ئافرۆدەیتێكی نوێ‌ دەبینن

پۆڵەتیك: سپۆڕت
بڕیارە سبەینێ‌ هەینی 2020/11/13 پاش چاوەڕوانییەكی زۆر وەرزی نوێی خولی فۆتساڵی نایابی كوردستان بۆ خانمان دەست پێ‌ بكاتەوە.

سەنتەری شاری سلێمانی بە دوو یانە بەشداری یارییەكانی خولەكە دەكات و شار و شارۆچكەكانی سەر بە ئیدارەی پارێزگای سلێمانیش بە چەند یانەیەك بەشداری خولەكە دەكەن.

هەردوو یانەكانی سیروانی نوێی پاڵەوانی دوا پاڵەوانێتی نایابی خانمان و یانەی ئافرۆدەیت دێرینە یانەی فۆتساڵی خانمان لە شاری سلێمانی سبەینێ‌ هەردووكیان یاری دەكەن لە هۆڵی خوالێخۆش بوو ساڵح عەلی نزیك دەروازەی فڕۆكەخانەی سلێمانی.

سەرەتا سەعات 1 ی پاش نیوەڕۆ لە دەستپێكی وەرزی نوێی خولەكە هەردوو یانەكانی جەمسەرانی یاری كۆتایی وەرزی پێشوو سیروانی نوێی پاڵەوان و یانەی چۆمانی دووەم ڕووبەڕوو دەبنەوە.

دواتر لە سەعات 2.30 عەسر هەردوو یانەكانی ئافرۆدەیت و یانەی ڕەواندزی میوانی ڕووبەڕوو دەبنەوە بۆ ئەو مەبەستە و سەبارەت بە ئامادەكارییەكانیان بۆ دەست پێكی وەرزی نوێ‌ و ئەو یارییە كاروان شێخ زیرەك ڕاهێنەری ئافرۆدەیت چەند وەڵامێكی بۆ Politic Sport بەم شێوەیە دایەوە:

Politic Sport/ تیپەكەتان بۆ وەرزی نوێ‌ چۆن دەبینێت بە تایبەت لەگەڵ كۆڕۆنا و بەردەوامی ئەو ڤایرۆسە لە جیهان و لە كوردستانیش؟

ڕاهێنەر/ كۆڕۆنا هەموو شتێكی تێك داوە تۆپی پێی جیهانیش زیانی گەورەی بەركەوتووە مرۆڤایەتی زیانی بەركەوتووە نەك تەنها ئافرۆدەیت، بەڵام ئێمەش وەك خۆمان وەك یانەیەكی وەرزشی زیانی زۆرمان بەركەوت لە نێوەندی خۆمان دا ئێستاش مەترسی هەر ماوە و بەردەوامە و تەواو نابێت دەشێت لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكان و لە گرنگترین یاری دا من باشترین یاریزانم تووشی كۆڕۆنا ببێت ئەو كات باجی قورس دەدەین ئەگەر چی ئامادە باشی زۆریشت كرد بێت، بەڵام ئەو جۆرە حاڵەتانە زیان زۆر دەگەیەنێت دەنا ئێمە وەك ئافرۆدەیت بەردەوامین لە ئامادەكاری و مەشق كردن بۆ وەرزی نوێش بە پشت بەستن بە چەند یاریزانێكی پێشووی تیپەكەم و چەند یاریزانێكی نوێ‌ هاتووینەتەوە.

Politic Sport/ یاریزانە ڕۆیشتووەكان كێن؟ چەند یاریزانی نوێتان گواستۆتەوە؟

شێخ زیرەك/ لە پێكهاتەكەمدا زۆرینەی زۆری كایە سەرەكییەكان ماون هەر لە كاپتن هێدی و شانۆی گۆڵچی و حەلیمە و ژێنەر و پەرێز و شەنگار و پەیڤین و سۆزە و تەواوی یاریزانەكانی ترمان تەنها بینایی یانەكەی جێهێشتووە ئەوانی دی ئەو یاریزانانەن كە من لە سەرەتاوە دروستم كردنەوە پاش ئەوەی بەر سەر یانەكەمان هات كە زۆرێك لە یاریزانەكان لەگەڵ ڕاهێنەری پێشوو جێیان هێشتین ئێمە لە سەرەتاوە تیپمان دروست كردەوە و خۆشتان وەرزی ڕابردوو بینیتانن تیپێكی خۆبەخش پێشەنگی كۆمەڵەكەی گرت و دواتریش تا قۆناغی پێش كۆتایی ڕۆیشت و كێبڕكێی ئەو تیپەی كرد كە دواتر بووە پاڵەوان.
سەبارەت بە یاریزانی نوێ‌ بۆ نێو پێكهاتەكەمان ئەوا دوو یاریزانی خۆمان كە گۆڵچییەك و یاریزانێكی لاوی تەمەن 2003 یە پێشتر لە خولی عێراق یاریمان پێ‌ كردن ئێستا سەرم خستوون بۆ تیپی نایاب هەروەك دوو یاریزان لە هەڵەبجەی شەهیدەوە پەیوەندییان پێوە كردوون لەگەڵ دوو یاریزانی تر لە یانەی دوكانی خۆشەویستەوە ئەستێرەیەكی تۆپی پێی عێراق و یانەی قووە جەویەی شاری بەغداديش كە ئەویش تەبارەك ڕەحمانە هەموو ئەمانە دەتوانم بڵێم كێبڕكێی خولەكە لەگەڵیان دەبەمە ئاستی ململانێی سەرجەم یانە بەشدارەكان.

Politic Sport/ چیت هەیە بۆ ئامادەكارییەكان؟

ڕاهێنەر كاروان/ لە كەم كەم و لە زۆر زۆر ئێمە بەردەوامین ئامادەكاری دەكەین بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەكان مەشق و ئامادەكاریمان كردووە وەك یەك خێزان واین بە بێ‌ گوێدانە مووچە و پارە تەنها ئەوەی پێویستە ئامادەكارییەكانە كردوومانە و وەك وەرزی ڕابردوو جارێكی تر گەڕاوینەتەوە و دەمانەوێت ئەمجارە باشتر و جیاوازتر لەوەی پار وەرز پێشكەشمان كرد كێبڕكێ‌ بكەینەوە دڵنیاش بن ئەمجارە ئەسپی خۆمان تاو دەدەین و جڵەوی زۆر شت لە خولەكە ئەگرین بە تایبەت ململانێی یانەكان.

Politic Sport/ یاریزانە نوێیەكان دەتوانن چی پێشكەشی ئافرۆدەیت بكەن؟

ڕاهێنەری ئافرۆدەیت/ زۆر شت دەتوانن لە نێو پێكهاتەكەمان و لەگەڵ یاریزانەكانمان خۆیان بگونجێنن بەو پێیەی یاریزانە سەرەكییەكانم هێشتا ماون و هاوتاییەكی زۆر هەیە لە نێوانیاندا دڵنیام یاریزانە نوێیەكانیش دەتوانن بە زوویی خۆیان لە بۆتەی ئەواندا بتوێننەوە و ئاستی بەرز و ناوازە پێشكەش بكەن.

Politic Sport/ كۆتا پرسیار ئایا ئیدارەی یانەكەتان چی پێشكەش كردوون؟

كاروان شێخ زیرەك/ پشتگیری ئەو كیژۆڵانە لە زۆر شت گەورەتر و مەزنترە ڕاستە لایەنی دارایی بە تایبەت لەم ڕۆژگاری قەیران و كۆڕۆنایە دا بۆ خۆی قورسە و سەختە، بەڵام پشتگیری ڕۆحی زۆر گرنگە ئیدارەی ئێمەش ئەوەی داوە بە یاریزانەكان كە دڵنیایی و ئاسودەییە پێم وایە یاریزانەكانیش زۆربەیان وەرزش و فۆتساڵیان هەر ئەوەندە خۆش دەوێت كە بە ڕۆح و گیان دەیكەن تەنها پشتگیری بكرێن تەواو.

پێكهاتەی ئەم وەرزەی ئافرۆدەیت

وەك پێگەی Politic Sport هیوای سەركەوتن و پێشكەش كردنی ئاستی بەرز و ناوازە بۆ یانەی ئافرۆدەیت دەخوازین بۆ پێشەوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجی بەرز كردنەوەی نازناوی خولەكە.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا