبەت پاش دەركەوتنی لە مانچستەرەوە لە وەرزی 2004/ 2005 تا ئەمڕۆش بەردەوامە و ئاستی ناوازەش پێشكەش دەكات.

ئەوەش دۆن كریستیانۆ ڕۆناڵدۆیە ئەگەر ئامێری ژمێریاریت پێ‌ نییە ئەوا دڵنیا بە ژمارەكانیت بۆ لە بەر ناكرێت.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا