نامەیەکی کراوە بۆ یەکێتی تۆپی پێ

بەڕێزان ھەروەك لە میدیاکانی کوردستانەوە بیستمان کە یەکێتی تۆپی پێ ی کوردستان بڕیاریانداوە بە ڕەزامەندی ١٦ یانە خولی یانە پلە یانابەکانی کوردستان دەست پێ بکەنەوە لە مانگی داھاتوو بە شێوەی دوو کۆمەڵە بە بەشداری ٨ یانە لە ھەر کۆمەڵەیەك.

من وەك ئاگادارێك لە خولی کوردستان زۆر باش ئاگادارم کە پەرۆشییەکی زۆر ھەیە لە لایەن یانەکان و ھاندەران و ڕۆژنامەنووسان بۆ دەست پێ کردنەوەی خولی کوردستان بە تایبەتی خەم خۆری ھەندێك خۆشەویست بۆ ناھەمواری باری ئابووری یاریزانان بەو پێیەی یایزانانی کوردستان ھیچ سەرچاوەیەکی بژێوییان نییە بێجگە لە یاری کردن کە ئەمانیش بێ دەست پێ کردنەوەی خولەکان ھاوکاری ناکرێن لە یانەکانییانەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئایا دەست پێ کردنەوەی خولەکە لەم کاتەدا کە ھەموو جیھان و کوردستان بە دەست کۆرۆناوە ئەناڵێنێت لە بەرژەوەندی وەرزشی کوردستانە ؟!!

بە بۆچوونی تایبەتی من ئەم دەست پێ کردنەوەیە زیانی زۆرتر دەبێت وەك لە سوود گەیاندن بە وەرزشەوانان و ھاندەران لە بەر ئەوەی بە پێی بۆچوونی زۆربەی پرۆفیسۆر و شارەزایانی بواری نەخۆشییەکە لە جیھان ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ کەمتر کاریگەری ھەیە لە سەر گەنجە تەندروست و وەرزشکارەکان و ئەگەر تووشی نەخۆشییەکەش ببن کەمتر کار ئەکاتە سەریان، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەمان ئەبن بە ھۆکاری بڵاو بوونەوە و تووش بوونی کەسانی تر بە تایبەتی کەسە نزیکەکانیان وەك دایك و باوك و خوشك و برا و ھاوڕێ نزیکەکانیان کە ئەمەش زیاتر کارەسات دەخولقێنێت و ژیانی کەسە خۆشەویستەکانیان دەخەنە مەترسییەوە وکەس و کارو خۆشەویستەکانیان دەبن بەھۆی ھەڵگر و بڵاو بوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.

ڕەنگە کەسانێك بپرسن؟ ئەی ئەوە نی یە خولەکانی ئەوروپا و چامپیۆنس لیگ و یۆرۆ لیگ کەوتوونەتەوە گەڕ !!! بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕاستە، بەڵام لە خولەکانی ئەوروپا پێش ھەموو یارییەك و مەشق کردنێك یاریزانان تێستی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت کە ئەم تێستانەش ئەوانی نەپاراستووە ھەر بۆیە لە بەلجیکا ٤ یاریزانی کلوب بروگ و ٤ لە یاریزانانی ستاندار لێش و چەندین یاریزانی واسڵاند بێڤەر و چەندین کەسانی ئیداری لە یانەکان تووشی کۆرۆنا بوون کە ئەمانەش ڕێگایان پێ نادرێت بەشداری خولەکان بکەن، بەڵام ئایا لە کوردستان ئەو توانایە ھەیە بۆ تێست کردنی یاریزانان ھەموو ھەفتەیەك چەند جارێك لە مەشقەکانیان و پێش ھەموو یارییەك ؟!! ئەمەش وەڵامەکەی لای یانەکان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە.

ھیوای چاك بوونەوە بۆ ھەموو نەخۆشەکانی جیھان و کوردستان دەخوازم ئاواتەخوازم بە زووترین کات ئەم نەخۆشییە لە کۆڵ جیھان و کوردستان ببێتەوە و ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی جاران.

دانا محەمەد کەریم/ ناوبژیوانی تۆپی پێ لە وڵاتی بەلجیکا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا