پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سیاسەتمەدارێكی كورد پێی وایە دۆخی ئێستای عێراق نە قابیلی ریفۆرمە، نە هەل و مەرجی شۆڕش و گۆڕانكاریشی تێدایە هەربۆیە دۆخەكە لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردا كراوەیە رەنگە شەربكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ.
بۆیە سەردەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ و لەم كاتەشدا بارودۆخی عێراق لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردا كراوەیە.
ئەبوبەكر عەلی، نووسەر و سیاسەتمەدار لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ماڵپەڕی پۆڵەتیك پرێس لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی بارودۆخی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە رایگەیاند: ئەوەی ئێستا دەیبینین رووخانی عێراقی نوێیە كە گوایە لەدوای 2003 و رووخانی رژێمی پێشووەوە دەستی پێكردووە، دووبارە بیناكردنەوەی عێراقێكە لەسەر پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نوێ كە مانا بۆ دەوڵەت و یاسا و دام و دەزگاكان بگەڕێتەوە و چوارچێوەیەكی هاوبەشی ژیانكردن لە عێراقدا بێتە كایەوە كە جیاوازبێت لەوەی رابردوو، كۆمەڵێك پرس لێرەدا تێكەڵاودەبن، پرسی شەقامی ناڕازی پرسی پارتە سیاسییە گەندەڵەكان پرسی دەستتێوەردانی دەرەكی وە پرسی ئەو كەسانەی لە عێراقدا دەیانەوێت دۆخێكی نوێ بێتەكایەوە و دووبارە دەوڵەتی عێراق بینابكەنەوە، ئەوەی دەگوزەرێ لە عێراقدا ململانێیە لەنێوان دەوڵەت و نا دەوڵەت.
ئەبوبەكر عەلی وتی: خەڵكانێك دەیانەوێت بینای دەوڵەتی عێراقی بكەنەوە نەك بە مانا مەدەنییە ئەخلاقییە فەلسەفییەكەی بەڵكو بەو مانایەی دەسەڵاتێكی ناوەندی لە عێراقدا دروست ببێت و هەیبەت بۆ دەوڵەتی عێراقی بگەڕێتەوە و چەك لە دەرەوەی دەوڵەت نەبێت دەوڵەت مۆنۆپۆلی بەكارهێنانی زەبر و زەنگ بكات و میلیشاكان هەڵبوەشێنەوە و عێراقێكی بەهێز دروست ببێتەوە كە بتوانێت سەروەری ناوخۆیی و دەرەكی بپارێزێت، لە پاڵ ئەوەدا هێزێك هەیە كە زیاتر لە حەشدی شەعبیدا بەرجەستە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی كە لەسەروو دەوڵەتەوە بیردەكەنەوە و خۆیان بەنوێنەری ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و ململانێیەكی ناوچەیی گەورەتر لە عێراق دەزانن.
وتیشی: لە رابردوودا تێگەشتنم بۆ عێراق وابووە كە ئەم وڵاتە لە دۆخێكی هێجگار ناهەمواردایە، نە قابیلی ریفۆرمە، نە هەل و مەرجی شۆڕش و گۆڕانكاریشی تێدایە بۆیە سەردەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، هەربۆیە دۆخەكە لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردا كراوەیە.