هەڵوێستی یەكێتی لەسەر بەهەرێمكردنی سلێمانی

پۆلەتیك پرێس:

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پرۆژەی بەهەرێمكردنی سلێمانی هەڵوێستی خۆی راگەیاند و دەڵێت: لەم هەلومەرجەی ئێستادا بۆ چاكسازی و هێنانەكایەی سیستمی لامەركەزی كاردەكەن.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە پرۆژەی بە هەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی لەلایەن رۆژنامەنووس بەیار عومەر و چەند كەسێكی دیكەوە خرایەڕوو، وتیان: ئەو پڕۆژەیە پێشكەشی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەن.

لەبارەی هەڵوێستی فەڕمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە دەسەڵاتداری یەكەمی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیانە، فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، بە شێوەیەكی فەڕمی باسی بەهەرێمكردنی سلێمانیمان نەكردووە، خەڵك خۆی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت هەندێك خەڵكی رۆشنبیر بیریان لە بەهەرێمكردنی سلێمانی كردووەتەوە، رەنگە بەهەرێمكردن ببێت بەمایەی چارەسەر ئەوە خۆیان بەرپرسن لەو بۆچونانە و ئازادن بۆچونەكانیان دەرببڕن.

فەرید ئەسەسەرد وتی: وەك بڕیاری سیاسی حزب تائێستا لەلایەن هیچ حزب و لایەنێكی سیاسییەوە پشتیوانی نەكراوە و ئێمەش وەك یەكێتی، بەفەرمی ئەو پرسەمان تاوتوێ نەكردووە، رێگری لە خەڵكیش ناكەین ئەو پرسە و پرسەكانی دیكەی وەك چارەسەر سەیر بكەن و بیخەنە بەر باس و بواری گفتوگۆوە.

سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی وتی: وەك یەكێتی بە شێوەی فەرمی لەم هەلومەرجەی ئێستادا بۆ چاكسازی و هێنانەكایەی سیستمی لامەركەزی كاردەكەن نەك پرسی بەهەرێمكردنی سلێمانی.

ماوەی چەند ساڵێكە لە سەر ئاستی سیاسی و جەماوەری باس لە پشتگوێخستنی سلێمانی دەكرێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ڕووی خزمەتگوزاری و سەرجەم ئاستەكانی دیكەوە.

بە چەندین شێواز داواكاری و ناڕەزایەتی هەبوون بۆ هاوسەنگكردنەوەی ناوچەكانی سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك، بەڵام گوێی لێنەگیراوە.

لە ماوەی ڕابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەڕمی پشتگیری خۆی بۆ پرۆژەی لامەركەزی ئیداری و دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی راگەیاندووە، ئەوە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەكانی پارێزگاكە و ناوچەكانی دیكەی سنوورەكە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا