کازمی پرسی حەشدی شەعبی دەباتە واشنتۆن

پۆڵەتیک پرێس_

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە 19ی ئەم مانگە لە واشنتۆن چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، ئەمریکا بۆ دۆسیەی ئێران بانگهێشتی کردووە و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیش ئەمڕۆ لە بەغداد بوو.

بە وتەی گابریال سومای ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، دیدارەكەی كازمی گفتوگۆی پرسی دەستوەردانەكانی ئێران لە عێراق لە خۆدەگرێت، بە تایبەتیش پرسی ڕفاندن و تیرۆركردنەكان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ڕووداوی تیرۆركردنی هیشام هاشمی شارەزای ئەمنی.

هەر بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی راوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا، ئەركە سەرەكییەكەی سەردانەكەی كازمی بۆ واشنتۆن برەودانە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە سەرجەم بوارەكانی ئابوری و وزە و چاودێری تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پێش سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عیراقیش بۆ ئەمریكا، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2020 ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران گەیشتە بەغدا و چاوی بە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كەوتووە.

ئەم جموجوڵەی قائانی لە عیراق پێش سەردانەكەی مستەفا كازمی دێت بۆ ئەمریكا كە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕیێبكەوێت و ڕۆژی چوارشەممەش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان كۆبێتەوە.

مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری عێراق و وەزیری نەوت و كارەبا و پلاندان و كۆچبەرانی عێراق و هاوکات هەریەک لە فەوزی هەریری و ئامانج رەحیم و چەند بەرپرسێکی دیکە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان هاوتای شاندەکەی عێراق دەچنە واشنتن.

بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە كاتژمێر 1:00ی بەیانی بەكاتی بەغداد و 6:00ی ئێوارە بگەنە فڕۆكەخانە سەربازی ئەندروا لە نزیك واشنتن و بە مەراسیمێكی سەربازی پیشوازی لە كازمی و وەفدی یاوەری دەكرێت و دواتر كازمی و وەفدەكە بەڕێدەكەون بۆ هۆتێلی ویلارد لە واشنتن.

هاوکات رۆژی، ڕۆژی 19-8-2020 دانوستاندنی ستراتیژی عێراق و ئەمەریكا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و مایک پۆمپیۆ وەزیرانی دەرەوەیی هەردوو وڵات بەڕێوەبچێت، و كازمی-ش لە شوێنی مانەوەی لەگەڵ سەرمایەدارە عێراقی و ئەمەریكی و ژووری بازرگانییەكان و ژمارەیەك كەسایەتی عیراقی و ئەمەریكیدا كۆدەبێتەوە.

بۆ دیداری هەردوولا، كاتژمێر 6:00ی بەیانی سێشەممە بەكاتی واشنتن لە هۆتێل ویلارد پشكنینی كرۆنا PCR بۆ مستەفا كازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەكرێت و كاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بەكاتی واشنتن و8:00 بەكاتی بەغداد دۆناڵد ترەمپ و مستەفا كازمی كۆدەبنەوە.

گفتوگۆكانی پەیوەست بە ڕێكەوتنی ستراتیژی و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پرۆتۆكۆڵییە، چونكە ئەمەریكا خۆی بڕیاریداوە هێزەكانی كەمبكاتەوە و ڕێكەوتنی كۆتای دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەمەریكا و ترەمپ ئەم سەردانە وەك شۆیەك بەكاردەهێنێت لە پەیوەست بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و دروستكردنی عێراقێكی بەهێز.

ئەوەی لەم سەردانەدا بۆ ئەمەریكا گرنگە، چەككردنی حەشد و لەقاڵبدانی دەسەڵاتی ئێران و هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دوورخستنەوەی حەشدە ئێرانیەكان لەپەرلەمان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا