پۆڵه‌تیك پرێس:
گه‌یشتنی جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ كۆشكی سپی ترسی خستوه‌ته دڵی به‌رپرسانی توركیاوه، چاوه‌ڕێده‌كرێت جیاواز له‌چوار ساڵی ڕابردوو ئه‌مجاره ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ توركیا توند بێت.
ئه‌و بابه‌ته‌ی ئێستا بوه‌ته پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه، سه‌ركه‌وتنی بایدن چ گۆڕانكارییه‌ك له دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستده‌كات؟ به‌تایبه‌ت بایدن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات كه له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به ئاشكرا به ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیای ده‌گوت “سته‌مكار” و به‌ڵێنی ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دابوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌ردۆغان، بایدنی به “نازی” تۆمه‌تباركرد، به‌ڵام ئاخۆ بایدن كاتێك ده‌گاته كۆشكی سپی ئه‌وه‌ی بیرده‌چێته‌وه كه ئه‌ردۆغان داوایكرد “توركیا به‌وپه‌ڕی توندییه‌وه” وه‌ڵامی بایدن بداته‌وه؟
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا نه‌رمی به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانی ئه‌ردۆغان نواندووه، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی كۆمارییه‌كان له كۆنگرێس و ئه‌نجومه‌نی پیران سه‌ریان سوڕمابوو له ده‌سته‌وه‌ستانی تره‌مپ به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان و چاوداخستن له هێرشی توركیا بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان.
چاوه‌ڕێده‌كرێت بایدن هاوشێوه‌ی تره‌مپ به‌رامبه‌ر ئه‌ردۆغان ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه هه‌ر له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ڕه‌خنه‌ی توندی ئاڕاسته‌ی توركیا و ئه‌ردۆغان كرد و به‌ڵێنی “ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان”ی‌دا.
“دواین شت كه بۆ ئه‌ردۆغان سازشی له‌سه‌ر ده‌كه‌م پرسی كورده”.. ئه‌وه دواین قسه‌ی جۆ بایدن بوو كه مانگی ئاب-ی ئه‌مساڵ له‌باره‌ی كوردانی سوریا كردی، بۆیه كورد له‌نێو هاوكێشه‌كه‌ی بایدن و توركیا ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه بایدن هاوسۆزه له‌گه‌ڵ كوردانی توركیا و له‌زۆر بۆنه‌دا دژایه‌تی خۆی بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی دژی كورد له‌توركیا نیشاندا، چاودێران پێیانوایه بایدن فشاره‌كانی خۆی بۆ پابه‌ندكردنی ئه‌ردۆغان بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی بگۆڕێت به‌كاردێنێت.
دیارترین دۆسیه‌ی به‌رده‌ست ئه‌مریكا بۆ سزادانی توركیا، په‌یوه‌سته به ئۆپه‌راسیۆنی “كانی ئاشتی” كه له‌لایه‌ن توركیاوه هێرشكرایه سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ڕۆژئاوای كوردستانی داگیركرد، له‌كۆتایدا تره‌مپ داوای ڕاگرتنی هێرشه‌كانی كرد، به‌ڵام ئیتر كار له‌كار ترازابوو، ژماره‌یه‌ك زۆر شه‌ڕڤان شه‌هید و بریندار ببوون، هه‌زاران كه‌سیش ئاواره ببون.
چاوه‌ڕێده‌كرێت هاوشێوه‌ی باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، جۆ بایدن وه‌ك هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌سوریا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده و په‌یه‌ده بكات، به‌تایبه‌ت كه له‌سه‌رده‌می ئۆبامادا توركیا نه‌یتوانی له‌شكركێشی بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كورستان ئه‌نجامبدات.
حه‌مود ڕویس، توێژه‌ری ستراتیژی له‌زانكۆی جۆرجیا پێیوایه “سه‌ركه‌وتنی بایدن بۆ كۆشكی سپی كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی نه‌رێنی ده‌كاته سه‌ر دراوی توركی و ئابووریی ئه‌و وڵاته ده‌خاته ژێر فشارێكی تونده‌وه”.
هه‌رچه‌نده له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ئه‌مریكا و توركیا نه له‌په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵدا بون نه په‌یوه‌ندییه‌كی سارد و سڕ، به‌ڵام زۆر هه‌نگاوی مه‌ترسیدار كه توركیا ناوێتی ئه‌مریكا بێده‌نگی به‌رامبه‌ری هه‌ڵبژاردووه، به‌تایبه‌ت له كارپێكردنی سیستمی به‌رگری موشه‌كی ئێس-400ی ڕووسی.
ڕویس ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، په‌رچه‌كرداری ئه‌مریكا له‌داهاتوویه‌كی نزیك به‌رامبه‌ر كارپێكردنی ئه‌و سیستمه له‌لایه‌ن توركیاوه كرداریی ده‌بێت، دیموكرات و كۆمارییه‌كان له كۆنگرێس له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ر ڕێكده‌كه‌ون.
ڕۆژنامه‌ی “هاندلسبلات”ی ئه‌ڵمانی پێیوایه ئه‌ردۆغان له‌ترسێكی گه‌وره و حه‌قیقی به‌رامبه‌ر دۆڕانی تره‌مپ و سه‌ركه‌وتنی بایدن ده‌ژی، چونكه بایدن به‌وشێوه‌یه ته‌ماشای توركیا ناكات كه هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕپێكراوی واشنتۆنه له‌نێو ڕێكخراوی ناتۆ.
شوكرو ئیلكداغ، دیبلۆماتكاری پێشووی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بایدن به مامۆستای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌سفده‌كات، هاوكات به بێهیواییه‌وه ته‌ماشای سه‌ركه‌وتنی بایدن ده‌كات و ده‌ڵێت، بایدن ببێته سه‌رۆك ئه‌وا یاسای “كاتسا” واتا دوژمنی ئه‌مریكا به‌سه‌ر توركیادا په‌یڕه‌وی ده‌كات و یاساكه خۆی له‌سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌بینێته‌وه.
ئیلكداغ له‌وه زیاتر ده‌ڕوات و پێیوایه ئه‌مریكای سه‌رده‌می بایدن دان به كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌نێت و له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازیش كڵاوه ئه‌تۆمیه‌كانی خۆی له بنكه‌ی سه‌ربازیی ئینچه‌رلیكی توركیا ده‌كشێنێته‌وه.
ئه‌و دیبلۆماتكاره توركه به‌م پێنج خاڵه ڕقی بایدن بۆ ئه‌ردۆغان ئاشكراده‌كات:
* ڕێككه‌وتنی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان بۆ هێرشه‌كانی توركیا له ڕۆژئاوای كوردستان به‌لای بایدنه‌وه “خیانه‌ت” بوو.
* بایدن ده‌ستوه‌ردانی توركیا له لیبیا و سوریا ڕه‌تده‌كاته‌وه
* به‌ته‌واوی پرسی كڕینی ئێس-400 له ڕووسیا ڕه‌تده‌كاته‌وه
* بایدن هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ ده‌رهێنانی غاز له‌ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕه‌تده‌كاته‌وه
* جۆ بایدن مه‌یلی به‌لای په‌راوێزخستنی توركیا هه‌یه و دژی فراوانخوازیی ئه‌نقه‌ره‌یه له‌ناوچه‌كه.
“ئه‌گه‌ر بایدن سه‌ركه‌وتوو بوو ئه‌وا ئه‌ردۆغان 72 ڕۆژی له‌به‌رده‌ستدایه وه‌ك دوا ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی نوێ بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان” ئه‌وه قسه‌ی دكتۆر سورۆ ڕیدكرۆنه، كه شاره‌زایه‌كی سیاسی ئه‌مریكی و ئاگاداری دۆسیه‌ی كورده.