پۆڵەتیك پرێس
خاوەن نوسینگەكانی خانوبەرە رایدەگەیەنن، كڕین و فرۆشتنی موڵك و زەوی و یەكە نیشتەجێبونەكان وەستاوە و نرخەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، هۆكارەكەشی نەك بۆ بڕیاری حكومەت بەڵكو بۆ زۆربونی كۆمەڵگە و سیتیەكان دەگەڕێننەوە.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان بەمەبەستی هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی یەكەم جارە یەكەی نیشتەجێبوون دەكڕن بڕیاریداوە بەبڕی 332 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە 42 پڕۆژهی نیشتهجێبوون لهههرێمی كوردستان بكات، بەشێكی زۆریش لەهاوڵاتیان پێیانوایە ئەو بڕیاری كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی خانوو زەوی دەبێت.
نەوزاد بەكر، لە نوسینگەی موڵكی سلێمانی بۆ فرۆشتنی زەوی و خانوبەرە بۆ پۆڵەتی پرێس-ی روونكردەوە، لە ئێستادا نەك هەر نرخی موڵك و زەوی و خانوو دابەزیوە، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی كڕین و فرۆشتنی وەستاوە، هۆكارەكەشی زیاتر بۆ زۆربوونی كۆمەڵگە نیشتەجێبونەكان و تێچوی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان دەگەڕێتەوە.
وتیشی، نرخی كۆمەڵگە نیشتەجێبوونەكان هەرچەندە زۆرە، بەڵام بەهۆی دابینكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان هاوڵاتیان ڕوو لە كڕینی ئەو خانوو زەویانە دەكەن كە كەوتونەتە سیتیەكان و كۆمەڵگە نیشتەجێبونەكانەوە، ئەوەش وایكردووە كڕین و فرۆشتن بە زەوی و خانوو بوەستێت.
لای خۆشەوە، كارمەندانی كۆمپانیای شاری سلێمانی بۆ خانوبەرە بە پۆڵەتیك پرێس هۆكاری دابەزینی نرخی زەوی و خانووبەرهی روونكردەوە و رایگەیاند، بڕیاری حكومەت تایبەت بە وەبەرهێنانی ژمارەیەك پرۆژە كاریگەریەكی زۆری لەسەر دابەزینی نرخی خانو زەوی نابێت، چونكە ئەگەر ئێستا دەست بەو پرۆژانە بكرێت چەند ساڵێك دەخایەنێت تا تەواو دەكرێن.
وتیشی، ئەوەی هۆكارە بۆ دابەزینی نرخەكان، زۆری پرۆژەی سیتیەكانی نیشتەجێبونە، بەهۆی سیتیەكانەوە هاوڵاتیان زەوی و خانوی ناو كۆڵان و شوێنە گشتیەكان ناكڕن، چونكە پرۆژە سیتیەكان هیچ كێشەیەكی خزمەتگوزاری، ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبایان نییە و هاوڵاتیانیش زیاتر روو لە سیتیەكان دەكەن.