پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە گوندێكی سنوری ناحیەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، تەقە لە كوڕ و باوكێك كرا و كوژران، لە نزیك پردی دەلالیش لە زاخۆ تەقە لە كەسێك كراوە و كوژراوە، تا ئێستا تۆمەتبارانی هەر دوو رووداوەكە هەڵهاتوون و دەستگیرنەكراون.
ئارام مەعروف بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو رایگەیاند، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتیەوە لە گوندی تیلەكۆی دەربەندی ناحیەی سەنگاو كوڕ و باوكێك كوژران.
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو وتی، تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە ئامۆزای ئەو خێزانەیە پاش روداوەكە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان باوكەكە تەمەنی 63 ساڵە و كوڕەكەی 19 ساڵە.
لەلایەكی دیكەوە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، 15_1_2023 لە نزیك پردی دەلال لە زاخۆ لە كافتریایەكدا تەقە لە گەنجێك كراو كوژرا.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ رایگەیاند: ئەو گەنجە تەمەنی 31 ساڵ بوو، ناوی (ئـ. س. خ)ە و پێنج گولـلەی بەركەوتووە.
بكوژەكە هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیرنەكراوە.