چیرۆكی وێنەكەی جۆ بایدن لەپەرلەمانی كوردستان

پۆڵەتیك پرێس
وێنەیەكی جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا بڵاوبووەتەوە، كە لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستانە، بەپێی بەدواداچوونی پۆڵەتیك پرێس ئەو وێنەیەو دانیشتنی پەرلەمان پێنج مانگ بەر لەلێدانی رژێمی پێشووی عێراقە لەلایەن هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لەساڵی 2003.

پۆڵەتیك پرێس ئامانجی ئەو دانیشتنەكەی پەرلەمان و سەردانی جۆبایدن بۆ هەرێمی كوردستان دەخاتە روو، كە لەو بارەوە ئاراس عابید جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە باسی لە چیرۆكی ئەو وێنەیە كرد و وتی: رۆژێك لەرێگەی شەوكەتی حاجی مشیر، كە ئەو كاتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، تەلەفۆنم بۆ كرا بۆ ئەوەی ئامادەبم لە پەرلەمان، كە من و كەسێكی دیكە وەك قوربانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئامادەبووین.

ئاراس عابید وتیشی: لە رۆژی دیاری كراو من و كامیل عەبدولقادر (ئێستا بۆ وەرگرتنی چارەسەر لەوڵاتی ئەڵمانیایە) لە هەڵەبجەوە بەرێكەوتین بۆ هەولێرو بەشداری ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستانمان كرد.

ئاراس عابید هەروەها وتی: بەپێی بەرنامەی سەردانەكەمان دەبوو كاتژمێر 9:00ی بەیانی من و مامۆستا كامیل لەئوتێل چوارچرابین، كە گەشتینە ئەوێ هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی و شەوكەتی حاجی مشیر چاوەڕوانی ئێمەیان دەكرد و لەناو هۆڵی ئوتێلەكەدا پێكەوە پیاسەیان دەكرد، دواتر لەوێوە لە رێوشوێنێكی توندی ئەمنیدا رۆشتینە پەرلەمانی كوردستان تا ئێرە ئێمە نازانین و هیچیان پێ نەوتووین، كە بۆچی بانگهێشتی پەرلەمان كراوین، دواتر كە چووینە پەرلەمان پێیان وتین بەڕێزان مام جەلال و كاك مەسعود لە ژوورێكدان لەناو پەرلەمان، هەروەها دوو كەسی ئەمریكی بەناوەكانی (جۆن مەكەین و جۆ یابدن) لێرەن هاتوون گوێ لە ئێوە بگرن بۆ ئەوەی وەك شایەتحاڵی كیمیابارانی هەڵەبجە قسە بكەن، سەددام چی بەئێوە كردووە؟ ئایا ئێوە پێتان باشە رژێمەكەی سەددام حسێن بڕوخێت؟

جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە باسی لەوەش كرد، بە منیان وت: بڕۆ سەر ستیەج و ماوەی 10 خولەك كاتت هەیە بۆ ئەوەی باسی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەیت، ئەوەی لە سەر ستەیج بوو بریتی بووین لە من (ئاراس عابید)، شەوكەتی حاجی مشیر، جۆ بایدن، جۆن مەكەین، چوار وەرگێڕ و چەند كەسێكی دیكە، جۆبایدن پێی وتم من رێگەیەكی دوورم بڕیوە و هاتووم بۆ ئێرە وەڵامێك وەربگرم دەربارەی رووخاندنی رژێمەكەی سەددام، منیش لە ماوەی ئەو 10 خولەكەی بۆم دیاریكرابوو باسی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجەم كرد، دواتر بایدن لێی پرسیم تۆ پێت خۆشە سەددام حسێن بڕوخێت‌و حكومەتێكی دیموكراتی فیدرالی دروست ببێت (من وشەی دیموكراتی و فیدرالییەكەم زۆر بەلاوە گرنگ نەبوو) بەڵام زۆر خۆشحاڵبووم كە باسی رووخاندنی سەددامی كرد.

ئاراس عابید ئەوەشی وت: دوای كۆتایی هاتنی قەسكانم جۆبایدن پێی وتم من یەك واژووی تۆم دەوێت ئایا ئێوە وەك هەڵەبجە پشتیوانی لەوە دەكەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی سەددام حسێن و رژێمی بەعس لەسەر حوكم نەهێڵن منیش هەر 10 پەنجەكەم بەرزكردەوە وتم لەگەڵ گیانی خۆما.

ئاراسی عابید لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆكی ئەو دانیشتنەی پەرلەماندا دەڵێت: كۆتا قسەكانی جۆبایدن ئەوەبوو وتی: بەڵێنت دەدەمێ لە ناو كۆنگرێسدا پشتیوانی بەهێزبم لە قسەكانت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ تا قەرەبووی ئێوەی هەڵەبجەیی بكەینەوە بە رووخاندنی رژێمی بەعس.

ئاراس عابید ئەوەشی خستە روو، نزیكەی 12 كەناڵی بیانی و ناوخۆیی رووماڵی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانییان دەكرد، كەناڵە ناوخۆییەكان بریتی بوون لە گەلی كوردستان و كوردسات و كوردستان تی ڤی، هەریەك لە بەڕێزان مام جەلال و كاك مەسعود لەو ژوورەی لەناو پەرلەمان دانیشتبوون لە رێگای تەلەفزیۆنەوە دانیشتنەكەیان بۆ دەگوازرایەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە جۆ بایدن ئێستا كاندیدی بەهێزە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەمریكا، كە كاندیدی دیموكراتەكانەو ئەگەر هەیە بەسەر دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكان سەربكەوێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا