پۆڵەتیك پرێس
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی پێكدادانەكانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ٣٠ كەس لە گروپە سوریەكانی سەر بە توركیا كوژراون و ٦٠ كەسی دیكەش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: حكومەتی توركیا ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارە سورییەكانی رەوانەی بەرەكانی جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان كردووە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ باسی لەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی ناوچەی روبەروبوونەوەكە گرد و تەپۆڵكەی زۆرە و لە ناوچە شاخاوییەكانی توركیا و ناوچە كوردییەكان و ریفی لازقییەی باكور دەچێت، وای كردووە توركیا چەكدارە سوریەكان رەوانەی ئەو ناوچەیە بكات چونكە ئەو چەكدارانە شارەزاییەكی باشیان لە روبەڕوبوونەوەكانی پێشویان وەرگرتووە.
دوای چەند ڕۆژێك بەردەوامی جەنگ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو ڕاپۆرتانەی پشتڕاست كردەوە كە باس لە ناردنی سەدان كەس لە گروپە سوریەكانی سەر بە توركیا دەكەن بۆ پشتگیری ئازەربایجان لە جەنگ و پێكدادانەكانی لەگەڵ ئەرمینیا.
ئەو بەرپرسە ئەمریكیە بە سكای نیوزی وتوە: ڕاپۆرت و زانیاری لەبارەی دەیان گەشتی ئاسمانی ی نێوان توركیا و ئازەربایجان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ گواستنەوەی سەدان چەكداری سوری سەر بە توركیا، ڕاست و دروستن.
لە ماوەی رابردوودا، لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان جەنگ روویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە و هەر وڵاتەو ئاماری جیاواز بڵاودەكەوە، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان رایگەیاندووە، تا ئێستا دوو هەزار و ٣٠٠ سەربازی سوپای ئەرمینیایان كوشتووە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەكانی ئەرمینیاش بڵاویانكردەووەتەوە، تا ئێستا ١٠٤ سەرباز و ٢٣ هاوڵاتی كوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ كەسیش برینداربوون.