پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
خوێندكارانی زانكۆ و ئامادەییەكانی عێراق هەستان بەدیاریكردنی رۆژێك لە ڕێی هاشتاگی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ درێژەدان بە شۆڕشی تشرین و بڕیارە لە رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە دووبارە خۆپیشاندانەكان دەستپێبكاتەوە.
هاشتاگی “#كراس_سپییەكان_گەڕانەوە” لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق، ئاماژەیە بۆ رێككەوتنێكی نوێی شۆڕش لەلایەن خوێندكارانی زانكۆ و ئامادەییەكان لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە دیاریكردنی رۆژی ٢٥ی تشرینی یەكەم بۆ درێژەدان بە شۆڕشی تشرین كە ئەم مانگە یەكەمین ساڵیادی لە عێراقدا كرایەوە.
شۆڕشی تشرینی گەنجان، كە لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی ناڕەزایەتی و ئازاری چەند ساڵەوە دروست بوو، یەكێك بوو لە بوێرانەترین و هاندەرانەترین جوڵانەوەی ناڕەزایەتی لەمێژووی عێراق، بەتایبەت لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی تێكشكاندنی ئەو ترسانەی لەلایەن دامەزراوەی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانەوە لە وڵاتەكەدا دروست بوو.
شۆڕشی تشرینی گەنجان، لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی ناڕەزایەتی و ئازاری چەند ساڵەوە دروست بوو
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی ئەلعەرەب، گەنجان لە عێراق ٪٦٠ی ژمارەی دانیشتووان پێكدەهێنن، كە دەكاتە ٤٠ ملیۆن كەس، بەپێی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتی ٪٢٥ی ئەو رێژەیە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن.
“كراس سپییەكان”و تەواوی خۆپیشاندەرانی عێراق پابەندبوون بە هێمنی خۆپیشاندانەكانیان سەرباری ئەو كوشتار و رفاندنەی میلیشیاكان دژیان ئەنجامیان دەدا، ئەم كراس سپیانە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروشمی “نە سیاسەت نە حیزبەكان بوڵكو تەنیا شۆڕشی خوێندكاران”یان نوسی.
یەكێك لە كراس سپییەكان لە تویتەری خۆی نوسیویەتی: شەپۆل و لافاوی تشرینی داهاتوو دەبێتە هۆی نقومكردنی حیزبە سیاسییە گەندەڵەكان، شۆڕش هەلی كۆتاییە بۆ بەدەستهێنانەوەی نیشتمان، ئێمە دەڕۆین و بە ئاشتی ئاڵای عێراق و وێنەی شەهیدان بەرز دەكەینەوە.
لەلایەكی دیكەوە، عێراقییەكان هیوا دەخوازن شۆڕشی خوێندكاران كپ نەكرێت.
ساڵی رابردوو، كراس سپییەكان چوونە پاڵ خۆپیشاندانی جەماوەری دژ بە حكومەت، لەو كاتەدا حكومەت پێشبینی ئەوەی نەدەكرد خوێندكاران بەو بەرفراوانییە بەشداری خۆپیشاندانەكان بكەن، هەر ئەوەش بوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هاندا هۆشداری لەبارەی ئەو چینەوە بدات.
شەپۆل و لافاوی تشرینی داهاتوو دەبێتە هۆی نقومكردنی حیزبە سیاسییە گەندەڵەكان
وا چاوەڕوان دەكرێت بەشداری ئەمجارەی كراس سپییەكان كاراتر بێت و رێژەی خوێندكاران زۆرینەی خۆپیشاندەران پێكبهێنن بەتایبەت دوای سەركەوتنیان لە رێكخستنی خۆپیشاندانەكان ئەو دروشم و هەڵوێستە قایلكەرانەیەی كە هەیانە، هاوكات ئەو پاڵپشتییە مەعنەویە گەورەیەی پێشكەشی خۆپیشاندەرانی دەكەن.
پێشتریش، سووربوونی خوێندكارانی بەغدا و تەواوی پارێزگاكانی دیكە، شكستی بە میلیشیاكانی سەر بە ئێران هێنا لە هەوڵەكانیان بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندەران.
ئەمساڵ لە ساڵرۆژی خۆپیشاندانەكانی تشرین یەكێتی خوێندكارانی بەغدا بەیاننامەیەكی لەژێر ناوی “رێگای گەڕانەوە” بڵاوكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئەوە هاتووە، خوێندكاران دووبارە گەڕانەوە و خوێنی شەهیدانیان لە مل گرتووە، هاوكات، وەسێتی خێزانی شەهیدان و ئازار و هاواری دایك و ژن و گریانی منداڵی شەهیدانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، لە بەیاننامەكەدا جەخت لە چوار داواكاری خوێندكاران كراوەتەوە لە دیارترینیان، لێپرسینەوەی سەرۆكە گەندەڵەكان و سەرچاوەی سامانەكانیان و كاراكردنی یاسای حزبەكان و لێپرسینەوە لە بكوژی خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەوانەشدا داوا دەكەن چەك بگەڕێتەوە دەستی دەوڵەت و هەوڵ بدرێت بۆ بەهێزكردنی متمانە لە ریزی هێزە ئەمنیەكان و نەهێشتنی میلیشیاكان.
یەكێكی دیكە لە تویتكەرە كراس سپییەكان دەڵێت: كۆڵەكەی شۆڕش دەگەڕێتەوە تا دووبارە دڵسۆزی بۆ نیشتیمان بسەلمێنێت، ئێمە پشتیوانی شۆڕش دەكەین وەك ئەوەی پەیمانمان دابوو.
كۆڵەكەی شۆڕش دەگەڕێتەوە تا دووبارە دڵسۆزی بۆ نیشتیمان بسەلمێنێت
لە تویتێكی دیكەدا هاتووە، خوێندكاران نەوەی داهاتوون، چوونی ئەوان بۆ گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و داواكردنی داواكردنی مافەكانیان و گرەنتیكردنی داهاتوویان، نەوەیەكی بەهێزیان لێدروست دەكات كە لە ئاست مافەكانیدا بێدەنگ نابێت.
هەروەها یەكێكی دیكە لە خوێندكاران نوسیویەتی، ئەمڕۆ گەورەترین بەربەستی بەردەم خوێندكارانی زانكۆ و ئامادەییەكان كە ماوەی ٥٠ ساڵە بوونی هەیە رووخاوە، كۆتا خۆپیشاندانی خوێندكاران دژی سیستمی حكومڕان لە عێراق ساڵی ١٩٦٧ بوو ئەوە بوو دواتر بزوتنەوەكە دەستی بەسەردا گیرا و كۆتایی پێهێنرا، ئەمڕۆ خۆپیشاندانی زانكۆكان تەنیا ئەم حكومەتە ناگۆڕێت بەڵكو دەبێتەهۆی گەڕاندنەوەی ژیانی سیاسی بۆ كاروباری خوێندكاران.
حكومەتی عێراق هەڵمەتێكی توندی دژی چالاكوانانی یەكێتی گشتی خوێندكاران دەستپێكرد
یەكەمین رێكخراوی خوێندكاران لە ١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ لەژێر ناوی یەكێتی گشتی خوێندكارانی عێراق پێكهێنرا، هەر ئەم یەكێتییە بوو بزوتنەوەی خوێندكارانی رێكدەخست، دواتر و لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ ناوی ئەم رێكخراوە گۆڕا بۆ یەكێتی گشتی خوێندكاران لە كۆماری عێراق.
لە ساڵی ١٩٦٧، حكومەتی عێراق هەڵمەتێكی توندی دژی چالاكوانانی یەكێتی گشتی خوێندكاران دەستپێكرد لەدوای ئەوەی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنی خوێندكارانیان بەدەستهێنا بەڕێژەی ٪٨٠ی كۆی دەنگەكان پاشان ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە رەت كرایەوە.
عێراقییەكان لە شۆڕشەكەیاندا دەرفەتێك بۆ زیندوكردنەوەی بزوتنەوەی خوێندكارانی عێراق دەبینن، هەمیشە بزوتنەوەی خوێندكاران رۆڵی گرنگی هەبووە لە جوڵاندنی ئاوە جێگیرەكان لە سەرتاسەری جیهان و لە هەموو دەوڵەتێكدا خوێندكاران كاتێك خۆپیشاندان دەكەن كە وڵاتەكەیان لە لێواری رووخاندایە.