كۆمەڵ بۆ بەشداری لەكۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم یەكلانەبووەتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئاشكرایكرد، كە هێشتا بۆ بەشداری لەكۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە یەكلانەبوونەتەوەو دەڵێت: با كاتی ئەوە بێت ئەوكاتە قسەی خۆمان دەكەین.

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: یەكڕیزی بەو شێوەیە دروست نابێت، كە هەركات تۆ پێویست بە هێز و لایەنە سیاسییەكان بێت بانگیان بكەیتە سەرمێزی گفتوگۆ كاتێكیش رێككەتننامە بكرێت خۆت رێكبكەویت و بڕیاربدەیت.

قسەكانی وتەبێژی كۆمەڵ لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی یەك شەممە كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان بەنوێنەرایەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەرێوەبچێت.

كۆبوونەوەكە بۆ پرسی پەسەندكردنی یاسای قەرزو كورتهێنانی داراییە لەپەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە هەڵوێست لەو بارەوە رابگەیەنرێت.

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی پەسەندكردنی یاساكە بەبێ‌ كورد لەپەرلەمانی عێراق وتی: ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق روویدا ئەنجامی واقعێكە، كە حكومەتی هەرێم پابەندنابێت بەرێككەوتن لەگەڵ ناوەند و باجەكەشی خەڵكی كوردستان دەیدات.
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی: حكومەتی عێراقیش دەبێت ئەو راستییە بزانێت، كە بڕینی ئەو بەشە بودجەیەی هەرێمی كوردستان هیچ بارگرانییەك لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دروست ناكات، بارگرانییەكە بۆ سەرشانی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی پەسەند كرا و یاساكەش هەرێمی پابەندكردووە بە رەوانەكردنی بەشێك لە داهاتی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە ئەوكاتە پشكی هەرێم لەو قەرزە دەدرێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا