تەنیا بارزانی دەیزانی ریفراندۆم چ نیعمەتێكە

جگە لە بارزانی هیچ كەس بە كەسی یەكەمی حزبەكانیشەوە نەیانزانی لە ریفراندۆمدا (بەڵێ) بۆچی دەكەن؟ كەمینەیەكمان نەبێ زۆرینە كە دوای بارزانی كەوتن نەیان دەزانی بەو ریفراندۆمە دەگەن بەچی؟ خۆیان دایە دەست سۆزی نەتەوەیی و فریوی بارزانی.

ئەو پێی وتن یان سەردەگرێ یان سەری من! هچیان روی نەدا؛ سۆزی خەڵك بو بە فرمێسك بۆ شەهیدانی كەركوك و سەری بارزانیش رۆیشتە بەغداد بۆ وەدەستهێنانی پۆستی وەزاری.

بارزانی دەیزانی ریفراندۆم لە ئاستی هەرێمایەتی و ناوخۆی هەرێم و عێراق و ناوچە جێناكۆكەكانیش دەبێتە چ نیعمەتێك بۆ خۆی و حزبەكەی و چ نەگبەتیەكیش بۆ هەرێم، لە بەغدا و لە هەرێم بە هەر جۆرێك بو كورسیەكانی خۆیانی زیاد كرد، بۆ پۆستی وەزارەتێكیش لەو عێراقەی تەڵاقی ئەدا شەڕ و تەنازول نەما نەیكا.

بارزانی دەیزانی حیكایەتی شاخ كۆن بوە و دەبێ بە چیرۆكێكی نوێ شەرعیەتی خۆی نوێ بكاتەوە حزبەكان لە سەروی هەمویانەوە یەكێتی و بەتایبەتیش (پرۆ پارتیەكانی ئەوسای ناو ئەو حزبە) بەو حزب و كەسانەشەوە كە رۆژی ریفراندۆم بە (بەڵێ) ریكلامیان بۆ كرد ، تاپۆی ریفراندۆمیان خستە گیرفانی بارزانییەوە و ئەویش بە ئارەزوی خۆی و لە هەمو جێگەیەك بەكاری دەهێنێ، بە جۆرێك ئەگەر هەن بەشەرعیەتی كۆنی شاخ دەنازن، بارزانی ئێستا شەرعیەتی نوێی ریفراندۆمیشی لەسەر حسابی خزمەتی بەلاشی ئەوان هەیە.

بارزانی دەیزانی بە ریفراندۆم گەورەترین مەترسی دەكەوێتە سەر ناوچە جێناكۆكەكان لەو روەوە ئەمریكیەكان زۆر بەرونی و راشكاوی نەك هەر بارزانی یەكێتی و گۆڕان و هەمو لایەكیان ئاگادار كردەوە بەلام بە ئەنقەست لەو ناوچانە ریفراندۆمی كرد تا بەو جۆرەی لە ۱٦ ئۆكتۆبەر رویدا خەمی كەركوك و ئەو ناوچانەی بە شەنگالیشەوە لە كۆڵ بێتەوە.

بۆ ئێمەومانان كە هەر لە لەحزەی یەكەمی ئیعلانی ریفراندۆمەوە راگرتنیمان بە ئەركێكی نیشتیمانی زانی و لە بەرامبەردا گوێمان لێنەگیرا و دژایەتیی كراین لە ساڵیادیدا هەر ئەوەندە دەڵێین؛ خەلك بە گشتی ئەوانەی كەوتنە دوای سۆزی نەتەوەیی و فریوی میدیای نەوتی و وتارەكانی بارزانی زۆر لێیان ناگیرێ، بەڵام ئەو سیاسی و بریار بەدەستانەی بێ ئەوەی بزانن (بەڵێ) بۆچی دەكەن بونە بەیدەقی دەستی بارزانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ریفراندۆمە كە بەتەواوی پێگەی هەرێمی لاوازكرد و ناوچە جێناكۆكەكانی بەمرۆژە گەیاند كەمترین ئەركی ئەخلاقیی و سیاسیی ئێستایان ئەوەیە داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان، لە مێژو، لە هەرێم، لە كەركوك، لە شەنگال و كەس و كاری شەهیدان بكەن.

هۆشیار عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا