عێراق چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
زۆرێك لەوڵاتان لەم چەند رۆژەی داهاتوو، چاویان لەسەر گۆڕانكارییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەمریكا دەبێت، بەو پێیەی لەمانگی داهاتوو لەو وڵاتە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرێوەدەچێت.

وەك زۆرێك لەوڵاتانی جیهان، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی، كە بەوردییەوە چاودێری ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی دەكات، بەو پێیەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ‌و ئەمنی‌و ئابووری عێراق دەبێت.

وەك زۆرێك لەوڵاتانی جیهان، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی، كە بەوردییەوە چاودێری ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و ئەنجامەكانی دەكات

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە سێی مانگی 11 ئەنجامدەدرێت‌و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئێستا ، كاندیدی كۆمارییەكانە، لەبەرانبەر ئەویشدا، كاندیدی بەهێزی دیموكراتەكان جۆ بایدن هەیە، دەرچوونی هەر یەكێك لەو كاندیدانە، رەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی وڵاتەكە دەبێت.

هەردوو حیزب بەوە ناسراون، كە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر هەردوو فایلی دەرەكی و ناوەكی‌و ئەوەی بەلای عێراقییەكانەوە گرنگە بێگومان سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆنەو ئەو پرسیارەش گرنگە وەڵامبدرێتەوە، كە ئایا عێراق لە چوار ساڵی داهاتوودا دەبێتە ئەولەویەتی كاری ئەمریكا یان نا؟

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمساڵی ئەمریكا لەنێوان مشتومڕی زیاتر لەسەر چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەبێت، كە هەوڵی هێزە سیاسییەكانی عێراقی بەتایبەت ئەوانەی لەئێرانەوە نزیكن، بۆ ئەوەیە ئەو هێزانە لەسەر خاكی وڵاتەكەیان دووربخەنەوە.

ئەم دۆسییەیە یەكێكە لەو دۆسییانەی چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریكا دەكات، بەوەی كام سەرۆك دەردەچێت‌و بۆچوونی لەسەر ئەوە چ دەبێت، كە پێشتر دۆناڵد ترامپ چەندین جار جەختی لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووەتەوە، بەڵام لەكاتی گونجادا.

پێشتر دۆناڵد ترامپ چەندین جار جەختی لەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كردووەتەوە

لەبەرانبەردا جۆ بایدن، تائێستا سیاسەتێكی روونی نییەو چاودێرانیش دەڵێن: ئەمریكا بەوە ناسراوە كە دەوڵەتی دامەزراوەییە و مەرج نییە سیاسەتەكانی دەرەوەی بە هاتنی كەسێك، یان كاندیدێكی دیكە بۆ كۆشكی سپی بگۆڕێت، بەڵام هەندێكی تر هێشتا لەو بڕوایەدان، كە ڕەنگە هەندێك دۆسییە لەهەندێك كاتدا بابەتی ڕوانگەی سەرۆك كۆمار بگۆڕێت.

هەروەها لەبارەی هاتنی ترامپ یان بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا سێ دۆسییەی گرنگ هەیە بۆ عێراق، كە دەكرێت سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا كاریگەری لەسەر هەبێت، یەكەمیان وەك باسكرا بوونی سەربازی ئەمریكا لەعێراق، دووەم سەبارەت بە رێكخراوی داعش، فایلی سێیەم و كۆتایی، كە ڕەنگە گرنگترینیان بێت ململانێی ئەمریكا و ئێرانە لەناوچەكە.

هەر بەقسەی چاودێران فایلی كشانەوەی ئەمریكا بەستراوەتەوە بەدوو دۆسێكەی تری پەیوەست بەعێراقەوە، چونكە دەكرێت كشانەوەی ئەمریكا بەهێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لاواز بكات، بەم شێوەیەش ئەگەری لەدەستدانی تەوژمی سەركەوتنەكان لەدژی داعش لەناوچەكەدا زیاتر بكات.

فایلی كشانەوەی ئەمریكا بەستراوەتەوە بەدوو دۆسێكەی تری پەیوەست بەعێراقەوە

لە عێراق سێ هەزار سەربازی ئەمریكا هەن‌و گفتوگۆش لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا بۆ ڕێكخستنی ئەو پرسە هەیە، كە پەرلەمانی عێراق لەمانگی كانونی دووەم بڕیاریدا ئەو هێزانە لەسەر خاكی عێراق بكشێنەوەو داوای لەحكومەت كرد خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دیاری بكات.

پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارەی لەسەردەمی كابینەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەركرد، بەڵام پاش هاتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، دۆخەكە گۆڕاوەو بڕیارەكەش تائێستا جێبەجێنەكراوەو رەنگە كازمی دژی بڕیارەكەش بوەستێتەوە.

پاش هاتنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، دۆخەكە گۆڕاوە

لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك لەچاودێران چارەنووسی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بە چۆنییەتی مامەڵەكردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا لەگەڵ پرسی ئێراندا لەعێراق دەبەستنەوە، كە سەركەوتنی ترامپ بەو واتایە دێت، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتی فشارێكی توند دژی ئێران.

هەروەها پێشبینی ئەوەش دەكەن، ترامپ لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا فشاری زیاتر دەخاتە سەر سیاسەتمەدارانی عێراق بۆ ئەوەی بە ڕوونی هەڵبژاردنی خۆیان بكەن، جا چ لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریكا دەبن یان ئێران.

بەڵام لەبەرانبەر ترامپدا پێشبنییەكان بۆ ئەوەیە، بایدن لەم ناوچەیە بەتەواوی جیاواز دەبێت لەگەڵ ترامپ، چونكە بژاردەی دیپلۆماسی پێباشە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، هەروەها ڕەنگە پاڵ بە پڕۆژە كۆنەكەی خۆی بنێت بۆ ئەوەی عێراق بكات بە سێ ناوچەی فیدراڵی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا