حەشدی شەعبی پەیامێكی بەهێز بۆ كازمی دەنێرێت

پۆڵەتیك پرێس:
هێرشی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بۆ سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا و سوتاندنی، پەیامی راستەوخۆ بوو بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەوڵیدا كاریگەری میلیشیاكان لەدڵی پایتەخت دا سنوردار بكات.

سەدان كەس لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی رۆژی شەممە 17ی ئۆكتۆبەر هێرشیان كردە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداو سوتاندیان، ئەوەش لەكاردانەوەی قسەكانی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتەكە، كە لەبەرانبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كردبووی.

سەرەڕای رێگری هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندەران ئاگریان لەبارەگاكە بەرداو بەتەواوی سوتاندیان

هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایە سەر بارەگای پارتی دیموكرات، لەناوەڕاستی بەغدا، كە سەرەڕای رێگری هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندەران ئاگریان لەبارەگاكە بەرداو بەتەواوی سوتاندیان.

لەنێوان دووكەڵی ڕەشی سوتانی بارەگاكەی پارتی، خۆپیشاندەران ئاڵای حەشدی شەعبی‌و جەنراڵی ئێرانی قاسم سلێمانی و جێگری پێشووی فەرماندەی گشتی حەشد ئەبو مەهدی مووهەندیس-یان بەرزكربووەوە، كە ئەو دوو كەسایەتییە لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن ئەمریكاوە كوژران.

هەروەها خۆپیشاندەران ئاڵای كوردستان-یان سوتاند، وێنەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراقیان خشتە ژێر پێیان‌و سوكایەتییان پێكرد.

خۆپیشاندەران ئاڵای حەشدی شەعبی‌و جەنراڵی ئێرانی قاسم سلێمانی و جێگری پێشووی فەرماندەی گشتی حەشد ئەبو مەهدی مووهەندیس-یان بەرزكربووەوە

چەند رۆژێكە پێشبینی ئەوە دەكرێت، میلیشیاكانی حەشد، بەتایبەتی ئەوانەی نزیكن لەئێران، ئەو هەڵوێستە دەنوێنن، ئەوەش لەكاردانەوەی قسەكانی زێباری، كە داوای لەكازمی كردبوو، هێزەكانی حەشد لەشاری بەغدا بكاتە دەرەوەو ئەو هێزانەشی بە “دەرچوو لەیاسا” وەسف كردبوو.

لەو بارەوە چاودێرە سیاسییەكان، هۆشداری دەدەن، لەوەی ئەو گرژییانە سەر بكێشێت، بۆ شەڕی تایفی لەناوچەكە، وەك ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوو لەنێوان سوننەو شیعە لەچەند شارێكی بەغدا روویدا.

چاودێرە سیاسییەكان، هۆشداری دەدەن، لەوەی ئەو گرژییانە سەر بكێشێت، بۆ شەڕی تایفی لەناوچەكە

هەروەها چاودێران باس لەوە دەكەن، كە میلیشیاكان دەیانەوێت وای نیشان بدەن، ئەوان یاریكەری سەرەكین لە عێراقدا و ناكرێت هیچ ڕێكخستنێك بەبێ ڕاوێژ و بەشداری و خوێندنەوەی بەرژەوەندی ئێران بڕیاری لێبدرێت.

هەروەها چاودێران دەڵێن: پەلاماردانی بارەگایەكی لایەنێكی كوردی بەڕوونی پەیامێك بوو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بەم دوایانە بەدوای سنوورداركردنی كاریگەری ئەو میلیشیایانەوەیە، بەتایبەتی جڵەوكردنیان لەڕووی ئەمنییەوە، هەروەها بەدوای جوڵاندنی فایلی گەندەڵی سەركردەكانیانە،.

پەلاماردانی بارەگایەكی لایەنێكی كوردی بەڕوونی پەیامێك بوو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق

چاودێران پێشبینی دەكەن هێزە میلیشیاكان بەردەوام بن لەهەوڵدان بۆ زیاتركردنی تایفەگەری دژی كوردو سوننە لەچەند مانگی داهاتوودا، بەتایبەتی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە حوزەیرانی 2020 بەرێوەبچێت، بەو هیوایەی سەركەوتووبن لەكۆكردنەوەی شەقامی شیعی لەبەرژەوەندی خۆیان، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوە.

لەكاردانەوەی هێرشەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئیدانەی سوتاندنی بارەگای پارتی كرد لەبەغدا رایگەیاند، ئەو گروپە لادەرانە جگە لەبارەگای پارتی، ئاڵای كوردستانیشیان سووتاندووە.

هاوكات مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران رایگەیاند، رێگەنادەن عێراق بگەڕێـتەوە بۆ سەردەمی شەڕی تایفی‌و بەدەستی پۆڵاین رووبەڕووی هەر كەسێك دەبنەوە، كە بیەوێت عێراق بەرەو گرژی بەرێت.

لەلایەكی تریش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئیدانەی هێرشەكەی كردو وتی: ئێمە ئەو هێرشە ترسنۆكانە بە توندی شەرمەزار دەكەین، ئەو هێرشانە لەئاستی كورد و بەها باڵاكانی خەڵكی كوردستان كەم ناكات.

مەسعود بارزانی وتیشی: پێشبینی دەكەین حكومەتی فیدراڵی لە دژی ئەو هێرشە رێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر.

دوو هەفتە لەمەوبەر زێباری داوای لەحكومەتی عێراق كرد، كە “ناوچەی سەوزی بەغدا لەبوونی میلیشیای سەربازی سەر بەحەشد پاكبكەنەوە”و حەشدی شەعبیشی بە “هێزێكی لادەری یاسایی” وەسفكرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا