چی ڕوویدا لە هۆڵی یانەی ئاشتی

پۆڵەتیك: سپۆڕت
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی ئاشتی لە گەڕەكی كارەباكە لە شاری سلێمانی پاڵەوانێتی یانەكانی باكوری عێراق بۆ هونەرە بەرگرییەكانی موای تای تایلەندی بەڕێوەچوو كە تیایدا ڕۆژان و شەوانی پێنج شەممە و هەینی و شەممەی ڕابردوو تەواوی چالاكییەكان بەڕێوەچوو پێگەی Politic Sport وەك ئەركی خۆمان دوو هەواڵی تێرتەسەلمان لە بارەیەوە بڵاو كردەوە كە سەرەتا و كۆتایی پاڵەوانێتییەكە بوو.

پاشانیش لە سەر ڕوون كردنەوەی بەڕێز سیروان مینە سەرۆكی یەكێتی موای تای سلێمانی سەبارەت بەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە نێوان چەند وەرزشكارێكی ئازیزی شاری هەولێر و یاریزانانی یانەی سیروانی نوێ‌ بە دواداچوونمان كرد سەرەتا سەرۆكی یەكێتی موای تای سلێمانی ڕایگەیاند كە ئەو ڕووداوە پاش تەواو بوونی پاڵەوانێتییەكە بووە و هیچ پەیوەندییەكی بە پاڵەوانێتییەكەوە نەبووە، بەڵام چەند زیانێك بەر هۆڵەكەی یانەی ئاشتی كەوتووە.

دواتر لە زاری یەكێك لەو كەسانەوە كە خۆی لە نێو گرژی و ئاڵۆزییەكەدا بوونی هەیە و لە تۆمارە ڤیدیۆییە دزەپێكراوەكەشدا دەبینرێت بە ڕوونی ئاشكرای كرد كە ئەو بەڕێزانەی هەولێر كە لە یانەی بروسكی ئەو شارە ئازیزە وەرزش دەكەن گرژی و ئاڵۆزییەكەیان دروست كردووە و ئەم ویستوویەتی دەمانچەكەی دەستی ئەو كەسە وەربگرێت تا كێشەكە تەشەنە نەكات و زیانی گیانە نەكەوێتەوە، بەڵام بە داخەوە لە لایەن ئەویش و چەند كەسێكی تریشەوە ئەم ئازاری پێ‌ گەیەندراوە دەنا یانەی سیروانی نوێش وەك خۆیان كە پاڵەوانی پێشكەوتوان و لاوانیش بوون ئامادەییان تیادا نەبووە بچنە ئەو گرژی و ئاڵۆزییەوە، بەڵام دواتر توانراوە دەمانچەكە لەو كەسە وەربگیرێت و ئێستا لای پۆلیس پارێزراوە بە هیوای ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

لای خۆشیانەوە ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی ئاشتی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە كە هاوپێچە لەگەڵ هەواڵەكەی ئێمە و خوێنەری بەڕێز دەتوانێت بەیاننامەكەی ئەو یانەیە بخوێنێتەوە.

دەقی بەیاننامەكە:

جارێکی تر ئاشتی بوویەوە قوربانی

ڕونکردنەوەیەک لە یانەی ئاشتیەوە

بەڕێزان ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وەرزشکاران لە پاش دابڕانێکی زۆر یەکیتی موای تای بۆ زیندوو کردنەوە ڕەوتی وەرزش لە شاری سلێمانی هەستا بە میوانداری كردنی پاڵەوانیەتی باکوری عێراق و کوردستان.

وەک هەمیشە یانەی ئاشتی دوای داواکاری یەكێتی موای تای هۆڵی یانەکەی خستە بەردەم یەکیتی ناوبراو، بەڵام بە داخەوە دوای 3 ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانتیەکی سەرکەوتوو لە پاش کۆتایی هاتنی یارییەکان سەرئەنجام ئاڵۆزی لە نێوان دوو یانەی بەڕێز و هاندەرانیان دروست بوو کە بە دەر بوو لە خواستی هەموو لایەک.

لێرەوە بۆ هەموو هاوکاران و هاوپیشەکانمان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دواجار کۆمەڵێ پەیجی ساختە کە هەواڵەکەیان شێواندووە ئەم چەن خاڵە دەخەینە ڕوو:

۱ـ ئەم ڕووداوە دوور و نزیک پەیوەندی بە یانەی وەرزشی ئاشتی و ئەندامانییەوە نییە.

۲ـ قوربانی یەکەم لەم ڕووداوە یانەی وەرزشی ئاشتی یە کە بۆ چەندەمین جارە لەم ڕووداوانە قوربانی ئەدا نمونە ڕووداوەکەی پارساڵی تۆپی پێ کە یانەی ئاشتی لە شەڕی دوو یانەی تر بووە قوربانی .

۳ـ دام و دزگاکانی ئێمە لە ئێستادا بووتە جێگای چالاکی بۆ هەموان بە داخەوە لە لایەن هەندێ کەسی نا بەرپرس سوودی خراپ لەم چاکانەی ئاشتی دەبینرێت و ئاژاوە دروست دەکەن .

٤ـ ئەو ڕووداوەی شەوی شەممەی ڕابردووش لە ئێستا دا لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە دایە و لایەنە ئەمنییەکانیش بە دوای ڕووداوەکانەوەن .

٥ـ یانەی ئاشتی بۆ لەمەو دوا پێودانگی قورستر لە سەر ئەم چالاکیەکانە لە سنوری یانەکەمان دا دەنێت.

لەگەڵ ڕیزمان بۆ هەموو لایەك

ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی ئاشتی/ سلێمانی 2020

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا