ئەمریكا وادەی كشانەوەی تەواوەتی لە عێراق دیاریكرد

پۆڵەتیك پرێس:

پەیمانگای توێژینەوەی نێودەوڵەتی ئیتاڵی راپۆرتێكی لە بارەی پلانی كشانەوەی تەواوەتی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی 2023 بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەشی بەوەكردووە قەبارە و بەردەوامی هاوكاری وڵاتان لە پارێزگاری لە ئاسایش بۆ بەغدا دەكەوێتەسەر كاریگەرییەكانی لایەنی جیۆسیاسی هاوپەیمانی و ئۆپەراسیۆنەكانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی.

بەپێی راپۆرتەكە، چۆنێتی مامەڵەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لەگەڵ داواكارییەناوخۆییەكان و هاوسەنگی لە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و توانای بەدەستهێنانی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لە ماوەی ساڵێكی دەسەڵاتی پێش هەڵبژاردنی پێشوەخت، ماوەكە دیاری دەكات.

ترەمپ بڕیاری كشانەوەی داوە

لە كۆتایی مانگی ئاب لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی عێراقی- ئەمریكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە كازمی وتووە سەرجەم هێزەكان لە عێراق دەكشێنێتەوە لە 2023.

راپۆرتەكە رونیكردەوە، ئەمریكا پێشەنگی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە بۆ هاوكاری عێراق كە گەورەترین بەخشەرە لە بواری ئەمن و مرۆییدا، بۆیە كشانەوەی ئەمریكا رۆڵی گەورە دەبینێت لە چۆنێتی پلانی عێراقییەكان بۆ ساڵەكانی داهاتوو لەنێویدا داوای هاوكاری لە وڵاتانی تر.

پەیمانگا ئیتاڵییەكە دەڵێت: هەندێك وڵاتی نائەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوكاری دەكەن لە بواری ئەمنی.

وڵاتانی هەرێمی خەریكی بەهێزكردنی نفوزی خۆیانن

هەندێك شرۆڤەكاری نێوخۆیش وتویانە كە وڵاتانی خۆرئاوایی تەركیزیان لەسەر پشتیوانی حكومەتە، بەڵام وڵاتانی هەرێمی لەنێویاندا ئێران تەركیزیان لەسەر بەهێزكردنی لایەنە ناحكومییەكانە بە ئامانجی زیادكردنی نفوزی خۆیان و لاوازكردنی دەوڵەت.

راپۆرتەكە، ئاشكراشیدەكات، دانیمارك خۆی ساز دەكات بۆ وەرگرتنی ئەركەكانی پەیمانی ناتۆ لە بەرنامەی راهێنان لە عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا.

رەوشی ئەمنی عێراق خراپ بووە

راپۆرتێكی نا نهێنی دانیماركی لە 26ی ئایار دەرچووە، بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی ئەمنی عێراق و هەڕەشەكان تێیدا، باسی لەوەكردووە، رەوشی ئەمنی لە ماوەی چەند مانگی رابردوو خراپ بووە، گروپە چەكدارەكان هەڕەشەی سیاسی و سەربازییان بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆرئاوا و بوونیان لە وڵات دروستكردووە.

ئەمریكا متمانەی بە عێراق هەیە

ئەمریكا متمانەی خۆی نیشانداوە بە عێراق كە باشترین هەڵوێستی هەیە ئێستا لە پێشگرتن و رێگرتن لە دەركەوتنی گرووپە چەكدارەكان و دروستكردنی هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكە.

لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی لە عێراق لە هێرشێكی ئەمریكیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵدا، خواستەكانی كشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان زیاتربووە.

شیعەكانی عێراقی لایەنگری ئێران و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش سوربوون لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەڵام لە دوای هاتنە سەر كاری كازمی، بەغدا و واشنتن هەوڵی ڕێككەوتن دەدەن لەوبارەیەوە بەتایبەت لەسەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا