عێراق و فەڕەنسا واژۆیان لەسەر سێ یاداشت کرد

پۆڵەتیک پرێس

عێراق واژۆ لەسەر سێ یاداشت لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و پەروەردە لەگەڵ فەڕەنسا دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی و جان کاستکس سەرۆکی حکومەتی فەڕەنسا واژۆیان لەسەر سێ یاداشت لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و پەروەردە کردووە.

هاوکات، وەزیری کشتوکاڵی عێراق و وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی فەڕەنسا واژۆیان لەسەر بڕیاری پتەوکردنی دامەزراوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە کە بەشێک لەو پڕۆسەیە پەیوەندی دەبێت بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی کشتوکاڵی و راهێنانی کشتوکاڵی و پزیشکی ئاژەڵی و پەروەردە و تەندروستیی رووەکی و لێکۆڵینەوە کستوکاڵییەکان.

هەر لەو یاداشتانەدا هاتووە، هاندانی هاوبەشە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان لە بواری خۆراک و پیشەسازی کشتوکاڵی و گەشەپێدانی سەرچاوەکانی زەوی و زار و ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێکی دیکەی ئامانجی یاداشەتەکەیە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق یاداشتێکی لەگەڵ هاوتا فەڕەنسیەکەی واژۆ کرد لەبارەی دامەزراندنی شەمەندەفەری راگیراو لە بەغدای پایتەختی عێراق.

لە بڵاوکراوەکەی نوسینگەی کازمی ئەوەش هاتووە، واژۆ لەسەر یاداشتێک لە بواری پەروەردە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و فێرکردنی فەڕەنسا کراوە لەبارەی پتەوکردنی هەماهەنگی لە بواری خوێندن لەنێوان هەردوو وڵات و بەرفراوان کردنی هەلی وەرگرتنی خوێندکارانی عێراق لە زانکۆ فەڕەنسییەکان.

ئێوارەی دوێنێ ١٨ی تشرینی یەکەم، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی چوار رۆژی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و وا بڕیارە سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا بکات.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا